پارێزەرانی دهستگیرکراوانی لالهزار داوای کۆتایی هاتنی دەستوەردانی حیزبی لە دۆسیەکەدا دەکەن
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارێزەرانی دهستگیرکراوانی لالهزار له کۆنگرهیهکی رۆژنامهوانیدا لهبهردهم دادگای سلێمانی، رایانگهیاند: "کارەساتی لالەزار کارەساتێکە کە نزیکەی ساڵێک زیاترە بە گەردنی سلێمانییەوە ماوەتەوە، ئەو ئازارە ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەناڵەکان باس دەکرێت، جێگای داخە کە دادگا بوەتە شوێنی یەکلاکردنەوەی تەسفییەی حزبهکان، بۆیە ئێمە ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییە دەکەین لەسەر کۆی پڕۆسەی دادگاییکردنی هاوڕێکانمان کە راگیراون لە زیندانەکانی جینایەتی2".
دواتر یهکێک له پارێزهران له کۆنگرهکهدا بهیانامهیهکی خوێندنهوه و ئاڕاستهی رای گشتی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، نێردە و نوێنەرایەتییە دیپلۆمات و نێودەوڵەتییەکان، کونسوڵخانەی بریتانیا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چاودێرانی یاسایی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کرد.
له بهیاننامهکهدا هاتووه، "سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بنەمای هەر کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و پارێزەری کەرامەتی هاوڵاتیانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە دۆسیەی ڕاگیراوانی لالەزار و لەناو هۆڵی دادگاکاندا گوزەرا، تەنها پێشێلکاری دەقە یاساییەکان و ڕێکارەکانی نییە، بەڵکو وێناکردنی تاڵ و دژوارە بۆ ئەوەی چۆن هەژمونی حزبی و هێزی چەکدار هەوڵی پەکخستنی عەدالەت و کپکردنی دەنگی حەق دەدەن".
ئاماژهی بهوهشکرد، کاتێک دادگا لە شوێنی پاراستنی مافەکان و هێنانەدی دادپەروەری دەبێتە گۆڕەپانی جێبەجێکردنی خواست و فەرمانەکانی حزب، ئەوکاتە مەترسییەکە تەنها لەسەر چەند تۆمەتبارێک نییە، بەڵکوو لەسەر متمانەی گشتی و داهاتووی هەر تاکێکە لەم کۆمەڵگەیەدا.
له بهیاننامهکهدا هاتووه، "بەپێی یاسا مافی تانەدان و داواکاری گواستنەوەی هەر داوایەک لە ڕێگەی دادگای تەمیزەوە مافێکی سەرەتایی هەرتۆمەتبار و پارێزەرێکی بەرگریکارە، بەڵام لەم دۆسیەیەدا ئەم مافە بە ئاشکرا و بێشەرمانە زەوتکراوە، چونکە وێڕای نەبوونی بەڵگە و نەبوونی تاوان و سەپاندنی سزای ناڕەوا و پاش پێشکەشکردنی تانەی تەمیزی لەو بڕیارە ستەمکارانەیە لە ڕێکەوتی 8ی 11ی 2026دا، هێشتا دۆسیەی داواکە بۆ دادگای تەمیز نەنێردراوە بە هۆکاری ڕێگریکردن و دەستوەردان و پەکخستنی ڕێکارەکان بە دەستی سەرانی حزب".
ئهوهش هاتووه، سەرەڕای ئەوەی سێ لە حوکمدراوان کە تانەیان لە بڕیارەکە نەداوە و بڕیارەکە بەپێی یاسا پلەی کۆتایی وەرگرتوە، بەڵام بەداخەوە دادگا ئامادە نییە پلەی کۆتایی لەسەر بڕیارەکە بنوسێت تا ئەوانیش بتوانن لە مافی ئازادکردنی مەرجدار (الإفراج الشرطی) سوودمەند بن، بەو مانایەی کە بڕیارەکان و ڕێکارەکان لە چاوەڕوانی فەرمانی حزبیدا ڕاگیراون.
له راگهیهندراوهکهدا رونکراوهتهوه، "بەو پێیەی کە دادگا ئامادە نییە دۆسیەی گیراوانی لالەزار بنێرێت بۆ سەرۆکایەتی دادگای تەمیز تا بڕیاری کۆتایی لەسەر سزاکەیان بدات بەپێی یاسا، لە ئەمڕۆ بەدواوە هەمو دەستگیرکراوەکانی لالەزار بە بارمتەی دەستی حزب دادەنرێن و بەرپرسیارێتی سەلامەتی گیانی هەمویان دەخرێتە ئەستۆی بەڕێزان هەریەک لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و سەرۆکایەتی دادگای تاوانەکانی سلێمانی 2".
ئهوهش خراوهتهڕوو، "پێویستە ئەو ڕاستییە بۆ هەموان ئاشکرا بێت کە لە هۆڵی دادگاشدا هاوسەنگی نێوان لایەنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو تێکدرابو، لە کاتێکدا ئەفسەرانی لێکۆڵەر و کەسانی نەناسراو و نامۆ لایەک لە هۆڵی دادگاکانیان تەنیبو و بە نیگا گوماناوییەکانیان چاودێری تۆمەتباران و پارێزەرانی بەرگرییان دەکرد و تیمی بەرگری لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنی و مامەڵەی نەشیاودا بو تا ئەو ڕادەیەی زۆر بە زەحمەت دەچونە ژورەوە بۆ هۆڵی دادگا".
