ئەزموونی پەیوەندییەکی دێرین لە ڕۆژە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا/ مەنسوور ڕەحیمی
نزیکیی نێوان کۆماری ئیسلامی و یەکێتیی نیشتمانی هەرگیز بە مانای یەکبوونی تەواوەتیی ڕوانگەکان نەبووە، بەڵام هەردوو لایەن بەردەوام یەکتریان بە بەشێک لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە زانیوە. لەم ڕووەوە، هەڵوێستە جیاوازەکانی ئەم دواییەی بافڵ تاڵەبانی، بە تایبەتی دەربارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێران لە هەرێم، و هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، سروشتییە لە ڕوانگەی تارانەوە جێی سەرنج بێت؛ بە تایبەتی لە بارودۆخێکدا کە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دووبارە ڕووی لە ئاڵۆزی کردووەتەوە.
بەمحاڵەشەوە، ڕاستییە سیاسییەکانی هەرێمیش ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. یەکێتیی نیشتمانی ئەمڕۆ لە ژینگەیەکدا چالاکی دەکات کە پارتە کوردییەکان ناچارن پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ بەغدا، تاران، ئەنقەرە، واشنتۆن و ئەکتەرەکانی تردا ڕێکبخەن. بەڵام ئەم ڕەچاوکردنە سیاسییانە، بەرپرسیارێتیی سەرچاوەگرتوو لە دراوسێیەتی و پەیوەندییە دێرینەکان لەگەڵ ئێران ناسڕێتەوە.
بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرێمی کوردستان بە ئەمنی سنوورە ڕۆژئاواییەکان، چالاکیی گرووپە چەکدارە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی، سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان و هەروەها بەستەرە بەربڵاوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ هەرێم و گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچەیەوە بەستراوەتەوە. کەواتە، چاوەڕوانیی تاران لە سلێمانی ڕوونە: ناکۆکیی سیاسی نابیێت ببێتەهۆی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ نەیارە چەکدارەکانی ئێران یان لاوازکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان.
لە هەمان کاتدا، پاراستنی ئەم پەیوەندییە تەنیا بە خستنەڕووی داواکارییە ئەمنییەکان مومکین نابێت. ئێران بۆ یەکێتیی نیشتمانی دراوسێیەکی گرنگ و کاریگەرە و یەکێتیی نیشتمانیش بۆ تاران یەکێک لە ڕەوتە سیاسییە گرنگەکانە لە هەرێمدا. سنووری هاوبەش، بازرگانی، بەستەرە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان و پێگەی ئێران لە هاوکێشەکانی عێراقدا، ڕاستییەکن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، سەردانی بافڵ تاڵەبانی دەبێت بە دەرفەتێک بۆ ئیدارەدانی جیاوازییەکان، دووبارە دروستکردنەوەی متمانە و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکی مێژوویی لەقەڵەم بدرێت. تاران دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە، بە ڕاشکاوی بەدواداچوون بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆی بکات و هاوکات جەخت لەسەر گەشەپێدانی هاوکارییە ئابووری و سنوورییەکان و پاراستنی بەستەرە دێرینەکان بکاتەوە؛ یەکێتیی نیشتمانیش دەتوانێت لە پاڵ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرەکانی تردا، نیشانی بدات کە ئەم پەیوەندییانە نابێتە هۆی پشتگوێخستنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی دراوسێی دێرینی خۆی.
لە بارودۆخێکدا کە کێبڕکێی دەسەڵاتە دەرەکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا زیادی کردووە، دوورکەوتنەوەی تاران و سلێمانی زیاتر لە هەموو شتێک بە قازانجی ئەکتەرانێک دەبێت کە خوازیاری لاوازکردنی ئەم پەیوەندییە دێرینەن. سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران دەتوانێت نیشانی بدات کە ناکۆکییەکانی ئەمدواییە، کۆتایی بە پەیوەندییەکی مێژوویی نایەنێت؛ بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ پێناسەکردنەوەی ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی ئەمڕۆ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
بۆچوونی بەکارهێنەران