کورد بۆ چارسەرکردنی پرسەکانی، دەبێت لە سەنتەرەکانی بڕیارداندا ئامادە بێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، ئەم ئەزموونەی بە نموونەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی دەوروبەری کورد ناو برد و جەختی کردەوە کێشەی کورد لە ناوچەکەدا ڕێگەچارەی سەربازیی نییە و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ساڵانێک پێکدادان و ناسەقامگیری بێت.
قوباد تاڵەبانی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری «نەشناڵ» دەربارەی جەنگی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران جەختی کردەوە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، واشنتۆن و لایەنەکانی دیکەی ئەو جەنگەیان ئاگادار کردبووەوە کە ڕێگە نادەن هەرێمی کوردستان بێتە سەکۆ و پێگەیەک بۆ ئاڕاستەکردن یان ئەنجامدانی هێرشەکان.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی ئایاردا وتبووی لە کوردەکان بێئومێد بووە. دۆناڵد ترەمپ بە بێ خستنەڕووی زانیاریی ورد ئیدیعای کردبوو کە ئەمریکا بڕێک چەک و تەقەمەنیی خستووەتە بەردەستی گرووپە کوردییەکان، بەڵام ئەم کەلوپەلە سەربازییانە نەگەیشتوونەتە ئەو شوێنەی مەبەست بووە.
قوباد تاڵەبانی گوتی لە جۆر و چارەنووسی ئەو چەکانەی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی پێ کردوون بێئاگایە و ئەم چەکانە نەدراونەتە دەست ئەو یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ناوبراو گوتی: «نازانم ئەم چەکە نهێنییانە چی بوون، لە کوێ بوون و دراونەتە کێ. ئەوەندە دەزانم ئەم چەکانە نەدراونەتە من یان ئێمە. پێم وایە هەر کەسێک ئەم چەکانەی ڕادەست کردبێت، خۆی دەزانێت داونیەتە کێ.»
بە نووسینی «نەشناڵ»، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کاتی جەنگەکەدا هەوڵیان دابوو ڕێگری بکەن لە ڕاکێشرانی ناوچەکە بۆ ناو ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران.
قوباد تاڵەبانی گوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەردوو لایەنی ڕاگەیاندبوو کە نابێت ئەم ناوچەیە بێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران. ئەو زیادی کرد بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەروەها هۆشدارییان دابووە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان کە خاکی هەرێم بۆ ئۆپەراسیۆن دژ بە ئێران بەکار نەهێنن.
قوباد تاڵەبانی دەربارەی بوون یان وردەکاریی ئەگەریی ڕێککەوتنی نێوان بەغداد و تاران بۆ دیاریکردنی دۆخی ئەم گرووپانە هیچ لێدوانێکی ڕاستەوخۆی نەدا، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی شوێنکەوتنی ڕێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردەوە. ئەو گوتی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە دەبێت ببنە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان گوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لەم ڕێڕەوە کردووە و لە بواری هاندانی لایەنەکان و هاوکاریی لۆجیستیکیدا ڕۆڵی هەبووە؛ بەم حاڵەشەوە، جەختی کردەوە کە پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەبێت لەلایەن خۆی لایەنە بەشدارەکانەوە بەڕێوە ببرێت.
قوباد تاڵەبانی هەروەها داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) —کە هێزێکە بە ڕێبەریی کوردەکان لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا— کرد کە ڕێگەی دانوستانی سیاسی لەگەڵ دیمەشق بگرنە بەر و چارەسەری ناکۆکییەکان کورت نەکەنەوە لە بژارەی سەربازیدا. ئەو گوتی: «بۆ کێشەی کورد لە سووریادا هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی لە ئارادا نییە.»
ئەو ئەزموونی کوردەکانی عێراقی دوای ساڵی ۲۰۰۳ی وەک نموونەیەک بۆ گرنگیی بەشداریی سیاسی و گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا زانی و گوتی کوردەکانی عێراق مافە دەستوورییەکان و سیستەمی فیدراڵییان لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ بەغداد دەستکەوتووە، نەەک بە مانەوە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوون. بە وتەی قوباد تاڵەبانی، وەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان و چەسپاندنیان پێویستی بە ئامادەیی لە سەنتەرەکانی بڕیارداندا هەیە.
