پارتی و یەکێتیی بە توندی بێمتمانەن بەرامبەر بەیەکتر
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ویکتۆریا تەیلۆر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی کە دوو ساڵ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا، گفتوگۆکانی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم بە کرداری گەیشتووەتە ڕێگەی بەستراو و بە ڕاگەیاندنی چوونەدەرەوەی یەکێتیی نیشتمانی لە حکوومەت، ناکۆکییەکانی هەردوو حزب چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
ویکتۆریا تەیلۆر کە لە سەردەمی چالاکیی خۆیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لە دوای ئەوە لە ئەنجومەنی ئاتڵانتیکدا، چەندین جار لەگەڵ ڕێبەرانی هەردوو حزب کۆبووەتەوە و لەسەر ناکۆکییەکانیان گفتوگۆی کردووە، جەختی کردەوە کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەها دەردەکەوت هەردوو لایەن لە ڕێککەوتنی هاوبەش نزیک بووبێتنەوە، بەڵام بێمتمانەییی دوولایەنە هێشتا ڕێگری سەرەکیی دەستگەیشتن بە ڕێککەوتن بووە.
ئەم بەرپرسەی پێشوو بە ئاماژەدان بە ئەزموونی دیدارەکانی خۆی لەگەڵ ڕێبەرانی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانیدا ڕایگەیاند کە نزیکەی لە تەواوی کۆبوونەوەکانیدا، هەردوو لایەن بە دەربڕینی توند گڵەییان لە یەکتر دەکرد و تەنیا لە یەکێک لەم دیدارانەدا کارێکی وەها ڕووی نەداوە.
ویکتۆریا تەیلۆر لەم بارەیەوە نووسی: «بە دەربڕینێکی سادە، ئەوان متمانەیان بە یەکتر نییە.»
جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، لە درێژەدا، ڕۆڵی واشنگتنی بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ڕێگری لە پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب زانی و گوتی دەستوەردانی بەرچاوی دەوڵەتی ئەمریکا تا ئێستا ڕێگر بووە لەوەی ناکۆکییەکانی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی بگەنە قۆناغی بڕانی تەواوی هاوکارییەکان.
بە گوتەی ویکتۆریا تەیلۆر، دەوڵەتەکانی پێشووی ئەمریکا بە کرداری قبووڵیان کردبوو کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان تا وردترین بابەتە سیاسی و کارگێڕییەکان دەستوەردان بکەن و لە کاتی پێویستدا، ڕێبەرانی هەردوو حزب بۆ قبووڵکردنی ڕێککەوتن بخەنە ژێر فشارەوە.
ئەو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی دەوڵەتەکانی پێشووی ئەمریکا لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، وەبیری هێنایەوە کە واشنگتن لە دەستگەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴یشدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دواکەوتبوو.
ویکتۆریا تەیلۆر بە بەراوردکردنی ڕێبازی دەوڵەتەکانی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپدا، جەختی کردەوە کە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا ئارەزوو و مەیلێکی زۆر کەمتری هەیە بۆ ناوبژیوانی لە نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانیدا.
ناویبراو لە هەمان کاتدا، بە ئاماژەدان بە تێڕوانینی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لەسەر ئەوەی بۆچی دەبێت ئەمریکا لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حزبە کوردییەکاندا دەستوەردان بکات، هۆشداریی دا کە بەردەوامیی کەلێنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، توانای یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە عێراقدا لاواز دەکات.
ویکتۆریا تەیلۆر لە کۆتاییدا کەسەری خۆی دەربڕی لەوەی ناکۆکییەکانی هەردوو حزب گەیشتوونەتە ئاستێکی لەم شێوەیە و جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە لە زیانی کوردەکان، هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا دەبێت.
ئەم لێدوانانە لە بارودۆخێکدا دەخرێنە ڕوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی بافڵ تاڵەبانی، پێنجشەممە ۵ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۶، چوونەدەرەوەی خۆی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێم بێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانی و ژمارەیەک لە بزووتنەوە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان درا. لەم دانیشتنەدا، ۵۲ نوێنەر لە سەرجەمی ۱۰۰ نوێنەر ئامادە بوون و واڵا فەرید، نوێنەری پارتی دیموکرات، بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا هاوڕێ بوو بە بەدەستهێنانی ۳۹ کورسی لە سەرجەمی ۱۰۰ کورسی لەلایەن پارتی دیموکراتەوە. یەکێتیی نیشتمانیش ۲۳ کورسیی بەدەست هێنا. سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، ناکۆکییەکانی هەردوو حزب لەسەر پشکخوازی لە پۆستە باڵاکانی حکوومەت، چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات و بونیادی بەڕێوەبردنی هەرێم بووە ڕێگر لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکوەزیرانیی مەسرور بارزانی هێشتا لە کارەکانی بەردەوام بووە.
چوونەدەرەوەی یەکێتیی نیشتمانی لە حکوومەت، لە پاڵ هەڕەشەی بافڵ تاڵەبانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوتا لە ئەگەری دەستنیشانکردنی یەکلایەنەی سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی نوێ لەلایەن پارتی دیموکراتەوە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ دۆخی دووئیدارەیی بەرز کردووەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران