بۆچوونی ناوەندە میدیاییەکانی ئەمریکا لەبارەی شکستی ترەمپ و کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردندا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشکنینی شیکارییە بڵاوکراوەکانی ئاسۆشێیتد پرێس، واشنتۆن پۆست، واڵ ستریت جۆرناڵ، نیۆیۆرکەر، سیئەنئەن، ئەکسیۆس، ئیبیسی نیوز و ژمارەیەک لە میدیا پارێزگارەکانی ئەمریکا نیشان دەدات کە ئەگەرچی هەر یەک لەم ڕاگەیاندنانە لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە پەرژاونەتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەڵام لە بابەتێکدا هاوڕان: دۆناڵد ترەمپ نەیتوانی بەڵێنە ئابووری و هەڵبژاردنییەکانی بباتە سەر و هەر ئەم بابەتەش بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی پارتی کۆماریخواز لە نێوان توێژێکی بەربڵاوی دەنگدەرانی ئەمریکیدا.
تەوەری سەرەکیی ئەم شیکارییانە، بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان و ناڕەزایەتیی ئابووریی هاووڵاتییانە؛ بابەتێک کە لە پاڵ جەنگ لەگەڵ ئێران، بەرزبوونەوەی نرخی وزە، باجە بازرگانییەکان، نیگەرانی سەبارەت بە گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا و سیاسەتەکانی کۆچبەریی ئیدارەی ترەمپ، زەمینەی شکستی کۆماریخوازانی ڕەخساند. لەم نێوەندەدا، بەشێک لە شیکارکارە پارێزگارەکانیش بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، بەرپرسایەتیی سەرەکیی شکستەکەیان خستە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ و بڕیارە کەسییەکانی و پێیان وایە سەرۆکی ئەمریکا بە دوورکەوتنەوە لە بەڵێنە هەڵبژاردنییەکانی خۆی، ئەو هاوپەیمانییەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ۲۰۲۴دا یارمەتی سەرکەوتنی کۆماریخوازانی دابوو، لاواز کرد.
ئاسۆشێیتد پرێس لە لێکۆڵینەوەی ئەنجامی ڕاپرسی لە دەنگدەران لە سەراپای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، تێچووەکانی ژیانی وەک یەکێک لە گرنگترین هۆکارە بڕیاردەرەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن ناساندووە. لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی ۹ کەس لە هەر ۱۰ دەنگدەرێک ڕایانگەیاندووە کە تێچووی ژیان لە بڕیاردانیان بۆ دەنگدان ڕۆڵی هەبووە. هەروەها دەوروبەری دوو سێیەمی دەنگدەران پێیان وابووە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بارودۆخی ئابووریی ئەمریکای خراپتر کردووە. بەشێکی بەرچاو لەوانەی کە ڕوانگەیەکی لەم شێوەیەیان هەبوو، دەنگیان بە بەربژێرە دیموکراتەکان داوە. لە ڕوانگەی ئاسۆشێیتد پرێسەوە، ئەم ئەنجامانە نیشان دەدەن کە کۆماریخوازان نەیانتوانی وەڵامی گرنگترین داواکاریی ئابووریی دەنگدەران بدەنەوە و بەڵێنی ترەمپ بۆ چاککردنی بژێویی ئەمریکییەکان بوو بە یەکێک لە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانی پارتەکە.
واڵ ستریت جۆرناڵیش لە شیکاریی خۆیدا بۆ سەرکەوتنی دیموکراتەکان، جەختی لەسەر ڕۆڵی بڕیاردەری ئابووری لە گۆڕینی ڕەفتاری دەنگدەراندا کردووەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە پێی وایە دیموکراتەکان توانییان سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەکانیان، لەسەر پەیامێکی هاوبەش چڕ ببنەوە و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان بکەنە تەوەری کێبڕکێ هەڵبژاردنییەکان. لە بەرامبەردا، کۆماریخوازان نەیانتوانی ڕوونکردنەوەیەکی بڕواپێکەر لەسەر هۆکاری بەردەوامیی فشاری ئابووری بدەن. بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، خانوو، وزە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە کۆمەڵگە کە لە ساڵی ۲۰۲۴دا دەنگیان بە ترەمپ دابوو، لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا پشتگیری لە بەربژێرە دیموکراتەکان بکەن. لەسەر بنەمای زانیارییە پشتبەستراوەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، ۸۹ لە سەدی دەنگدەران تێچووی ژیانیان بە هۆکارێکی گرنگ یان بڕیاردەر لە هەڵبژاردنی خۆیاندا زانیوە.