قوباد تاڵەبانی ڕەوتە سیاسییەکانی لە تورکیا و سووریادا بە ڕەوتێکی ڕوو لە پێشکەوتن هەڵسەنگاند، بەڵام گوتی ئەم پرۆسانە ئاڵۆزن و کاتیان پێویستە. ئەو هۆشداریی دا کە لە ڕێگەی هەر ڕێڕەوێکی ئاشتیدا ڕەنگە کەسانێک یان ڕەوتێک هەوڵی تێکدانی بدەن و داوای لە لایەنەکان کرد ڕێگە نەدەن پەراوێز و ناڕەزایەتییەکان لە ئامانجە سەرەکییەکەیان دوور بخەنەوە.
ئەو بە ئاماژەدان بە زیادبوونی پێکدادان و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا گوتی: «زۆر زیاتر لە ئاستی پێویست تووشی پێکدادان بووین و ئاڵۆزیمان بینیوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئاشتی بێتە دی.»
بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ۲۸ی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر ئەم ناوچەیە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی حکوومەتی نوێی عێراق گوشار دەهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و بە دەستپێکردنی ڕەوتی چەکداماڵینیان هیوادارە. بە وتەی ئەو، پابەندبوونی هەندێک لە گرووپە گەورەترەکان دەتوانێت گرووپەکانی دیکەش هان بدات شوێن ئەم ڕێڕەوە بکەون.
ناوبراو هاوکات جەختی لەسەر گرنگیی بەرفراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا کردەوە و گوتی ئەم هاوکارییانە دەتوانن بوارەکانی وەک کارە نوێیەکان (ستارتاپ)، تەکنەلۆجیا، ژێرخان، وزەی پاک و داهێنان لەخۆ بگرن. قوباد تاڵەبانی هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک زەمینەیەک بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری زانی و ئیماراتی بە خاوەنی ئەزموون و توانایەک هەڵسەنگاند کە دەتوانێت یارمەتیدەری گەشەی ئابووریی هەرێم بێت.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کرد. دوو ساڵ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێم لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲٤دا، ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێشتا بووەتە ڕێگر لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. قوباد تاڵەبانی ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بافل تاڵەبانیی برای ڕێبەریی ئەم پارتە دەکات.
جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی بە هۆکاری شەرمەزاری زانی و گوتی ئەم دۆخە ڕەنگە ببێتە هۆی بێئومێدبوونی زۆربەی دۆست و هاوبەشە دەرەکییەکانی هەرێم. ئەو زیادی کرد کە کارکردن لە پلەی جێگری سەرۆکی وەزیراندا بۆ دوو ساڵ بێ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دۆخێکی پەسەند نیست و هیوای خواست حکوومەتی داهاتوو کارکردێکی باشتری لە حکوومەتەکانی پێشوو هەبێت.
قوباد تاڵەبانی لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر پێویستیی ئامادەیی چالاکانەی ڕێبەرانی کورد لە بەغداد کردەوە و گوتی بڕیارە سەرەکییەکانی عێراق لە پایتەخت دەدرێن و پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا بە بڕیارەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە بەستراونەتەوە. بە وتەی ئەو، بەشێک لە پرسەکان دەکرێت لە ناوخۆی هەرێمدا چارەسەر ببن، بەڵام بۆ ڕاگەیشتن بە پرسە بنەڕەتییەکان، ئامادەبوون لە بەغداد پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئەو لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی دیکەی وەک قاچاغیی ماددە هۆشبەرەکان، قاچاغیی مرۆڤ و سپیکردنەوەی پارە کرد و گوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو لەگەڵ دەوڵەتە هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهاندا هاوکاری دەکات. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی ئەگەریی نێوان تۆڕەکانی قاچاغیی ماددە هۆشبەرەکان، قاچاغیی مرۆڤ و سپیکردنەوەی پارە، جەختی لەسەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش بەرامبەر ئەم تۆڕانە کردەوە.
بە گوێرەی «نەشناڵ»، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە سەنتەرەکانی چالاکیی تۆڕەکانی قاچاغیی مرۆڤ و توێژینەوەکانی ئەم گۆڤارە نیشانی دەدەن باندگەلێک لە ناوچەی ڕانیە خەریکی چالاکین و پەیوەندییان بە تۆڕە تاوانکارییەکانەوە لە ئەورووپادا هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تۆڕانە لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا و فەرەنسادا هاوکاریی بەردەوامی کردووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران