ئایا یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یارمەتیی باشترکردنی ئەمنیەتی عێراق دەدات؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری نەشناڵ ئینترستی ئەمریکی سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول بەرەوپێشچوونی پرۆسەی درێژخایەن و ئاڵۆزی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند. ئەم پرۆسەیە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە پشتیوانیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەڕێوە چووە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئەم وەرچەرخانەدا گوتی کە دوای چوار ساڵ لە هەوڵدان، بەستنی کۆبوونەوەی زۆر و جۆراوجۆر و هاوکاریی بەردەوام لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پرۆسەی یەکگرتوویی یان یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە قۆناغێک کە دەکرێت بە یەکجاری ڕابگەیێندرێت.
نەشناڵ ئینترست بیر دەخاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جەنگی دژی داعش بوون. ئەم هێزانە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی داعشدا وەستانەوە و هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا بووە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی ئۆپراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی ئەم گرووپە.
بەگوێرەی ئەم گۆڤارە، هێزەکانی پێشمەرگە هەروەها بەشدارییان لە ڕزگارکردنی ناوچەگەلێک لە عێراقدا کردووە و ڕۆڵیان لە ئامادەکردنی هێزە عێراقییەکان بۆ ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا بینیوە.
وێڕای ئەم مێژووەش، پێکهاتەی هێزەکانی پێشمەرگە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا لەژێر کاریگەریی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بووە. نەشناڵ ئینترست دەنووسێت پارتی دیموکرات زیاتر لە هەولێر و دهۆک هەژموونی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیش لە سلێمانی هەژموونی زیاتری هەیە، ئەم دابەشبوونی هەژموونە سیاسییەش کاریگەریی لەسەر ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە داناوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئامانجی سەرەکیی چاکسازییە ئەنجامدراوەکان، دروستکردنی پێکهاتەیەکە کە تێیدا هێزەکانی پێشمەرگە لە جێگەی وابەستەیی بە پارتە سیاسییەکان، لە چوارچێوەی هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو و تۆکمەدا چالاکی بکەن و فەرماندەیی و دامەزراوەیەکی یەکپارچەیان هەبێت.
مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی ٢١ی ئەیلوولدا لە پاڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕۆڵی ئەوانی لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش و یارمەتیدان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا بە گرنگ زانی.
هەر بە گوێرەی نەشناڵ ئینترست، گرنگیی ئەم وەرچەرخانە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا زیاتر دەبێت. بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، بڕیارە هێزە ئەمریکییەکان تا ٣٠ی ئەیلوول عێراق بەجێبهێڵن. ئەم گۆڤارە پێی وایە کەمدبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا دەتوانێت بارودۆخی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا بگوڕێت. ئەم گرووپانە لە ساڵانی ڕابردوودا بارەگا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە عێراقدا کردووەتە ئامانج.
نەشناڵ ئینترست دەنووسێت هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان دەچنە ناو پێکهاتەی فەرمیی ئاسایشی عێراقەوە، لە کاتێکدا ئەم گرووپانە لە هەندێک حاڵەتدا سەربەخۆ لە حکوومەتی بەغدا ڕەفتار دەکەن. بە بڕوای ئەم گۆڤارە ئەمریکییە، کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا ڕەنگە بڕوابەخۆبوونی ئەم گرووپانە زیاتر بکات، بەڵام هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئامادەیی هێزە ئەمریکییەکان، ڕەنگە هێرشەکان یان زەمینە بۆ بەردەوامیی هێرشەکان لاواز ببێت.
لە دۆخێکی وەهادا، ئەم گۆڤارە یەکگرتوویی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی پێکهاتەی ئاسایشی عێراق هەڵدەسەنگێنێت. بەپێی نووسینی نەشناڵ ئینترست، بوونی هێزێکی پێشمەرگەی تۆکمە دەتوانێت توانای هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئاسایشییەکان و هێرشە ئەگەرییەکان زیاتر بکات و هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا لە بواری ئاسایشدا بەهێزتر بکات.
مەسروور بارزانیش لە دوای ڕاگەیاندنی یەکگرتوویی هێزەکانی پێشمەرگە، قۆناغی دواتری چاکسازییەکانی بە بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئەم هێزانە ناوزەد کردووە. ئەو جەختی لەسەر دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو، دروستکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرزکردنەوەی سەرچاوە مرۆییەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە.
نەشناڵ ئینترست لە ڕاپۆرتەکەیدا، گۆڕانکارییە ئاسایشییەکانی عێراق بە خاوەن لێکەوتەی وەرپەڕیو لە سنوورەکانی ئەم وڵاتە دەزانێت. بەپێی نووسینی ئەم گۆڤارە، لاوازیی پێکهاتە دەوڵەتییەکانی عێراق لە ڕابردوودا یارمەتیی تەشەنەسەندنی گرووپە توندڕەوەکانی داوە و لە هەمان کاتدا، زەمینەی بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ پێشبردنی هەندێک ئۆپراسیۆنی ناوچەیی ڕەخساندووە.
ئەم گۆڤارە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی بەغدا، بەبوونی ئاستەنگە بەردەستەکان، دەتوانێت لە پرۆسە باوەکان بۆ بەهێزکردنی پێکهاتە فەرمییەکانی ئاسایش، زیاترکردنی هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان سوود وەربگرێت؛ پرۆسەیەک کە ئەگەر بێتە دی، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوخۆیی عێراق و ژینگەی ئاسایشی ناوچەکەش هەبێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران