بارزانی: گرنگە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە تا کەس لە جێگەی کریستیانەکان بڕیار نەدات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعوود بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان ڕێکخستووەتەوە و پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق دەکەن لە چوارچێوەی پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
سەبارەت بە پێکهاتەکانیش، سەرۆکی پارتی جەختی لە ماف و شەڕاکەتی کریستیانەکان کردەوە و ڕایگەیاند: ''دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و گرنگە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی کریستیانەکان خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن و کەس لە جێگەی ئەوان بڕیار نەدات".
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش، بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەوان لە سەرەتاوە بەشێک نەبوون لە ئاڵۆزییەکان و بەشێکیش نابن لە ململانێکان، و پێیان باشە هەموو لایەک کێشەکانیان بە گفتوگۆ و ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکەن.
لای خۆیانەوە، شاندی ئەمەریکی پابەندیی وڵاتەکەیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند: ''کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی پابەندییەکانی ئەمەریکا نایەت و لە ڕووی ئاسایش، ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە هاوبەشیی لەگەڵ هەرێم و عێراق بەردەوام دەبێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران