وەزیری دەرەوەی عێراق: لەسەر داوای ئەمریکا دەروازە سنوورییەکانمان لەگەڵ ئێران داخست
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الجزیرە" ڕایگەیاند، بارودۆخی ناوچەکە ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات، لەکاتێکدا عێراق بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز زیانی 60 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە، بەڵام دوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن و تاران هەناردەی نەوتیان دەستپێکردوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: "واشنتن بە فەرمی داوای داخستنی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی لەگەڵ ئێران کردووە جگە لە 2 دەروازە"، و جەختیکردەوە کە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق ڕەتدەکەنەوە، هاوکات زانیارییان لەسەر ئەو لایەنە بیانییانە هەیە کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن.
سەبارەت بە دۆسیەی چەکدارەکان، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت لەگەڵ 4 گروپ گەیشتوەتە ڕێککەوتن، کە تێیدا عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەیدوشوهەدا قایل بوون، و دانوستان لەگەڵ نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵاش بەردەوامە؛ هەروەها ئاماژەی بە مەترسیی چەکدارانی داعش لە سنووری سووریا کرد و پێکهێنانی لیژنەیەکی چوارقۆڵیی لە نێوان عێراق، سووریا، ئوردن و تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە ڕاگەیاند.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، "کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت تەنها لە ڕێگەی دیالۆگەوە بێت نەک پێکدادانی چەکداری، و سەبارەت بەم پرسەش لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین؛ هەروەها هەوڵدەدەین ناکۆکییەکانمان لەگەڵ سعوودیە لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاشکاوانەوە چارەسەر بکەین".
بۆچوونی بەکارهێنەران