خبر 2026-11-04 09:56 کاتی خوێندنەوە: 6 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تورکیا بەردەوامە لە چاودێری کردنی نەیارە کوردەکانی لە ئەورووپا

«نۆردیک مانیتور» لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی سیخوڕی لە سویسرا و لێکۆڵینەوە هاوشێوەکان لە چەند وڵاتێکی تری ئەورووپیدا، باسی لە بەردەوامیی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکیی تۆڕە هەواڵگرییەکانی تورکیا دژی کوردان و نەیارە سیاسییەکانی دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای تاوانی فیدراڵیی سویسرا هاووڵاتییەکی تورکیای کە تۆمەتبار بوو بە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی کوردان و نەیارانی دەوڵەتی تورکیا لەم وڵاتەدا و گواستنەوەی بۆ ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا، لە تۆمەتی سیخوڕیی سیاسی بێتاوان ناساند. ئەم بڕیارە لە دوای بە نادروست و قبووڵنەکراوزانینی بەڵگە سەرەکییەکانی دۆسیەکە دەرچوو. بە وتەی دادگا، بەڵگەکان لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی نایاسایی و لێدان و ئازاردانی تۆمەتبارەوە دەست کەوتبوون. سەرەڕای ئەم بێتاوانناساندنە، دۆسیەکە جارێکی تر نیگەرانییەکانی سەبارەت بە چالاکیی تۆڕە هەواڵگرییەکانی تورکیا لە ناو کۆمەڵگە کۆچبەرەکان و نەیارانی دەوڵەتی ئەم وڵاتەدا لە ئەورووپا ورووژاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی «نۆردیک مانیتور»، دادگای تاوانی فیدراڵیی سویسرا لە ۸ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۶دا بڕیاری بێتاوانناساندنی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ۴۵ ساڵە کوردتەبارەی تورکیای دەرکرد و بڕیارەکەی لە ۱۶ی تشرینی یەکەمدا ئاشکرا کرد. داواکارانی گشتیی فیدراڵی سویسرا ئەم کەسەیان تۆمەتبار کردبوو کە لە تەممووزی ۲۰۱۸ تا ئایاری ۲۰۱۹ زانیارییە سیاسی و کەسییەکانی پەیوەندیدار بە کوردانی نیشتەجێی سویسرا، چالاکوانە سیاسییەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە خستووەتە بەردەست ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا و دەزگا ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە.

لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانەی خرانە ڕوو، تۆمەتبار کە پێشتر لە پیتزافرۆشێکدا لە شاری بێلی سویسرا کاری دەکرد، چەندین پۆستەی ئەلیکترۆنی و ۵۳ پەیامی دەقیی هەڵگری زانیارییە سیاسییە هەستیارەکانی بۆ دەزگاکانی تورکیا ناردبوو. ئەو هەروەها تۆمەتبار بوو کە لە مەودای ئادار تا نیسانی ۲۰۱۹دا چەند جارێک پەیوەندیی بە یەکێک لە یەکەكانی پۆلیسی تورکیاوە کردووە و زانیاریی لەبارەی کەسەکان و چالاکییەکانی کوردانەوە داوە. میدیا سویسرییەکان ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا و پۆلیسی ئەم وڵاتەیان لە ئامەد (دیاربەکر) وەک وەرگرانی ئەگەری ئەم زانیارییانە ناساندبوو.

یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی دۆسیەکە دەگەڕایەوە بۆ دەستبەسەرکردنی حەمزە مەنگە، هاووڵاتیی کوردی نیشتەجێی سویسرا، لە تورکیا. حەمزە مەنگە لە ئاداری ۲۰۱۹دا بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا سەفەری تورکیای کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەستبەسەریان کرد. ئەم دەستبەسەرکردنە لە ناو کوردانی نیشتەجێی سویسرا گومانی لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی زانیاری لەلایەن یەکێک لە کەسە نزیکەکانی کۆمەڵگەی کوردانی ئەم وڵاتەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا دروست کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادوەریدا بڵاو کرانەوە، حەمزە مەنگە برای خاوەنی ئەو پیتزافرۆشەیە بوو کە تۆمەتباری دۆسیەکە تێیدا کاری دەکرد. دوای دەستبەسەرکردنی حەمزە مەنگە، خاوەنی پیتزافرۆشەکە پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە کرد کە لە بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی تورکیادا دەرکەوتووە. دەگوترێت ئەم ژمارەیە پەیوەندی بە کارمەندەکەیەوە هەبووە؛ بابەتێک کە گومانی هاوکاریی ئەم کەسەی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیادا بەهێزتر کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی «ئانادۆڵ»ی تورکیاش لە ۷ی ئایاری ۲۰۱۹دا لە پێکهێنانی دۆسیەی دادوەری دژی حەمزە مەنگە هەواڵی دا. لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەم ئاژانسە، بەشێک لەو زانیارییانەی لە لێکۆڵینەوەکاندا بەکار هێنرابوون لە کەسێک لە سویسراوە بەدەست هاتبوون و ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردنەکەش بە هاوکاریی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا و یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پۆلیسی ئەم وڵاتە ئەنجام درابوو. لە بەڵگەنامە دادوەرییەکانی تورکیاشدا ئاماژە بە ڕاپۆرتێک لەبارەی وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەیەک لە سویسرا کرابوو، هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو کە ناسنامەی ئەم سەرچاوەیە دیار نییە.

داواکارانی گشتیی سویسرا پێیان وابوو ئەو زانیارییانەی لەم وڵاتەدا کۆ کراونەتەوە دەبوونە هۆی لێکەوتەی قورس بۆ ئەو کەسانەی مەبەست بوون و لە حاڵەتی سەفەرکردنیان بۆ تورکیا دەیانخستە بەر مەترسیی دەستبەسەرکردن و بەدواداچوونی دادوەرییەوە. دادستانی داوای سزای پێنج ساڵ و دوو مانگ زیندانی بۆ تۆمەتبار کردبوو و تۆمەتەکەی بە نموونەی سیخوڕیی سیاسی بۆ دەوڵەتێکی بیانی و پێشێلکردنی ئاسایش و سەروەریی سویسرا دەزانی.

بەم حاڵەشەوە، ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکە لە دوای ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی دەستکەوتنی بەڵگە سەرەکییەکان ڕووبەڕووی کێشە بووەوە. لە ۷ی ئایاری ۲۰۱۹دا چەند پیاوێکی کورد لە شوێنی کارەکەیدا هێرشیان کردە سەر تۆمەتبار، چونكە گومانیان هەبوو لەوەی کە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا دەکات و دەستی لە دەستبەسەرکردنی حەمزە مەنگەدا هەیە. هێرشبەران بە شێوازێکی نایاسایی دەستبەسەریان کرد، لێدانیان لێ دا و هەڕەشەیان لێ کرد و تەلەفۆنە دەستییەکەیان لێ سەند. بەپێی ڕاپۆرتە دادوەرییەکان، تەنانەت لە چەند نۆبەتێکدا لە ساردکەرەوەی چێشتخانەکەدا بەندیشیان کرد و هەوڵیان دا دانی پێدا بنێن. چوار کەس لە هێرشبەران لە دۆسیەیەکی جیاوازدا بەهۆی لێدان و دەستبەسەرکردنی نایاساییەوە سزا دران.

تەلەفۆنە دەستییەکەی تۆمەتبار کە لە ڕەوتی ئەم ڕووداوەدا کەوتە دەست هێرشبەران، هەڵگری پەیام و پەیوەندیگەلێک بوو کە داواکاران بۆ سەلماندنی تۆمەتی سیخوڕی کەڵکیان لێ وەرگرتن. بەڵام دادگا بۆی دەرکەوت کە ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی نایاساییەوە بەدەست هاتوون و مەرجە پێویستەکانی بۆ قبووڵکردن وەک بەڵگەی دادوەری تێدا نییە. لە ئەنجامدا، بەڵگە سەرەکییەکانی دۆسیەکە خرانە لاوە و دادستانی نەیتوانی بەو بەڵگانەی ماونەتەوە تۆمەتی سیخوڕیی سیاسی بسەلمێنێت.

