هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە کورد
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێستێفان دوجاریک، وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (ئامارگی)، سەبارەت بە گرنگترین پرسەکانی پەیوەست بە کورد و هەروەها پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕای خۆی دەربڕی.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی کورد لە سووریا گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ئامادەیی هەیە، بەڵام چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو پێکهاتەی سەربازیی حکوومەتی سووریادا بە شێوەیەکی دیاریکراو ناکات.
ئەو بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا، لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لەم ڕێککەوتنە و هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هێزە ئاسایشییەکانی سووریا دەکات.
دوجاریک جەختی کردەوە کە لە هر وڵاتێکدا، دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانی خۆی لە ناو سنوورەکانی وڵاتدا بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت کەمینەکان هەست بکەن کە بەشێکن لە کۆمەڵگە و وڵاتەکەیان و بتوانن نەریت، زمان و کەلتووری خۆیان بپارێزن.
سەبارەت بە گونجاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا گوتی، پرۆسەیەکی دەستووری لە سووریادا لە ئارادایە و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردانی تێدا ناکات، بەڵام هەڵوێستی بنەڕەتیی ئەم ڕێکخراوە سەبارەت بە مافی کەمینەکان پێشتر بە شێوەی ئاشکرا و نهێنی ڕاگەیەندراوە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە پێویستیی بەربڵاوی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە گوتی، دروستکردنی نێردەیەکی سیاسیی نوێ لەم وڵاتەدا پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش هەیە. بەم حاڵەشەوە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا و دامەزراوە جیاوازەکانی ئەم ڕێکخراوە سەرقاڵی پشتیوانیکردنن لە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
دوجاریک هەروەها سەبارەت بە ئامادەیی سەربازیی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا گوتی، جیاوازی لە نێوان ئامادەیی هێزە بیانییەکان بە ڕەزامەندیی حکومەتی وڵاتێک و ئامادەیی هێزە بیانییەکان بێ ڕەزامەندیی ئەو حکومەتەدا هەیە. ئەو سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا بۆ ئامادەیی سەربازیی خۆی لە سووریا مۆڵەتی لە حکومەتی ئەم وڵاتە وەرگرتووە یان نا، نەچووە ناو وردەکارییەکان و گوتی بارودۆخی ڕابردوو و دۆخی ئێستای سووریا جیاوازن.
دوجاریک سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەش گوتی، لە ئاستی دەستوەردان یان ڕاوێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم پرۆسەیەدا ئاگادار نییە، بەڵام سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لەم پرۆسەیە کردووە. ئەو ئەم پرۆسەیەی بە گۆڕانکارییەکی گرنگ دوای ساڵانێک لە ڕووبەڕووبوونەوە زانی و گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە هەر هەنگاوێک کە لە توانایدا بێت بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی بدات.
ئەو زیادی کرد کە گۆتێرێس، بەتایبەتی لە سەردەمی بەرپرسیارێتیی خۆیدا وەک کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە نزیکەوە بەدوادواچوونی بۆ پرسی کورد کردووە و لەگەڵ پەنابەرانی کورد کۆبووەتەوە. بە وتەی دوجاریک، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسی لە تورکیا دەکات و هەمیشە دژایەتیی توندوتیژی کردووە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی بەرپرسان، سەرۆک شارەوانییەکان و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەپ پارتی) لە تورکیا گوتی، نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ و نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە چاودێریی ئەم بابەتە دەکەن.
سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش، ڕێبەری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان کە نزیکەی ۱۰ ساڵە لە زینداندایە گوتی، شەخسی خۆی زانیاریی سەبارەت بە دۆسیەکەی نییە و باشترە ئەم پرسیارە لە بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بپرسرێت.
دوجاریک هەروەها گوتی تا ئەو شوێنەی ئاگادار بێت، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس تا ئێستا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا نەبووە. ئەو هۆکاری ئەم بابەتەی بۆ بوونی پرۆسەیەکی سیاسی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نایەوێت بێ ڕەزامەندیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆی بخاتە ناو ئەم پرۆسەیەوە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی تری ئەم چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی ئاتاتورک بە گۆتێرێس گوتی، قبووڵکردنی ئەم خەڵاتە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەگەڵ تورکیا. لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە نابێتە ڕێگر لەوەی گۆتێرێس سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان بابەتە جێناکۆکەکانی تر هەڵوێست وەربگرێت.
دوجاریک بە ئاماژەدان بە میوانداریکردنی تورکیا لە ملیۆنان پەنابەری سوری گوتی، تورکیا و خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ ماوەیەکی درێژ دەرگای خۆیان بۆ پەنابەرانی سوری و پەنابەرانی تر کردووەتەوە و ئەم هەنگاوە لە دیدی گۆتێرێسەوە گرنگیی هەیە. ئەو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی تورکیا لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و دەستپێشخەریی دەریای ڕەش بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە کرد.
لە کۆتاییدا گوتی، گۆتێرێس هێشتا بەردەوامە لەسەر هەڵوێستەکانی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ حکومەتەکاندا نابنە ڕێگر لە دەربڕینی ڕوانگەکانی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بۆچوونی بەکارهێنەران