واشنتۆن پۆستیش ئابووری و هەلی کار لە سەرووی کارنامەی هەڵبژاردنی هاووڵاتییاندا داناوە و نووسیویەتی زیاتر لە نیوەی دەنگدەران ئەم بابەتانەیان لە نێوان سێ پرسی گرنگی وڵاتدا داناوە. ئەم ڕۆژنامەیە جەخت دەکاتەوە ئەو دەنگدەرانەی کە بارودۆخی ئابوورییان بە ناڕەخساو دەپێوا، بە ڕێژەی زیاتر لە دوو بۆ یەک پشتگیرییان لە بەربژێرە دیموکراتەکان کرد. لەم ڕوانگەیەوە، شکستی کۆماریخوازان ناتوانرێت تەنیا بە کارکردی بەربژێرەکانی ئەم پارتە لە بازنە هەڵبژاردنییە دیاریکراوەکاندا ببەسترێتەوە، بەڵکوو ئەم شکستە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ناڕەزایەتیی گشتی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە هەبووە.
لە پاڵ قەیرانی بژێویدا، جەنگی ئێران یەکێک لە گرنگترین بابەتە جێی سەرنجەکانی میدیا ئەمریکییەکان بوو لە لێکۆڵینەوەی هۆکارەکانی شکستی کۆماریخوازاندا. واڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتی «چۆن ترەمپ هەڵبژاردنی نیوەی خولی دۆڕاند»دا پەرژاوەتە سەر پەیوەندیی نێوان بڕیارەکانی سەرۆک بۆ چوونە ناو جەنگ، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لاوازبوونی پێگەی هەڵبژاردنیی کۆماریخوازان. ئەم ڕۆژنامەیە پێی وایە ئیدارەی ترەمپ لە هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ئابووری و سیاسییەکانی جەنگدا تووشی هەڵە بوو و نەیتوانی تێچووەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان جیا بکاتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە مانگەکانی نزیک لە هەڵبژاردن، فشاری ئابووریی هەبووی قورستر کرد و دەرفەتی بە دیموکراتەکان دا کە سیاسەتی دەرەوەی حکومەت بگوێزنەوە بۆ ناو تەوەری ڕەخنە هەڵبژاردنییەکان.
بەم حاڵەشەوە، میدیا ئەمریکییەکان سەبارەت بە ئاستی ڕۆڵی جەنگی ئێران لە شکستی کۆماریخوازاندا جیاوازییان لە هەڵسەنگاندندا هەیە. جیدی وێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای هەڵبژاردن جەنگی ئێرانی وەک هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتی کۆماریخواز ناساند و دۆناڵد ترەمپیش لە لێدوانەکانیدا دانی بەوەدا نا کە جەنگ و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە زیانی پارتەکەی تەواو بووە. بەڵام ڕاپرسیی ئیبیسی نیوز نیشان دەدات ۵۵ لە سەدی دەنگدەران گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا، ۴۹ لە سەد تێچووی ژیان و ۳۴ لە سەد جەنگی ئێرانیان بە هۆکارێکی بڕیاردەر لە دەنگی خۆیاندا زانیوە. کەواتە، جەنگی ئێران لە لاوازکردنی پێگەی کۆماریخوازاندا ڕۆڵی هەبووە و وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی شکستی ئەم پارتە ناو براوە. گرنگیی جەنگ زیاتر لە بەستنەوەی بە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، نیگەرانییە ئابوورییەکان و دوورکەوتنەوەی ئیدارەی ترەمپ لە بەڵێنە هەڵبژاردنییەکانی خۆیدا دەردەکەوێت.
نیۆیۆرکەریش لە شیکاریی خۆیدا بە ناونیشانی «شەپۆلی شین بەسەر ترەمپدا دابەزی» شکستی کۆماریخوازان بە نیشانەی فراوانبوونی دژایەتی لەگەڵ سەرجەم سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەزانێت. ئەم گۆڤارە پێی وایە هەڵبژاردنی نیوەی خول بوو بە ڕاپرسی سەبارەت بە کارکردی دۆناڵد ترەمپ و دەنگدەران دەرفەتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرێسیان قۆستەوە بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیی خۆیان لە ئاڕاستەی حکومەت. سیاسەتی باج، جەنگی ئێران، ڕەفتار بەرامبەر کۆچبەران، زیادبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کۆشکی سپی و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆک لەو بابەتانە بوون کە لە پاڵ فشاری ئابووریدا، یارمەتیی دروستبوونی شەپۆلی پشتگیرییان لە دیموکراتەکان دا.
لەسەر بنەمای شیکارییەکانی واشنتۆن پۆست، ئیبیسی نیوز و تۆڕی سیبیئەس، دابەزینی جەماوەریبوونی کەسی دۆناڵد ترەمپیش لە ئەنجامی هەڵبژاردندا ڕۆڵێکی بنەڕەتیی هەبووە. ڕاپرسیی واشنتۆن پۆست ئاستی پەسەندکردنی کارکردی سەرۆکی نزیکەی ۳۹ لە سەد و ئاستی ناڕەزایەتی لەو بە ۶۱ لە سەد نیشان دەدا. لە ڕاپرسیی دەرچوونی سیبیئەسیشدا ئاستی پەسەندکردنی کارکردی ترەمپ نزیکەی ۳۸ لە سەد ڕاگەیەندرا. ئەم ژمارانە نیشان دەدەن کە سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرز لە ناڕەزایەتیی گشتی بووەتەوە. زیاتر لە ۹ کەس لە هەر ۱۰ دەنگدەرێک کە بەتووندی لە کارکردی ترەمپ ناڕازی بوون، دەنگیان بە بەربژێری دیموکرات لە کێبڕکێکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا داوە.
بابەتێکی تر کە لە شیکاریی میدیا ئەمریکییەکاندا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە، نیگەرانییە لە گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا و چڕبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بەرژەوەندییە کەسییەکان. هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بە چالاکییە ئابوورییە پەیوەندیدارەکان بە خێزانی ترەمپ، چیرۆکی دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) و پڕۆژە کەسییەکانی سەرۆک کردووە و ئەم بابەتانەیان لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێمتمانەیی گشتی زانیوە. لەسەر بنەمای ڕاپرسیی ئیبیسی، گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا بۆ ۵۵ لە سەدی دەنگدەران هۆکارێکی بڕیاردەر بووە لە هەڵبژاردنی بەربژێری مەبەستیاندا. لە لایەکی ترەوە، ڕاپرسییەکانی تر نیشان دەدەن بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئەمریکا پێیان وایە کۆنگرێس لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی سەرۆک و ڕێگری لە خراپبەکارهێنانی ئەگەری لە دەسەڵاتە جێبەجێکارەکاندا بەپێی پێویست ڕەفتاری نەکردووە. ئاسۆشێیتد پرێسیش ڕاپۆرتی داوە کە نزیکەی حەوت کەس لە هەر ۱۰ دەنگدەرێک پێیان وابووە کۆنگرێس نەیتوانیوە چاودێرییەکی کاریگەر بەسەر دەسەڵاتی ترەمپدا پەیڕەو بکات.
سیاسەتی کۆچبەریی ئیدارەی ترەمپیش یەکێکی تر لە هۆکارەکانی لاوازبوونی پێگەی هەڵبژاردنیی کۆماریخوازان بووە. واشنتۆن پۆست و نیۆیۆرکەر لە شیکارییەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بە لێکەوتەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرکردنی بەربڵاوی کۆچبەران و ڕەفتاری کارمەندانی فیدراڵ لەگەڵ کۆچبەراندا کردووە. بە نووسینی ئەم ڕاگەیاندنانە، ترەمپ لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۴دا توانیبووی پشتگیریی بەشێک لە دەنگدەرانی لاتینتبار و گرووپە کەمینەکان بەرز بکاتەوە، بەڵام سیاسەتە ڕەقەکانی کۆچبەریی حکومەتەکەی بووە هۆی ئەوەی بەشێک لەم هاوپەیمانییە هەڵبژاردنییە لە کۆماریخوازان دوور بکەوێتەوە. کوژرانی دوو هاووڵاتی لە ڕەوتی ڕەفتاری کارمەندانی کۆچبەری لە مینیابۆلیسیش یارمەتیی بەرزبوونەوەی ڕەخنەکان لە کارکردی حکومەت دا. پشکنینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نیشان دەدات دیموکراتەکان توانییان پشتگیریی زیاتر لە ۶۰ لە سەدی دەنگدەرانی لاتینتبار بەدەست بێنن؛ گۆڕانکارییەک کە بە سەرنجدان بە پێشڕەویی کۆماریخوازان لەم گرووپەدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ۲۰۲۴دا، لە ڕوانگەی سیاسییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
سەرەڕای ڕۆڵی ئەم هۆکارانە، ژمارەیەک لە میدیاکان پێیان وایە هەڵە ناوخۆییەکانی پارتەکە و دەستوەردانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی بەربژێرە کۆماریخوازەکانیشدا یارمەتیی شکستی ئەم پارتەی داوە. واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بەربژێرە پشتگیریکراوەکانی ترەمپ نووسیویەتی کە پشتگیریی سەرۆک لە کەسایەتییە جەنجاڵی و کەمشانسەکان، لە هەندێک کێبڕکێدا لە زیانی کۆماریخوازاندا تەواو بوو. لە تێکساس، پشتگیریی ترەمپ لە کێن پاکستۆن لە بری جان کۆرنین، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی قورستر کرد و دەرفەتی بە بەربژێری دیموکرات، جەیمس تالاریکۆ دا تا لەم کەلێنە سیاسییە کەڵک وەربگرێت. ئەم ڕۆژنامەیە پێی وایە ترەمپ لە هەندێک کێبڕکێدا زیاتر لەوەی سەرنج بداتە توانای بەربژێرەکان بۆ ڕاکێشانی دەنگی گشتی، پێوەری وەفاداریی سیاسیی بۆ خۆی لە پێشینەدا دانا.
تۆڕی سیئەنئەنیش لە لێکۆڵینەوەی پشتی پەردەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆماریخوازاندا ئاماژەی بە ناڕێکخراویی پەیامی ڕوونکردنەوە، کێشەکانی بەڕێوەبردن و جیاوازیی ڕوانگە سەبارەت بە چۆنیەتیی خەرجکردنی سەرچاوە داراییەکانی هەڵبژاردن کردووە. بە نووسینی سیئەنئەن، هەڵمەتی کۆماریخوازان لە مانگەکانی نزیک لە هەڵبژاردندا نەیتوانی پەیامێکی یەکگرتوو سەبارەت بە کارکردی ئابووریی حکومەت پێشکەش بکات و هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپیش بۆ بەرزکردنی بەشداربوونی بنکەی دەنگی خۆی نەیتوانی ناڕەزایەتیی گشتی بڕەوێنێتەوە. لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان توانییان بە چڕبوونەوە لەسەر نرخی خۆراک، خانوو، وزە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەیامێکی هەڵبژاردنیی دیاریکراو بە دەنگدەران بگەیەنن.
شیکاریی ئەکسیۆسیش ئاماژە بە گۆڕانی ڕێکخستنی دەنگدەران و هەڵەی ئەژمارکردنی کۆماریخوازان سەبارەت بە پێکهاتەی دانیشتووان و سیاسیی هەڵبژاردن دەکات. کۆماریخوازان وایان دەزانی هاوپەیمانیی هەڵبژاردنیی ساڵی ۲۰۲۴ هێشتا لە یەکگرتوویی پێویست بەهرەمەندە، بەڵام لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا بەشێک لە دەنگدەرە سەربەخۆکان و گرووپێک کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیرییان لە ترەمپ کردبوو، بەرەو لای دیموکراتەکان لایان دا. لەسەر بنەمای زانیارییە پشتبەستراوەکانی واشنتۆن پۆست، دیموکراتەکان لە نێوان دەنگدەرە سەربەخۆکاندا بە جیاوازیی زیاتر لە ۲۰ یەکەی لەسەد باڵادەستتر بوون. ئەم گۆڕانکارییە نیشانی دا کە پشتگیریکردن لە ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا مەرج نییە بە مانای پشتگیریی بەردەوام بێت لە بەربژێرە کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا.
لە لایەکی ترەوە، هەوڵی کۆماریخوازان بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی خۆیان لە ڕێگەی گۆڕینی سنووری بازنە هەڵبژاردنییەکانەوە ئەنجامی چاوەڕوانکراوی نەبوو. ئاسۆشێیتد پرێس ڕاپۆرتی داوە کە کۆماریخوازان لە چەندین ویلایەتدا هەوڵیان دا بە نەخشەڕێژیی دووبارەی بازنەکان پێگەی هەڵبژاردنیی خۆیان بەهز بکەن، بەڵام گۆڕانی ڕەفتاری دەنگدەران و بەرزبوونەوەی پشتگیری لە دیموکراتەکان ڕێگری لە هاتنەدی ئەم ئامانجە کرد. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە تەنانەت دەستکاریی بازنە هەڵبژاردنییەکانیش ناتوانێت لە بەرامبەر شەپۆلی بەربڵاوی ناڕەزایەتیی سیاسی و ئابووریدا، گەرەنتییەک بێت بۆ پاراستنی زۆرینەی کۆنگرێس.
خاڵی جێی سەرنج لە هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا، ڕەخنە قورسەکانی میدیاکان و شیکارکارە پارێزگارەکانە لە کارکردی ترەمپ. فێدێراڵیست لە وتارێکدا بە ناونیشانی «داڕمانی سەراسەریی پارتی کۆماریخواز تاوانی ترەمپە»، ڕاستەوخۆ سەرۆک وەک بەرپرسی شکستی پارتەکە دەناسێنێت. ئەم گۆڤارە پێی وایە جەنگی ئێران، بەرزبوونەوەی تێچووە ئابوورییەکان، باجە بازرگانییەکان و وەلانانی بەڵێنە هەڵبژاردنییەکان، بووە هۆی لەناوچوونی بەشێک لە پشتگیریی دەنگدەران بۆ کۆماریخوازان. نووسەری وتارەکە جەخت دەکاتەوە ترەمپ بە چوونە ناو جەنگێکی قورس و درێژەدان بە سیاسەتێک کە فشاری ئابووریی لەسەر هاووڵاتییان بەرز کردەوە، لە دروشمی هەڵبژاردنیی «سەرەتا ئەمریکا» دوور کەوتەوە.
فۆکس نیوزیش لە شیکارییەکانی دوای هەڵبژاردندا، قەیرانی تێچووی ژیان، نەبوونی ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ داهاتوو و دەستەوەستانبوونی کۆماریخوازان لە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی بڕواپێکراودا بە هۆکارەکانی شکستی پارتەکە زانیوە. جاستین هاسکینز، شیکارکاری ئەم میدیا، پێی وایە کۆماریخوازان لە بری پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، زۆرتر لە پێویست لەسەر دژایەتیکردنی دیموکراتەکان و بەرگریکردن لە کارکردی حکومەت چڕ بووبوونەوە. تام بیڤان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ڕیلکلێرپۆلیتیکس، بە پشکنینی ڕەفتاری دەنگدەران جەختی کردووەتەوە کە پرسی کۆماریخوازان تەنیا دابەزینی بەشداربوونی لایەنگران نەبوو، بەڵکوو بەشێک لە دەنگدەرە سەربەخۆکان و کۆماریخوازە نەریتییەکانیش لە بەربژێرەکانی ئەم پارتە دوور کەوتنەوە.
جان کۆرنین، سناتۆری کۆماریخواز، لە وتارێکدا بە ناونیشانی «کۆماریخوازان ڕێگەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا لە بیر چۆوە» ڕەخنەی لە بچووکبوونەوەی هاوپەیمانیی هەڵبژاردنیی پارتەکە، وەلانانی هەندێک کەسایەتیی نەریتی و لەپێشینەبوونی وەفاداریی کەسی بە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی بەربژێرەکاندا گرتووە. کەواتە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تەنیا بە جیاوازیی نێوان کۆماریخوازان و دیموکراتەکان کورت نابێتەوە، بەڵکوو کەلێنی ناوخۆیی پارتی کۆماریخواز سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئەوە و ئاستی وابەستەیی بە کەسی ترەمپیش ئاشکرا دەکات.
لە کۆبەنددا، شیکارییەکانی میدیا ئەمریکییەکان نیشان دەدەن شکستی کۆماریخوازان دەبێت ئەنجامی تێکەڵبوونی قەیرانی ئابووری، دابەزینی جەماوەریبوونی دۆناڵد ترەمپ، جەنگی ئێران، نیگەرانی لە گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا و کۆمەڵێک لە هەڵە سیاسی و هەڵبژاردنییەکان بزانرێت. لەم نێوەندەدا، قەیرانی تێچووی ژیان گرنگترین زەمینەی ناڕەزایەتیی گشتی بوو و جەنگی ئێران، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باجە بازرگانییەکان یارمەتیی قورسترکردنیان دا. لە لایەکی ترەوە، بوونی هەڵبژاردنی کۆنگرێس بە هەڵسەنگاندنی کارکردی کەسی سەرۆک بووە هۆی ئەوەی کۆماریخوازان نەتوانن بە دوورکەوتنەوە لە ترەمپ، تێچووی سیاسیی بڕیارەکانی حکومەت کەم بکەنەوە. دیموکراتەکانیش بە چڕبوونەوە لەسەر پرسە ئابوورییەکان و ڕاکێشانی پشتگیریی دەنگدەرە سەربەخۆکان، لەم بارودۆخە سوودمەند بوون.
بەم حاڵەشەوە، لێکەوتەی گرنگتری شکستی کۆماریخوازان ڕەنگە تێپەڕێت لە گۆڕانی زۆرینە لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەراندا. ئەم هەڵبژاردنە نیشانی دا هاوپەیمانیی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ، بە پێچەوانەی چەمکی ڕێبەرانی کۆماریخواز، یەکگرتووییەکی گەرەنتی کراوی نییە و پشتگیریی گرووپێک لە دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ۲۰۲۴دا بە مانای هاوڕێیەتیی بەردەوامی ئەوان لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتدا نییە. ئێستا کۆماریخوازان بێجگە لە لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس، ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتین سەبارەت بە داهاتووی پارتەکەیان: ئایا دەبێت هێشتا ستراتیژیی سیاسیی خۆیان لەسەر تەوەری کەسی دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا بنیات بنێن، یان بۆ داڕشتنەوەی هاوپەیمانیی هەڵبژاردن، بەرەو ڕاکێشانی کۆماریخوازە نەریتییەکان، دەنگدەرە سەربەخۆکان و ئەو گرووپانە هەنگاو بنێن کە لە هەڵبژاردنی دواییدا لەم پارتە دوور کەوتنەوە؟
دەرەنجامی شیکاریی میدیا ئەمریکییەکان ئەوەیە کە جەنگی ئێران یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی شکستی کۆماریخوازان بوو، بەڵام ڕەگی قووڵتری سەرنەکەوتنی ئەم پارتە لە کەلێنی نێوان بەڵێنە هەڵبژاردنییەکانی ترەمپ و کارکردی حکومەتەکەی دایە. سەرۆکی ئەمریکا بە بەڵێنی کەمکردنەوەی تێچووەکانی ژیان، بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆ و خۆبەدوورگرتن لە جەنگە دەرەکییەکان گەڕایەوە بۆ دەسەڵات، بەڵام لە ئاستانەی هەڵبژاردنی نیوەی خولدا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی فشاری ئابووری، جەنگێکی تێچوودار و دابەزینی متمانەی گشتی بووەوە. ئەم دژبەرییە، لە پاڵ هەڵە هەڵبژاردنییەکانی کۆماریخوازاندا، زەمینەسازی شکستی ئەم پارتە و گەڕانەوەی دیموکراتەکان بوو بۆ زۆرینەی کۆنگرێس.
بۆچوونی بەکارهێنەران