خبر 2026-11-06 08:41 کاتی خوێندنەوە: 6 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئایا ئەزموونی ئیدارەدانی یەکپارچەی هەرێمی کوردستان  کۆتایی هاتووە؟

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بنەماڵەی تاڵەبانی بڕیاری داوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە و بەدوای پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵیی سەربەخۆ بە ناوەندێتیی سلێمانییەوە بێت؛ بڕیارێک کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا دەکرێت کۆتایی بە ئەزموونی دوو دەیە ئیدارەدانی یەکپارچەی هەرێمی کوردستان بهێنێت و ناکۆکیی مێژینەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستانی عێراق بخاتە قۆناغێکی نوێوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە وتەی گۆڤاریلڵه ناشناڵ کۆنتێکست، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سلێمانی ڕایگەیاندووە کە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێنجی تشرینی دووەم بڕیاری کشانەوە لە کابینەی هەرێم و بەدواداچوون بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵیی جیاوازی داوە. ئەم بڕیارە لە بارودۆخێکدا دراوە کە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بنبەست لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمدا، گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.
ئەم پێشهاتە دەکرێت وەرچەرخانێک بێت لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا؛ هەرێمێک کە لە ساڵی ۲۰۰۶ەوە تا ئێستا، لانیکەم لە پێکهاتەی فەرمیدا، وەک یەکەیەکی فیدراڵیی یەکگرتوو لە چوارچێوەی عێراقدا بەڕێوە براوە، بەڵام لە کردەوەدا هێشتا خاوەنی دوو ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی، ئەمنی و کارگێڕی بووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴ یەکەم هەڵبژاردن بوو لە دوای ساڵی ۲۰۱۸ەوە و چاوەڕوان دەکرا زەمینەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان حیزبە سەرەکییەکان بڕەخسێنێت. سەرەڕای ئەوەش، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، ناکۆکییەکان لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات، پشکی لایەنەکان لە حکوومەت و پێکهاتەی بەڕێوەبردنی هەرێم هێشتا بەردەوامە و دوو پارتە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی کابینە بگەنە ڕێککەوتن.
دوایین گرژییەکان دوای هەنگاوی تاکلایەنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم ڕوویاندا. پەرلەمانی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتنی خۆی لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە ڕووی کردارییەوە هیچ چالاکییەکی نەبوو و ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگر بوون لە دەستپێکردنی چالاکییە کاریگەرەکانی.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بنەماڵەی بارزانی، لە دانیشتنە نوێیەکەدا توانی بە بەدەستهێنانی پشتیوانیی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتە ڕکابەرەکان، نیسابی یاسایی بە بەشداریی ٥١ پەرلەمانتار لە کۆی ١٠٠ کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکات. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا نرا کە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە فەرمی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کردبوو. لە ئێستادا پارتی بە نیازە بەبێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانی، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بباتە پێشەوە؛ هەنگاوێک کە بە واتای وەلاوەنانی یەکێک لە دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێم دێت لەو پێکهاتە جێبەجێکارە هاوبەشەی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە دامەزراوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم هەنگاوە وەک درێژەی ڕەوتی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی پارتی و لاوازکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەردوو پارتەکە هەڵدەسەنگێنێت. لە چەقی ئەم ناکۆکییانەشدا، شێوازی حوکمڕانیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی پارتی دیموکرات، جێگیر بووە. بەپێی نووسینی ناشناڵ کۆنتێکست، مەسروور بارزانی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێم لە پێکهاتەیەکی مەرکەزیتریدا و بە ڕۆڵگێڕانی ڕاستەوخۆتری خۆی بەڕێوە ببات؛ ڕێبازێک کە کەوتووەتە دژایەتی لەگەڵ میکانیزمی نەریتیی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانیدا.
کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پێکهاتەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافیای دەسەڵات لەنێوان هەردوو پارتەکەدا دروست بووە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک نفوز و کۆنترۆڵی زیاتری هەیە، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا کۆنترۆڵی کرداریی سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری پاراستووە. ئەم دابەشکردنەی دەسەڵات ڕیشەی لە شەڕی ناوخۆی کوردستانی عێراق لە دەیەی نەوەدەکاندا هەیە؛ شەڕێک کە لە کۆتاییدا بووە هۆی پێکهاتنی دوو حکوومەت و ئیدارەی جیاواز لە ناوچەکانی ژێر نفوزی هەردوو پارتەکەدا.
هەرچەندە هەردوو پارتەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕێککەوتن پێکهاتە حکوومییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی حکوومەتێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستاندا یەکبخەنەوە، بەڵام ئەم یەکگرتنە لە زۆرێک لە بوارەکاندا زیاتر ڕواڵەتێکی فەرمی هەبوو وەک لە کرداری. هەردوو پارتەکە وەک خۆی پێکهاتە ئەمنییەکان، دەزگا هەواڵگرییەکان و تۆڕە ئیدارییە جیاوازەکانی خۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا پاراست. هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کرداردا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان دوو ناوەندی دەسەڵاتی ڕکابەر بەڕێوە براوە، نەک لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی تەواو یەکگرتوو و سەربەخۆ لە پارتەکان.
ئەم بارودۆخە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیی سیاسی. هەر کاتێک یەکێک لە دوو حیزبەکە هەوڵی دابێت دەسەڵاتی زیاتر لە حکوومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنێت، پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و سنووری دەسەڵاتی لایەنەکەی تر دووبارە هاتووەتەوە ئاراوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، مەرکەزییەتخوازیی جێی مەبەستی پارتی دیموکرات، لەگەڵ واقیعی پێکهاتەیی هەرێم، واتە بوونی دوو ناوچەی نفوزی سیاسی و ئەمنی، تووشی پێکدادان بووە.

