فازڵ میرانی: دەبێت کورد بەشێک لە چارەسەر بێت، نەک قوربانیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، لە پەراوێزی هەژدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی کورد هەڵوێستی خۆی دەربڕی.
میرانی ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان کرد و گوتی: «هەمووان باسی گۆڕانکاری دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین ئەم گۆڕانکارییانە چیین و بە چ سازوکارێک ئەنجام دەدرێن.»
ناوبراو جەختی کردەوە: «ڕۆژێک ئاشتی باشتر و شیرینترە لە سەد ڕۆژ جەنگ؛ دەبێت بەشێک بین لە چارەسەرەکان، نەک بەشێک لە قوربانییەکان.»
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی هەوڵی هاوبەش کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و گوتی، نابێت ڕێگە بدرێت ئەم دەستکەوتانە لەدەست بچن.
میرانی هەروەها ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەوپێش دەچن.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش وتی، هەر جۆرە سەپاندنێکی ئیرادە پێچەوانەی دەستوور ڕەت دەکەنەوە و جەختیشی کردەوە کە دەبێت تەواوی لایەنە کوردییەکان لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، هاودەنگ و خاوەن هەڵوێستێکی یەکگرتوو بن.
بۆچوونی بەکارهێنەران