دادگای فیدراڵی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم بڕیار و هەڵوێستەی دادگا لە پاش تۆمارکردنی چەند سکاڵایەکی جیاواز هات لەلایەن چەند پەرلەمانتار و سەرکردەیەکی سیاسییەوە؛ لەوانەش سکاڵای یەکەم کە لەلایەن ئەکبەر غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەسەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو، و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرابوو کە ماوەی یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و نابێت چیتر دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت.
هاوکات سکاڵای دووەم لەلایەن ڕێبوار عەبدولڕەحمان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێوە، لەسەر مەسروور بارزانی تۆمار کرابوو، کە ئەویش هەمان خاڵی پێشووی ورووژاندبوو و داوای کردبوو ڕێگری لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکوومەت بکرێت بەهۆی کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییەکەیەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی پەرلەمانیش، سکاڵای سێیەم لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە لەسەر سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو، کە تێیدا داوای کردبوو بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دەستووریی خولی شەشەمی پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
بەڵام دادگای فیدراڵی دوای تاوتوێکردنی، داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت کردەوە و بڕیاردانی لەسەر پرسی کاربەڕێکەرکردنی حکوومەتیش بۆ مانگی داهاتوو هەڵپەسارد.
بۆچوونی بەکارهێنەران