خبر 2026-09-08 13:25 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

قەرەسو: پرۆسەیەک بە ئازادیی ئۆجەلان تەواو نەبێت، ئەنجامی نابێت

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دەگاتە ئەنجام.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا، ئاماژەی بە گرنگی کارکردنی ئازادانەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هەروەها دۆخی شنگال کرد.

دەربارەی پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا قەرەسوو ڕایگەیاند: دەرچوونی یاسای نوێی پەرلەمانی تورکیا، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی و ئاماژەنەکردنی ڕاستەوخۆ بە پرسی کورد، وەرچەرخان و دەستپێکێکی گرنگە کە بە پشتیوانییەکی بەربڵاوی کۆمەڵگەی تورکیاوە، چارەسەری کێشەکە بە پڕۆسەی دیموکراتیکبوونەوە دەبەستێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە، بۆ سەرکەوتنی ئەم قۆناغە نوێیە، پێویستە حکومەت لە گرتنەبەری ‘تێڕاونینی ئەمنیی’ و کورتکردنەوەی پرسەکە تەنیا لە مژاری ‘چەکداناندا’ بەدوور بێت؛ چونکە پڕۆسەی ئاشتی لە کاتێکدا کە تێکۆشانی چەکداری دژی دەوڵەت ڕاگیراوە و ستراتیژی خەباتی دیموکراتیک قبوڵ کراوە، پێویستی بە هەنگاوی کرداریی سیاسی هەیە.

مستەفا قەرەسوو، ڕەخنەشی لە یاساکە گرت و وتی: کێشەی سەرەکیی یاساکە لە ئێستادا ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تەڤگەر ناگرێتەوە، لە کاتێکدا بەڕێوەچوون و پێشوەچوونی ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵ و دەستپێشخەریی ڕێبەر ئاپۆدایە و تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دەگاتە ئەنجام.

ئاماژەی بەوەشدا، پەیوەست بە پێوستی ئەنجامدانی دیدار لە ئیمراڵی، قەرەسوو ڕاگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە چەواشەکاری دەنگۆکانی لێدان لە پرۆسەکە و نیشاندانی نیازپاکی لە پڕۆسەی ئاشتیدا، پێویستە دەسەڵاتی تورکیا کۆتایی بەم دواکەوتنە بهێنێت و ڕێگە بدات کە بەڕێوەبەرانی تەڤگەر و چین و توێژە جیاوازەکان بە فەرمی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام بدەن؛ چونکە بەبێ چالاککردنی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئاپۆ لەم گفتوگۆیانەدا، پڕۆسەکە تەنیا بە لێدوانی میدیایی ناچێتە پێشەوە.

پەیوەست بە دۆخی شنگالیش کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسە باڵا ئەمنییەکانی عێراق سەبارەت بە شنگال بەبێ نوێنەرانی شنگال کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، قەرەسوو ڕایگەیاند، دۆخی شنگال و ئاسایشی ئێزدییەکان بەهۆی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا و گۆڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ پەدەکە قۆناغێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە؛ بە جۆرێک کە ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی بۆ بەرپرسانی پەدەکە ناردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن، لەم ژینگە نوێیەدا، دانانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بۆ ئێزدییەکان و تێکەڵکردنی هێزەکانی خۆپاراستنیان لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا وەک هێزێکی خۆجێیی، ڕاستترین و ژیرانەترین چارەسەرە.

دووپاتیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە نەبووەتە هۆی زیان بۆ بەغداد، بەڵکو دەوڵەتی عێراق بەهێز و شکۆدار دەکات؛ "بەتایبەت دوای ئەوەی لە کاتی هێرشەکەی داعشدا سوپا و پێشمەرگە شنگالیان جێهێشت و گەریلا پارێزگاری لێکردن، بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە مێژووییانە، پێویستە تێڕوانینە نەتەوەپەرستە توندەکان وەلابنرێن و مافی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ئێزدییەکان بچەسپێنرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.