بڕیاری ئەگەریی یەکێتیی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵیی سەربەخۆ بە چەقی سلێمانی، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ئەم دابەشکردنی دەسەڵاتە نافەرمییە بۆ پێکهاتەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێ. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم پرۆژەیەدا، ناوچەکانی ژێر نفوزی یەکێتیی نیشتمانی دەتوانن لەبری بەشداریکردن لە حکوومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستاندا، لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵیی جیاواز و لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا بەڕێوە ببرێن.

دەستووری عێراق پێشبینیی پێکهێنانی وەها پێکهاتەیەکی کردووە. بەپێی ماددەی ١١٩ی دەستوور، یەک یان چەند پارێزگایەکی عێراق دەتوانن لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ببنە هەرێمێکی فیدراڵی. داواکاریی پێکهێنانی هەرێمی فیدراڵی دەبێت یا لە لایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای پەیوەندیدارەوە پێشکەش بکرێت، یان بە لایەنی کەمەوە لە سەدا ١٠ی دەنگدەرانی تۆمارکراوی ئەو پارێزگایە پشتیوانیی لێ بکەن.

یاسای ساڵی ٢٠٠٨ی عێراق دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی پێکهێنانی هەرێمە فیدراڵییەکان، قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیەی دیاری کردووە. بەپێی ئەم یاسایە، لە ئەگەری ئەوەی داواکارییەکە لەلایەن دەنگدەرانەوە بخرێتەڕوو، سەرەتا دەبێت داواکارییەک بە پشتیوانیی لەسەدا دووی دەنگدەرانی تۆمارکراو پێشکەش بکرێت و پاشان پرۆسەی کۆکردنەوە و تۆمارکردنی واژۆکان دەست پێبکات بۆ گەیشتن بە ڕێژەی لەسەدا دەی یاسایی. دوای پێداچوونەوە و پەسەندکردنی واژۆکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکارییەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ دەکات بۆ ئەوەی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت.

کەواتە، بەدیهاتنی پڕۆژەکەی یەکێتیی نیشتمانی تەنها لە ڕاگەیاندنی کشانەوە لە حکومەتی هەرێم یان ڕێککەوتنی ناوخۆیی ئەم حزبەدا قەتیس نابێت و پێویستی بە بڕینی قۆناغە یاساییەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی پێویست هەیە لە ناوچە پەیوەندیدارەکاندا. هەروەها پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵیی نوێ بە واتای چوونەدەرەوە لە پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی یەکەیەکی فیدراڵیی نوێ لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیی عێراقدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگیی بڕیارەکەی یەکێتیی نیشتمانی لە ناکۆکییە هەنووکەییەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت تێدەپەڕێت. کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستانی عێراق هێشتا دەتوانن لە چوارچێوەی یەک حکومەتی هەرێمیی یەکگرتوودا کار بکەن، یان ناکۆکییە بنەڕەتییەکان و ململانێ لەسەر دەسەڵات، بەرەو جیابوونەوەیەکی فەرمیان دەبات.

هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا عمەلیەن خاوەنی دوو ناوەندی دەسەڵاتی ڕکابەر بووە؛ دۆخێک کە شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەکان دروستی کرد و ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٦یش نەیتوانی ببێتە هۆی یەکگرتنەوەی تەواوەتیی دامەزراوە سیاسی، ئەمنی و ئیدارییەکانی هەردوولا. ئێستا هەنگاوەکەی پارتی دیموکرات بۆ پێکهێنانی کابینە بەبێ یەکێتیی نیشتمانی و بڕیاری ئەگەریی ئەم حزبە بۆ بەدواداچوونی هەرێمێکی فیدراڵیی سەربەخۆ، دەتوانێت هەمان دابەشکردنی دەسەڵاتی مێژوویی لە دۆخی ناڕەسمی دەربهێنێت و رەهەندی یاسایی و جوگرافی پێببەخشێت.

لە ئەگەری برەودان بەم پڕۆژەیە، ئەزموونی دوو دەیە لە بەڕێوەبردنی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی بنەڕەتی دەبێتەوە؛ ئەزموونێک کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر ڕێککەوتنی نێوان دوو حزبی ڕکابەر دامەزرابوو و ئێستا وا دیارە ناکۆکی لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات، بەردەوامبوونی خستووەتە ژێر گومانێکی جدییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.