ڕوونیشیکراوهتهوه، "ئەو دیمەنانە ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەوروژێنن: ئایا ئەمە هۆڵی دادگایەکی سەربەخۆیە و بە یاسا ڕێکخراوە، یان شوێنێکی داگیرکراوە کە سێبەری چەک و فەرمانی دەرەکی بەسەریدا زاڵ بوە؟".
ئهوهش هاتووه، "یەکێکی دیکه لە برینە هەرە قوڵەکانی ئەو دۆسیەیە، بابەتی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانەیە کە ڕاگیراوان، واتا تۆمەتبارەکان، لەبەردەم دادوەر و داواکاری گشتیدا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندوە کە لەژێر ئەشکەنجە و فشاردا وتەی پێشتر ئامادەبۆکراویان بە زۆرەملێ پێ واژۆکراوە و کاتێک داوای پزیشکییان کردوە ڕێگرییان لێکراوە و ڕوبەڕوی ئەشکەنجەی زیاتریان کردونەتەوە".
باس لهوهشکراوه، "تەنانەت لە قۆناغی دادگاییکردنیشدا تۆمەتبارانی بەرگریکارمان سەرجەم وتەکانی قۆناغی لێکۆڵینەوەیان ڕەتکردوەتەوە و دوپاتی ئەشکەنجەی دڕندانە و ئابڕوبەرانە و زیانی جەستەییان کردوەتەوە و ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانییە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە کاتێک ئەم پێشێلکارییە بە نوسین خراوەتە بەردەم دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی، بێ هیچ هۆکارێکی یاسایی چاویان نوقاندوە و گوێیان کپ کردوە لە ئاست ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارە".
له بهیاننامهکهی پارێزهرانی لالهزاردا هاتووه، "لە بەرامبەردا بەناو بەڵگە ساختە دروستکراوەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و نائاسایی ببونە جێی بایەخی دادگا و بە هەند وەرگیران و کاتێک دەنگی قوربانیانی ئەشکەنجە لەبەردەم دادگا بێ وەڵام دەمێنێتەوە، ئەوە عەدالەت لە ناوەڕۆکدا توشی داڕمان دەبێت".
دهشڵێن، "پێشێلکارییەکی مەترسیداری تری ئەو کەیسە لەوەدایە کە بەپێی یاسا دەبێت تۆمەتباران لە شوێنە یاساییەکانی گرتن و گواستنەوە ڕابگیرێن و دوای حوکمدانیشیان بگوازرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران، بەڵام لەم کەیسەدا راگیراوان لە زیندانە تاریک و تەواو دابڕاوەکاندا هێڵدراونەتەوە، تەنانەت دوای حوکمدانیش ڕێگری لە بینینی پارێزەرەکانیان دەکرێت".
باس لهوهشکراوه، ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارە ڕێکاری بەرگریکردن لە مافە شەرعییە یاساییەکانی تۆمەتبارانی بە تەواوی ئیفلیج کردوە، کاتێک مافی بەرگریکردن، مافی تانەلێدان و مافی داواکردنی گواستنەوەی داواکە و مافی سەلامەتی تۆمەتباران لە ئەشکەنجەدان پێشێل دەکرێت، ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی هەمو هاوڵاتییەک و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسێک و ناوەندێکی مافی مرۆڤە کە بێدەنگ نەبێت، چونکە بێدەنگی بەرامبەر نادادپەروەری دەرگا بۆ دووبارەبونەوەی هەمان چارەنوس دەکاتەوە بەرامبەر هەرکەسێکی دیکه کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەر هەڵوێستی بڕیار یان ویستێکی حزبی بکەوێت.
پارێزهرانی دهستگیرکراوانی لالهزار داوای "کۆتاییهێنان بە هەرجۆرە ئەشکەنجە و دەستێوەردانێکی حزبی دەکەن لە سەرجەم پرۆسەکانی دادگایی و دادپەروەریدا".
لهوهڵامی پرسیارێکدا پارێزهرێکی دهستگیرکراوانی لالهزار وتی، "ئەو زانیارییە لای ئێمە هەیە، بێجگە لە سێ تۆمەتبار هەمو تۆمەتبارەکانی تر زۆر زۆر لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا بون، جەستەیان بە ئاشکرا ئاسەواری لێدان و برینی پێوە بو، تەنانەت دوای 14 مانگیش لە دەستگیرکردنیان".
بەرەبەیانی ڕۆژی 22ی ئابی 2025 لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار (شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی) روبهڕوبونهوهی چهکداری لهنێوان چهکدارانی سهر به لاهور شێخ جهنگی و هێزه ئهمنییهکانی سلێمانی رویدا و بههۆیهوه له روداوهکهدا 12 کهس گیانیان لهدهستدا و دهیان کهسی دیکهش برینداربون.
بهگوێرهی وتهی هێزه ئهمنییهکانی سلێمانی، ئەو ڕوداوە دوای ئەوە هات کە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن هەڵیانکوتایە سەر شوێنەکە و بەهۆی رەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان، شەڕ و پێکدادان دروست بو.
دوای چەندین دانیشتنی دادگاییکردن لە دادگای تاوانەکانی دوی سلێمانی بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە لایەنگران و پاسەوانەکانیان سزای زیندانیان بۆ دهرچو.
بۆچوونی بەکارهێنەران