خبر 2026-10-20 09:01 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

یەبەشە لەسەر چوونە ناو سیستەمی ئەمنیی عێراق و دۆخی شنگال زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

وتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی تەبایی و چوونە ناو سیستەمی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال، لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و گەیشتوونەتە چەندین لێکتێگەیشتن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هادی ئەلیاس، وتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئاشکرای کرد کە لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی حکوومەتی عێراق دەست پێکردووە. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی باش بۆ ڕێکخستن و چوونە ناو سیستەمی دەوڵەتی عێراق.

ئەلیاس ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم هەنگاوە لە خزمەتی سەروەریی عێراقدایە و پرسی ئەمنی و ڕێکخستنی فەرمی، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پاراستنی ناسنامە و دەستکەوتەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.

وتەبێژی یەبەشە جەختی لەوەش کردەوە کە کێشەکانی شنگال تەنیا لە ڕەهەندی ئەمنیدا کورت نابنەوە، بەڵکوو پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان و ڕفێندراوانی دەستی داعش بابەتی بنەڕەتین و پێویستیان بە چارەسەری یاسایی و فەرمی هەیە. روونیشی کردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە چەندین خاڵدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هادی ئەلیاس دەڵێت: "درێژەکێشانی پڕۆسەی ڕێککەوتنەکە کارێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی بابەتەکە پەیوەستە بە داهاتووی کۆمەڵگە، جوگرافیا، مافی ژنان و دەزگا ئەمنییەکان." هەروەها هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پڕۆسەیە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت لە خزمەت سەقامگیری و سەروەریی عێراق و کۆمەڵگەی ئێزدیدا.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێکی چەکداری ئێزدییەکانە لە ناوچەی شنگال، کە لە دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 پێکهێنرا.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆ کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر دەرکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت و گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە لە ناوچەکە کرابووەوە. لە ماوەی ڕابردووشدا عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی پەکەکەی دەرکرد، ئەمەش وای کردووە یەبەشە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆوە وەک هێزێکی فەرمی و یاسایی بخرێتە سەر دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی حکوومەتی عێراق و لە هەڕەشەکان پارێزراو بێت.

زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.