خبر 2026-11-10 08:54 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بارزانی و زەیدی جەخت لە دابینکردنی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی تری عێراق دەکەنەوە

عەلی زەیدی و مەسروور بارزانی و شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا چەندین دۆسیەی هەستیاریان تاوتوێ کرد.

کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. هەردوولا لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر دابینکردنی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بوودجەی 2027، بەڕێوەبردنی نەوت و خێراکردنی یاسای نەوت و غاز ڕێککەوتن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پلانێک کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵات بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2030 و 10 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2032، کە پشکی کێڵگەکانی هەرێمیش بە نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل لەخۆدەگرێت؛ هەروەها هەردوولا هێرشی توندوتیژیان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر شەرمەزار کرد و جەختیان لە پاراستنی ژێرخانی وزە کردوەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو حکوومەت لەسەر پێنج خاڵی سەرەکی ڕێککەوتن، کە بریتی بوون لە: بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی دەستوور، هەماهەنگیی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی، دابینکردنی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی تری عێراق، پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتیی ساڵی 2027، لەگەڵ بەپەلە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەرهەمهێنان و هەناردە.

لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە، "جەخت لەسەر دابینکردنی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، هاوتاکردنی لەگەڵ مووچەخۆرانی تری دەوڵەتی عێراق، و گفتوگۆ و تێگەیشتنیش وەک بنەمایەک بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دانرا".

ئەم سەردانەی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە پێشتریش شاندی هونەری و لایەنەکان لەسەر پرسی بودجەی 2027 لە گفتوگۆدا بوون، دوای ئەوەی ڕەشنووسەکە بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پشکی کوردستان و مەرجەکانی سۆمۆ لە دانیشتنی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران دەرهێنرابوو. هەروەها ڕووداوەکەی کۆرمۆر و پەرەسەندنی دۆسیەی ئەمنیی کێڵگەکانی گاز گوشاری لەسەر هەردوولا دروست کردبو تا بە زووترین کات لەسەر یاسای نەوت و غاز ڕێکبکەون.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.