خبر 2026-10-19 08:55 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ژێئۆپۆلیتیکی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ خوێندنەوەی دووبارەی پێگەی کورد و گفتوگۆ ستراتیژییەکانی ناوچەکە / مەنسوور ڕەحیمی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکێک لە ئاڵۆزترین و خێراترین قۆناغەکانی گوزەری ژێئۆپۆلیتیکی و ئەمنیی خۆیدا دەژی. بەیەکگەیشتنی شەڕە نیابەتی و ڕاستەوخۆکان، سێبەری قورسی ململانێکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، و گۆڕانکارییە لێڵ و ئاڵۆزە ئەمنییەکان، ئاسۆی ئایندی ناوچەکەیان خستووەتە دۆخێکی تەمومژاوییەوە. لەم نێوەندەدا، جوگرافیا و پێکهاتەی سیاسیی کورد لەسەر ئاستی ناوچەیی و بە تایبەت هەرێمی کوردستان، سەنتەری بەیەکگەیشتنی ئەم گوشار و گۆڕانکاریانەیە.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی «مێری» لە هەولێر و ڕەخنەی ڕاشکاوانەی ناوبراو لە ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران لە ناوەڕاستی بەرەنگاربوونەوەکانی ئەمدواییەدا، ڕەنگدانەوەی کەلێنە پێکهاتەییەکان، ململانێ ناوخۆییەکانی حیزب و ئاڵنگارییە ستراتیژییە گەورەکانە لە پانتایی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان و عێراقدا. بۆ تێگەیشتنی ورد لەم دیاردەیە، دەبێت کۆمەڵێک لە بابەتە بەیەکەوەبەستراوە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە شێوازێکی سیستماتیک لە بێژنگ بدرێن.

۱. ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کاردانەوە بەرامبەر ڕەوتە دژبەرەکانی ئێران

لە دۆخێکدا کە گرژییە ناوچەیییەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان، هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە بنەڕەتییە بووەتەوە کە چۆن ڕێگری بکات لە بوونی خۆی بە سەنتەری ململانێ یان مەیدانی یەکلاکردنەوەی حسابی هێزە دەرەکییەکان. جەختکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم لەسەر ئەوەی کە جوولەی هەندێک لە ڕەوتە چەکدارەکانی دژبەری ئێران لە ناوەڕاستی قەیرانەکەدا، پێگەی هەرێمیان خستووەتە مەترسییەوە، ڕیشەی لە ڕاستییە ڕووتە ئەمنییەکاندا هەیە.

لە لایەکەوە، ئیدیعای بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکان (لەوانە ئەو لێدوانانەی لە دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پڕچەککردن و دواتر ون بوونی کەلوپەلی سەربازی لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە خسترانە ڕوو) و لە لایەکی دیکەشەوە، مانۆڕی سەربازی و جوولەی مەیدانیی ڕەوتە چەکدارەکانی دژبەری ئێران، کەشوهەوای ئەمنیی هەرێمیان بەتەواوی ئاڵۆز و هەستیار کردووەتەوە. لە ڕوانگەی پێکهاتەی سیاسیی هەرێمەوە، هر جۆرە ڕەفتارێکی نابەرپرسیارانە یان خەمڵاندنی هەڵە لەلایەن ئەم گرووپانەوە، زەمینەی یاسایی و ڕەوا بۆ ئەکتەرە دەوروبەرەکان (بە تایبەت ئێران) بە پشتبەستن بە بڕگەی ماددەی ۵۱ی پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەپێناو گوشارخستنە سەر سەروەریی هەرێمی کوردستان یان سەپاندنی گوشاری ئابووری و ئەمنی دەخوڵقێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نێوان هەڵوێستە فەرمییەکانی هەولێر و هەندێک لە ڕەوتە سیاسییە پەراوێزییەکاندا، جیاوازیی بڕوای جدی سەبارەت بە ئاستی ڕەوایەتی، شێوازی جێگیربوون و چالاکیی ئەم ڕەوتانە هەیە کە خۆی بووەتە هۆی پەرەپێدانی گرژییە ناوخۆییەکانی هەرێم.

۲. پشکنینی ناکۆکی و دابڕانە ناوخۆییەکانی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا

قەیرانی ئەمدواییە و پەراوێزەکانی دانیشتنی «میری» نیشانیان دا کە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ڕێبەریی ڕەوتە سەرەکییەکانی (پارتی و یەکێتی) و هەروەها پایەکانی دیکەی بزووتنەوە کوردییەکان، تووشی کەلێنی قووڵ بوونەتەوە.

جیاوازیی ڕوانگە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد، تاران و ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکاندا هەمیشە بوونی هەبووە. لە کاتێکدا ڕێبەرانی یەکێتیی نیشتمانی لە راوێژە سەرەتاییەکان بۆ پێکهێنانی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ لەگەڵ تاران دەدوێن، هەڵوێستە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشاندەری هەستیاریی زۆرن بەرامبەر هر جۆرە هەنگاوێکی خۆسەرانەی ئەمنی کە سەقامگیریی هەرێم بخاتە مەترسییەوە.

بەیاننامە و پەرچەکردارە توندەکانی مەکتەبە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتەکانی دیکە بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنە ناوچەیییەکان و قۆرغکاری لە بانگهێشتکردنی ڕەوتە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان (وەک ناڕەزایەتیی نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ENKS)، نیشان دەدات کە دیاردەی «دەسەڵاتخوازیی حیزبی» و پشتگوێخستنی فرەییی سیاسی، زیانی جدیی بە تەبا بوونی نیشتمانیی کورد گەیاندووە. قووڵیی ئەم ناکۆکییانە بە جۆرێکە کە تەنانەت هەندێک لە توێژەرانی زانکۆ، قەیرانی ڕێبەری و دوورکەوتنەوەی بژاردە سیاسییەکان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیان بە هۆکاری لەناوچوونی پلەبەپڵەی ئەرکە ڕەسەنەکانی ئەم ڕەوتانە دەزانن.

بانگهێشتنەکردنی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دانیشتنی «مێری» لە هەولێر، لە پاڵ ئامادەبوون و هەڵوێستەکانی نێچیرڤان بارزانیدا، پرسیار گەلێک سەبارەت بە ئاستی ڕێکخستن لە لووتکەی پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا دەخوڵقێنێت. لە دۆخێکدا کە مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، پەیوەندی لەگەڵ تاران و ئایندی مانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا پێویستیان بە بڕیاردانی ڕێکخراو و هاوبەش هەیە، وەلێنانی یەکێک لە بەرزترین بەرپرسە جێبەجێکارەکانی هەرێم لە دانیشتنێکی لەو شێوەیەدا، دەکرێت لە سەرووی بەشدارنەبوونی پرۆتۆکۆلییەوە مانای هەبێت. بەم حاڵەشەوە، گرنگیی ستراتیژیی بابەتەکە لەم پرسیارەدا کورت دەبێتەوە کە ئایا هەولێر لە بەرامبەر قەیرانە ناوچەیییەکاندا خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیی یەکگرتووە، یان ململانێ و ڕەچاوکردنە ناوخۆییەکانی پێکهاتەکە، توانای ئەویان بۆ وەدەستگرتنی هەڵوێستێکی یەکپارچە سنووردار کردووە.

یەکێکی دیکە لە ڕەهەندە کلیدییەکانی ئەم تابلۆیە، کەمپینی ڕاگەیاندن و کەمپینی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە سەبارەت بە «کشانەوە لە عێراق». واشنتۆن چەندین جار بە پڕۆپاگەندە و مانۆڕی ڕاگەیاندن هەوڵی داوە بوونی سەربازیی خۆی پێناسە بکاتەوە یان کارتەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و گوشارە ژێئۆپۆلیتیکییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بێنێت. بەم حاڵەشەوە، ڕاستیی مەیدانیی عێراق نیشان دەدات کە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، زیاتر لەوەی پاشەکشەیەکی پێکهاتەیی بێت، ئاڵوگۆڕێکی تاکتیکییە لە چوارچێوەی گۆڕینی ئەرکەکاندا. ئەم شانۆگەرییە ڕاگەیاندنییانە، کەشوهەوایەکی ناسەقامگیر دروست دەکەن کە ئەکتەرە ناوخۆیییەکان (لەوانە حیزبە کوردییەکان) لە خەمڵاندنە ستراتیژییەکاندا تووشی هەڵەی لێکدانەوە دەکات و بەرەو هاوپەیمانیی پرمەترسی یان پشتبەستن بە بەڵێنە شلۆقەکان پاڵیان پێوە دەنێت.

بڕیاری دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت هێزە ئەمریکییەکان لە کاتی کشانەوە لە هەرێمی کوردستان دەبێت تەواوی کەلوپەلە سەربازییەکان ببەنە دەرەوە، لە بەراورد لەگەڵ ئەزموونی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و مانەوەی قەبارەیەکی بەرچاو لە کەلوپەلی سەربازی لەو وڵاتەدا، خاوەنی مانایەکی ستراتیژییە. ئەم هەڵوێستە دەکرێت نیشاندەری هەستیاریی واشنتۆن بێت بەرامبەر چۆنیەتیی چارەنووسی کەلوپەلە سەربازییەکان و ڕێگری لە کەوتنیانە دەستی ئەکتەرەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا؛ بەڵام لە ئاستێکی دیکەدا، بیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە پشتیوانیی واشنتۆن بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی و خەمڵاندنەکانی خۆیەوە، نەەک گەرەنتییەکی هەمیشەیی بۆ ئاسایشی هاوپەیمانە ناوخۆیییەکانی. بۆ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان، پەیامەکە ڕوونە: ناکرێت ئاسایشی ستراتیژی تەنیا لەسەر بوون یان بەڵێنەکانی ئەمریکا بنیات بنرێت. لە ناوچەیەکدا کە هاوسەنگییەکان بە خێرایی دەگۆڕێن، تەبا بوونی ناوخۆیی، بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان و هەبوونی ستراتیژییەکی سەربەخۆ، لە هر کاتێک زیاتر گرنگییان هەیە.

لە ئاستێکی بەرفراوانتردا، تەواوی ئەم ململانێیانە لە زەمینە و چوارچێوەی بزووتنەوە سیاسییەکانی بەغداد بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندی و کابینەی نوێی عێراقدا مانایان دەبێت. عێراق وەک مەیدانی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، بینەری ململانێی پەردەپۆش و ئاشکرای ئەم دوو هێزە گەورەیەیە بۆ داڕشتن و دیزاینکردنی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.