ڕۆیتەرز: دیمەشق و کوردەکان لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی ناکۆکییەکی قووڵیان هەیە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا، ئەزموونی کوردانی سووریا لە زیندووکردنەوەی زمانی دایکی و فراوانکردنەوەی خوێندن بە زمانی کوردی دەگێڕێتەوە و نیشان دەدات چۆن گۆڕانکارییەکانی جەنگی سووریا دەرفەتیان ڕەخساند بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە پەراوێزی سیستەمی پەروەردە دەربچێت و بێتە ناو قوتابخانەکان و ناوەندە فەرهەنگییەکانەوە. ئەم دەستکەوتانە ئێستا لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی سووریا و تێکەڵکردنی بونیادە کارگێڕییەکانی ناوچە کوردنشینەکان لە ناو دەزگا حکومییەکاندا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ بوونەتەوە.
ڕۆیتەرز لەم ڕاپۆرتەدا کە وێنە و گێڕانەوەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی سەرەتای خۆبەڕێوەبەریی کورد، ئاماژە بە گۆڕانی بارودۆخی خوێندنی زمانی کوردی دەکات لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی سووریا لە ساڵی ۲۰۱۱دا؛ سەردەمێک کە لە ماوەیدا کوردانی سووریا توانییان دوای دەیان ساڵ بێبەشبوون لە خوێندنی فەرمی بە زمانی دایکی، قوتابخانە، ناوەندەکانی پەروەردە و دەزگا فەرهەنگییەکانی خۆیان دامەزرێنن.
پێش دەستپێکردنی جەنگی سووریا، خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەم وڵاتەدا قەدەغە بوو و سیاسەتەکانی حکوومەتی حزبی بەعس، لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی عەرەبی، ڕێگری لە گوتنەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی کردبوو. بڵاوکردنەوەی کتێب و بابەتی فەرهەنگی بە زمانی کوردی دەبووە هۆی ئەوەی چالاکوانانی ئەم بوارە ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئەمنی ببنەوە. ڕۆیتەرز لە گێڕانەوەکەیدا ئاماژە بە سەرگوزەشتی خێزانێکی کورد لە قامیشلو دەکات کە باوکی خێزانەکە بەهۆی لێدانی تایپ و بڵاوکردنەوەی بابەتی کوردییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە درابوو، ئەم ئەزموونەش وا لە منداڵەکەی کردبوو خۆی لە فێربوونی زمانی دایکیی بپارێزێت.
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی سووریا و پێکهێنانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەدا، بارودۆخەکە بەڕێوەچوون گۆڕا. خوێندنی زمانی کوردی خرایە ناو قوتابخانەکانەوە، ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی کتێب چالاکییەکانیان پەرە پێ دا و چالاکوانە فەرهەنگییەکان توانییان لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، پەروەردە و ڕێکخستنی ئاهەنگ و فێستیڤاڵە فەرهەنگییەکاندا کار بکەن. نەوەی نوێی قوتابییانیش لە ژینگەیەکدا گەورە بوون کە فێربوونی زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە سیستەمی پەروەردەدا بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.
لەو سەردەمەدا، دەزگا پەروەردەیییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەرنامەی خوێندنیان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سۆریانی ئامادە کرد و خوێندنیان بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم دەزگایانە هەزاران قوتابخانە و ناوەندی پەروەردەییان بەڕێوە دەبرد و خوێندنی زمانی کوردییان تا پۆلی دەیەم بردە پێشەوە. لە پۆلەکانی یانزەهەم و دوازدەهەمدا، لە هەندێک قوتابخانەدا هێشتا مامۆستایانی وابەستە بە بونیادی پەروەردەیی حکوومەتی سووریا بەرپرسایەتیی گوتنەوەیان لە ئەستۆ بوو.
ڕۆیتەرز هەروەها ئاماژە بە گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە قامیشلو دەکات. لەم شارەدا، ئەو کەسانەی پێشتر بەهۆی پێوەگرتنی کتێبی کوردییەوە مەترسیی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانیان لەسەر بوو، توانییان کتێبفرۆشی دامەزرێنن و چالاکیی فەرهەنگی ئەنجام بدەن. چاپخانەکان، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و فێستیڤاڵە فەرهەنگییەکانیش بوون بە بەشێک لە گۆڕەپانی گشتیی ناوچە کوردنشینەکان.
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، خوێندنی زمانی کوردی لە سەردەمی بەڕێوەبەریی خۆسەردا ڕووبەڕووی کێشە بووەوە. بڕوانامەکانی دەرچوو لە هەندێک ناوەندی پەروەردەیی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی سووریا و دەزگاکانی دەرەوەی وڵاتەوە بە فەرمی نەدەناسران و کۆمەڵێک خێزان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوونی خوێندنی منداڵەکانیان لە زانکۆکانی سووریا و دەرەوەی وڵات دەربڕی. هەروەها جۆرێک لە ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکانی خوێندن، ڕێژەی ئامادەبوونی زمانی کوردی و پێگەی زمانەکانی تر لە قوتابخانەکاندا هەبوو.
لە گێڕانەوەی ڕۆیتەرزدا، یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی چالاکوانە فەرهەنگییە کوردییەکان بریتی بوو لە ئەگەری لەدەستچوونی دەستکەوتە پەروەردەیییەکان ئەگەر پێکدادانەکان بگەڕێنەوە یان بارودۆخی سیاسی بگۆڕێت. هەندێک لە مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردەیی دەگوت خێزانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی کتێبە کوردییەکان ناچار بوون بیشارنەوە یان لە حاڵەتی هەڕەشەی ئەمنیدا بیسووتێنن. ئێستاش سەرەڕای پەرەسەندنی چالاکییە فەرهەنگییەکان، نەبوونی ڕێککەوتنێکی سیاسیی پایەدار سەبارەت بە داهاتووی ناوچە کوردنشینەکان، هێشتا وەک هۆکارێکی نیگەرانیی مایەوە.
ئەم نیگەرانییانە دوای گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا و ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ۲۰۲۴دا، هاتنە قۆناغێکی نوێوە. لە کانوونی دووەمی ۲۰۲۶دا، حکوومەتی سووریا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە کۆنترۆڵی بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی گرتە دەست و ڕێککەوتن بۆ تێکەڵکردنی بونیادە سەربازی و ناڕەسمییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەزگاکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناو بونیادی حکوومەتی ناوەندیدا پێکهات. ئەم گۆڕانکارییانە پێگەی سیاسیی کوردیان گۆڕی و پرسی پاراستنی دەستکەوتە فەرهەنگی و پەروەردەیییەکانی سەردەمی بەڕێوەبەریی خۆسەری کردە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق.
لەو بارودۆخەدا، حکوومەتی سووریا لە کانوونی دووەمی ۲۰۲۶دا بە دەرکردنی فەرمانی ژمارە ۱۳، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی بە فەرمی ناساند و زەمینەی گوتنەوەی لەو ناوچانەدا کە ژمارەیەکی بەرچاوی کورد نیشتەجێن، ڕەخساند. وەزارەتی پەروەردەی سووریاش ڕێوشوێنی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا ئامادە کرد. سەرەڕای ئەوەش، چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرپرسانی کوردی، مامۆستایان و قوتابییان بووەتەوە.
لەسەر بنەمای بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا سنووردار کراوە. هەروەها دەرفەت درا بە گوتنەوەی هەندێک بابەت وەک مێژوو، جوگرافیا، لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان و فەلسەفە بە زمانی کوردی، بەڵام بوارەکانی بیرکاری و زانست دەبێت بە زمانی عەرەبی بگوترێنەوە. ئەم سنووردارکردنە لە دۆخێکدا پەیڕەو دەکرێت کە قوتابییانی ناوچە کوردنشینەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری خوێندنەکەیان بە زمانی کوردی تێپەڕاندووە و ئێستا گۆڕینی زمانی خوێندن زەحمەتیی بۆ دروست کردوون.
هەندێک لە قوتابییە کوردەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندنی نوێدا لە قامیشلو و ناوچە کوردنشینەکانی تردا لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆڕینی بەرنامەی خوێندن و سنووردارکردنی خوێندن بە زمانی دایکی کۆ بوونەوە. سوزان عەلی، قوتابیی ۱۶ ساڵە، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڕۆیتەرزدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای خوێندنەوە تا پۆلی یانزەهەم بە زمانی کوردی خوێندوویەتی و تەنها سێ کاتژمێری هەفتانە بۆ ئەم زمانە قبووڵ ناکات. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەو قوتابییانەی لە سەرەتاوە بە زمانی کوردی خوێندوویانە، دەبێت بتوانن خوێندنیان تا زانکۆش بە هەمان زمان بەردەوام بکەن.
مەروە ئامو، قوتابیی ۱۸ ساڵەش، ڕایگەیاند کە لە ناڕەزایەتییەکاندا داوای گەڕانەوەی بۆ بەرنامەی خوێندنی پێشوو کردووە کە تێیدا هەموو بابەتەکان بە زمانی کوردی دەگوتراونەوە. ئەو ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە ناڕەزایەتییەکانی بۆ پاراستنی ئەم مافە.
محەمەد عەبدولڕەحمان تورکو، وەزیری پەروەردەی سووریا، لە ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە دژوارییەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی خوێندنی تەواو بە زمانی کوردی، ئاماژەی بە کەمبوونی مامۆستای پسپۆڕ بۆ گوتنەوەی گشت بابەتەکان و کێشەی بەردەوامبوونی خوێندنی قوتابییان لە زانکۆکاندا کردووە. ئەو گوتوویەتی وەرگێڕانی تەواوی بەرنامەی خوێندن بۆ زمانی کوردی بەهۆی سنوورداربوونی هێزی پەروەردەیی و پێویستیی هەماهەنگیی سیستەمی پەروەردە لەگەڵ زانکۆکانی سووریادا کارێکی سەخت دەبێت.
ئیلهام ئەحمەد، یەکێک لە بەرپرسە سیاسییە باڵاکانی کوردانی سووریا، فەرمانی ناساندنی زمانی کوردی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بەڵام ناتەواو وەسف کردووە. ئیلهام ئەحمەد جەخت دەکاتەوە کە هەموو بابەتەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەبێت بە زمانی کوردی بگوترێنەوە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی دەبێت لە دەستووری داهاتووی سووریادا گەرەنتی بکرێت. لە ڕوانگەی بەرپرسانی کوردەوە، ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانی نیشتمانی بە بێ دابینکردنی مافە پەروەردەیییەکان و دەرفەتی بەکارهێنانی ئەم زمانە لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندنیدا، ناتوانێت وەڵامدەری داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی سووریا بێت.
لە هەمان کاتدا، محەمەد ئەحمەد، یەکێک لە مامۆستایانی کورد، داوای کردووە ماوەیەکی گواستنەوەی یەک تا دوو ساڵ بۆ گونجاندنی قوتابییان لەگەڵ بەرنامە پەروەردەیییە نوێیەکەدا لە بەر چاو بگیرێت. ئەو پێی وایە گۆڕینی لەناکاوی زمانی گوتنەوە دەتوانێت بۆ ئەو قوتابییانەی هەموو سەردەمی خوێندنیان بە زمانی کوردی تێپەڕاندووە، کێشەی جدی دروست بکات.
ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز نیشان دەدات کە پرسی خوێندنی زمانی کوردی لە سووریادا ئیتر تەنیا بابەتێکی فەرهەنگی و پەروەردەیی نییە، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی ململانێ لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ناوچە کوردنشینەکان لە بونیادی حکوومەتی ناوەندیدا. لە لایەکەوە، حکوومەتی دیمەشق جەخت لەسەر پێویستیی دروستکردنی سیستەمێکی پەروەردەیی یەکگرتوو و هەماهەنگ لەگەڵ بونیادی زانکۆیی وڵاتدا دەکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە، بەرپرسان و کۆمەڵگەی کوردی نیگەرانن لەوەی کە سنوورداربوونی خوێندن بە زمانی دایکی، دەستکەوتە چەند ساڵەی سەردەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر لاواز بکات.
ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە خوێندنی زمانی کوردی بۆ کۆمەڵگەی کوردیی سووریا لە دەرەوەی فێربوونی زمانێکدا لە گوتنەوەی بابەتە جیاوازەکاندا دەوەستێت و پەیوەندیی بە پاراستنی ناسنامەی فەرهەنگی، گواستنەوەی میراتی زمانی بۆ نەوەی نوێ و بەرگریی لە مافی یەکسانەکانی هاووڵاتیبوونەوە هەیە.
بۆچوونی بەکارهێنەران