خبر 2020-11-22 10:38 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:

گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: " پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە: "مامۆستایێکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندوونەناس شایستەی ئەوە نییە بەساویلکە بزانرێت و بە دوو ژاوە ژاوی سیاسی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییێکی پەرلەمانی، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردووەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە. "

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژووی پەرلەمانتاری وای تیایە کە بە رەچەڵەک کوردە و پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە کەچی بەرژەوەندییەکانی ئەوەنە زاڵبوونەتە سەری فەرمان لە ئەنارشیزمەکانی بەغدا وەردەگرێت، بە راستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین."

لیزا فەلەکدین لە درێژەی نووسینەکەیدا باسی لەوەکردووە: "هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا لە هەوڵێکی جدیدان کە بگەنە میساقێکی سیاسی و ئابووری تاوەکوو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن، بێگومان ئەمەش هەندێک لایەنی بەتەواوی پەست و قەڵس کردووە و بە پیلانرێژی و بەرنامە جۆراجۆر دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن."

پەرلەماننتارەکەی پارتی جەختی کردووەتەوە: "حکوومەتی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دڵنیابن ئەو پرۆژەیە تا بەردەگای هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەچێت، بەڵام ناچێتە ژوورە. "

لە کۆتایی نووسینەکەیدا لیزا فەلەکەدین ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەم پرۆژەیە چاکتر وایە سەرقاڵی پرسی گرنگتر بن کە واقعی بێت و ئەنجامی هەبێت و لە بەرژەوەندی کوردستانیان بێت، بۆ نموونە پرسی هەمواری دەستوور و هەوڵی شۆڤینییەکان بۆ لابردن و نەهێشتنی ماددەی 140، پێویستە دەستوبردێک بکەن و چۆن توانیان 117 واژووی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پرۆژەیێکی خەیاڵاوی کۆبکەنەوە ئاواش لۆبی بۆ ئەم پرسەش دروست بکەن."

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.