هاتوچۆ لە مەرزی مەندەلی-ی نێوان عێراق و ئێران ڕاگیرا
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرمانشان ڕایگەیاند مەرزی مەندەلی تا ماوەیەکی دیاری کراو دادەخرێت و وتیشی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە مەرزی دیکەی ئەم پارێزگایە لەگەڵ عێراقدا هێشتا بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، داریووش سادقی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرمانشان، ڕاگەیاند کە داخستنی ئەم دەروازە سنوورییە لە ڕۆژی هەینییەوە دەستی پێ کردووە و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
ناوبراو وتی هۆکاری ئەم بڕیارەی جێبەجێکردنی کارەکانی نوێکردنەوەی سنوورەکەیە.
بە گوتەی ناوبراو ، هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە مەرزی سنووریی دیکەی پارێزگای کرمانشان لەگەڵ عێراقدا بە شێوازی ئاسایی بەردەوامە.
پێشتر عومەر وائیلی، سەرۆکی دەروازە سنورییەکانی عێراق، لە ڕۆژی سێشەممەدا ڕاگەیاندبوو کە مەرزی مەندەلی لە بەیانیی ڕۆژی هەینییەوە بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
ناوبراو نزیکبوونەوەی وەرزی بارانبارین و پێویستیی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان لەم مەرزەدا وەک هۆکارەکانی ئەم بڕیارە باسی کردبوو.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران