خبر 2026-10-29 16:50 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

فەرماندەکانی سنوورەوانیی ئێران و عێراق جەخت لە ئاسانکاریی هاتوچۆ لە مەرزی باشماخ دەکەنەوە

فەرماندەکانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی مەریوان و کۆماری عێراق لە ناوچەی هەڵەبجە، لە دیدارێکی بەپەلەدا لە مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، جەختیان لەسەر لادانی ئاستەنگەکانی بەردەم هاتوچۆی شۆفێران و بارهەڵگرەکان، ئاسانکاری بۆ ڕێبواران و بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیداری لەناکاوی فەرماندەکانی سنووریی ئێران و عێراق بە میوانداریی لایەنی عێراقی لە دەروازەی سنووریی باشماخ بەڕێوە چوو؛ لەو کۆبوونەوەیەدا دوایین دۆخی سنووری هاوبەش و ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
لەو دانیشتنەدا، عەقید عەلی دەلیکوەند، فەرماندەی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی مەریوان، و عەقید سەرکەوت عەلی ساڵح، فەرماندەی سنووریی عێراق لە ناوچەی هەڵەبجە، بیروڕایان لەبارەی ڕێگەچارەکانی زیاتربوونی هەماهەنگییە سنوورییەکان و نەهێشتنی ئاستەنگە بەردەستەکان ئاڵوگۆڕ کرد.
هەردوو لایەن بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی مافی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، داوای ئاسانکاری و خێراکردنی هاتوچۆی ڕێبواران و ئۆتۆمبێلەکانیان لە مەرزی باشماخ کرد و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان بۆ بەڕێوەبردنی باشترکردنی دۆخی سنوور کردەوە.
پێشگیری لە چالاکییە تێکدەرانەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاغی کەلوپەل و شتومەکی قەدەغەکراو، و ڕێگری لە سەرپێچییە سنوورییەکانی دیکەش، تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەن بوو.
لە درێژەی دیدارەکەدا، فەرماندەکانی سنووریی ئێران و عێراق پێکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخی عێراق، سەردانی بەشەکانی پەیوەندیدار بە ترانزیت و ئاڵوگۆڕی کەلوپەل، پردی سنووری و پارکینگەکانی دەروازەکەیان کرد؛ لە نزیکەوە ئاگاداری ڕێڕەوی هاتوچۆی بارهەڵگرە ئێرانی و عێراقییەکان، کێشەی شۆفێران و ئاستەنگەکانی بەردەم گواستنەوەی کەلوپەلەکان بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی خێرای گرفتەکان و لادانی بەربەستەکانی بەردەم چوونەژوورەوە و هاتنەدەروەی بارهەڵگرەکان کردەوە، بە ئامانجی ئاسانکردنی گواستنەوە و خێراکردنی کارەکانی هەناردەکردن و هاوردەکردن لە مەرزی باشماخەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.