دادگا جەختی کردەوە کە بێتاوانناساندنی تۆمەتبار بە مانای نەسەلماندنی هیچ جۆرە گواستنەوەیەکی زانیاری بۆ دەزگاکانی تورکیا نییە، بەڵکوو نیشان دەدات کە دادستانی نەیتوانیوە ئەو تۆمەتەی خستوویەتییە ڕوو بەو بەڵگانەی لە ڕووی یاساییەوە شایستەی پشتپێبەستنن، بسەلمێنێت. تۆمەتبار لە هەمان ئەم دۆسیەیەدا بەهۆی کارکردنی نایاسایی لە ڕوانگەی یاساکانی کۆچبەریی سویسراوە سزا درا. بڕیاری بێتاوانناساندنی لە تۆمەتی سیخوڕی لە دوای ڕاگەیاندنی دادگا مافی پێداچوونەوەی (تۆمارکردنی داوای تانەدان) بۆ دروست بوو.

«نۆردیک مانیتور» ئەم دۆسیەیەی بە بەشێک لە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و دۆسیەی دادوەری لەبارەی چالاکییە هەواڵگرییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە زانیوە. لە یەکێک لە دۆسیە پێشووەکاندا، بەرپرسانی سویسری دوو دیپلۆماتکاری تورکیایان بە برنامەداندان بۆ ڕفاندنی بازرگانێکی سویسریی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لە ساڵی ۲۰۱۶دا تۆمەتبار کرد. ئەم دوو دیپلۆماتکارە بە پەردەی چالاکی لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بێرن، بە ناوەکانی حاجی محەمەد گانی و هاکان کامل یەرگە، لەم دۆسیەیەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرابوو. داواکارانی گشتیی سویسرا لە حوزەیرانی ۲۰۱۸دا بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکردن، بەڵام ئەم دووانە پێشتر خاکی سویسرايان جێ هێلتبوو.

ئەم دۆسیەیە بووە هۆی گرژیی دیپلۆماتیکی لە نێوان بێرن و ئەنقەرەدا و بەرپرسانی سویسرا ڕایانگەیاند کە چالاکییە هەواڵگرییەکان بە ئامانجی بەدواداچوونی نەیارە سیاسییەکان لە خاکی ئەم وڵاتەدا قبووڵ ناکەن. لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا کە ناوەندی ئازادیی ستۆکهۆڵم ڕاپۆرتی لەبارەوە کردووە، زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ۹۶ هاووڵاتیی تورکیا و سویسرا کە دەگوترێت لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتیکییەکانی تورکیاوە لە سویسرا کۆ کرابوونەوە، بۆ داواکارانی گشتی لە ئەنقەرە گواسترابوونەوە.

ڕاپۆرتی نۆردیک مانیتور هەروەها ئاماژە بە دۆسیەی هاوشێوە لە ئەڵمانیا و نەمساش دەکات کە تێیاندا تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی نەیارانی دەوڵەتی تورکیا، کوردان و ئەندامانی بزووتنەوەی گولەن و گواستنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. لە کۆسۆڤۆشدا دەزگای دادوەریی ئەم وڵاتە سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی بەهۆی ڕۆڵبینینی لە گواستنەوەی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی تورکیا بۆ بەرپرسانی ئەنقەرە سزا داوە.

لە کۆتاییدا ئەم دۆسیانە، لە ڕوانگەی نۆردیک مانیتورەوە، نیشانەدەری بەردەوامیی نیگەرانیی دەوڵەتە ئەورووپییەکانە سەبارەت بە چالاکییە هەواڵگرییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە؛ ئەو چالاکییانەی کە لەسەر بنەمای تۆمەتبارکردنەکان، نەیارە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانە کوردەکان و ئەندامانی بزووتنەوەی گولەنیان کردووەتە ئامانج. دۆسیەی ئەم دواییەی سویسرا، سەرەڕای بێتاوانناساندنی تۆمەتبار، جارێکی تر پرسی ئەگەری کۆکردنەوەی زانیاری لە کۆمەڵگە کوردییەکان و نەیارانی دەوڵەتی تورکیا لە ئەورووپا و لێکەوتەکانی گواستنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئەنقەرە خستووەتە ناو سەنتەری سەرنجەکانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.