خبر 2026-09-06 13:08 کاتی خوێندنەوە: 7 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پەکەکە و پڕۆژەی دروستکردنی ئیکۆسیستەمێکی ڕاگەیاندن بۆ سەردەمی نوێ

ئەوەی لە تۆڕی ڕاگەیاندنی دەوروبەری پەکەکە‌دا ڕوو دەدات، فرەترە لە گۆڕینی چەند ناو و کەناڵێک. کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن بە زمانە جیاوازەکان، لە جوگرافیای جیاواز و بە شێوازی پسپۆڕانە خەریکی شێوەگرتنن کە دەکرێت ببنە ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەم ڕەوتە لە کەشوهەوای دوای جەنگدا.

کوردپرێس: بە گوێرەی گۆڤاری «نەشناڵ کۆنتێکست»، تۆڕی ڕاگەیاندنی پەکەکە و ڕەوتە نزیکەکانی لە ماوەی نزیکەی ۱۸ مانگی ڕابردوودا چوونه‌تە قۆناغێکی جیاوازەوە. لەم قۆناغەدا ڕاگەیاندن ئیتر تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ڕووماڵکردنی خەباتی چەکدارانە و گواستنەوەی پەیامی سیاسیی بزووتنەوەکە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە ژێرخانی ئامادەییی ئەم ڕەوتە لە کەشوهەوای سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی دوای جەنگدا.

داخستنی هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی دێرین، دامەزراندنی کەناڵ و ئاژانسی هەواڵی نوێ، گۆڕانکاری لە زمانەکانی بڵاوکردنەوە و هەوڵدان بۆ ئامانجگرتنی وردتری بەردەنگان لە تورکیا، سووریا، عێراق و لە نێوان کوردانی دەرەوەی ناوچەکە، نیشانە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانکارییەن. کۆمەڵەی ئەم گۆڕانکارییانە دەرخەری ئەوەن کە پێکهاتەی ڕاگەیاندنی سەر بە پەکەکە یان نزیک لەوان لە شێوازی نەریتیی «ڕاگەیاندنی جەنگ» دوور دەکەوێتەوە و بەرەو جۆرە ئیکۆسیستەمێکی ڕاگەیاندنی چەندتۆێ و پسپۆڕانە هەنگاو دەنێت.

ئەم گۆڕانکارییە دەبێت لە چوارچێوەی گۆڕانی دۆخی سیاسیی دەوروبەری پەکەکە‌دا شیکاری بۆ بکرێت. لە دۆخێکدا کە خەباتی چەکدارانە ئیتر ناتوانێت وەک ڕابردوو تەوەرەی سەرەکیی ڕێکخستنی سیاسی بێت، بابەتگەلێکی وەک ڕەوتی ئاشتی، سیاست، مافەکان، فەرهەنگ، زمان، ژنان، گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی گرنگیی زیاتر پەیدا دەکەن. ڕاگەیاندنیش بە ناچاری دەبێت گونجاو لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، ڕۆڵی خۆی پێناسە بباتەوە.

لە ناوخۆی ڕەوتی ناسراو بە «ڕۆژنامەگەریی ئازاد»یشدا باسی ڕێکخستنەوەی دووبارەی پێکهاتەی ڕاگەیاندن بەدواداچوونی بۆ کراوە. لەم پێکهاتە نوێیەدا، لە بڕی پشتپبەستن بە کۆمەڵەیەکی ناوەندی، جەخت لەسەر دروستکردنی بەشی جیاواز بۆ هەواڵ، ژنان، گەنجان، فەرهەنگ و بوارە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتەوە. ئەنجامی ئەم ڕوانگەیە، تۆڕێکی هەمەجۆرتر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە کە هەر یەکەیان ئەرک، بەردەنگ و زمانی تایبەت بە خۆیان جێبەجێ دەکەن.

یەکێک لە ڕوونترین نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە، چارەنووسی دەزگا کۆنەکانی ڕاگەیاندنە. «مدیا نیوز»، دەزگای ڕاگەیاندنی ئینگلیزی‌زمانی ئەم ڕەوتە، لە ژوونی ۲۰۲۵دا داخرا و لە هەمان کاتدا وەشانی نوێی دەزگایەکی تر لە ئەڵمانیا دەستی بە چالاکی کرد. جیاوازیی ئەم دوو دەزگایە تەنیا لە ناو و شێوازدا نییە. دەزگا نوێیەکە هەوڵ دەدات بەرەو ڕاکێشانی بەردەنگانی وەک ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ، توێژەران و ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی هەنگاو بنێت کە پێداویستییە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەردەنگی نەریتیی ڕاگەیاندنی جەنگدا جیاوازە.

لە هەمان ساڵدا، «ئاژانسی هاوار - ANHA» لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و «ڕوودنیوز» لە هەرێمی کوردستان وەشانی خزمەتگوزارییە تورکییەکانی خۆیان ڕاگرت و سەرنجی زیاتریان خستە سەر زمانە ناوچەیییەکان. لە لایەکی ترەوە، بەرپرسانی «دەنگەگەل» لە کاتی داخستنی ئەم ئێستگەیەدا ڕایانگەیاند کە ڕەوتی ئاشتی سەردەمێکی نوێی دەست پێ کردووە و شێوازەکانی ڕابردووی ڕاگەیاندن ئیتر بۆ دۆخە نوێیەکە بەس نین.

ساڵی ۲۰۲۶ ئەم ڕەوتەی گەیاندە قۆناغێکی نوێتر. لە مانگی ئایاردا، «نوچە تیڤی» پەخشی بەرنامەکانی خۆی لە ئەڵمانیاوە دەست پێ کرد کە لە شارەکانی دیاربەکر، قامیشلۆ و سلێمانی نووسینگەی هەیە. هاوکات «کورد ئێف ئێم» وەک ڕادیۆیەکی کوردی بۆ بەردەنگانی کرمانجی، سۆرانی و کرمانجکی (زازاکی) دامەزرا. چەند ڕۆژ دواتریش «زاگرۆس ۲۴» چالاکییەکانی خۆی بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەنگانی کورد و فارسی‌زمان دەست پێ کرد.

ئەوەی لەم نێوەندەدا گرنگە، تەنیا زیادبوونی ژمارەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو شێوەگرتنی جۆرێک لە دابەشکردنی کارە لە نێوانیاندا. تۆڕە نوێیەکە لە بڕی ئەوەی هەموو دەزگاکان یەک پەیامی هاوشێوە بە شێوازی جیاواز دووبارە بکەنەوە، لە هەوڵدادایە بۆ هەر دەزگایەک بوارێکی بەردەنگ و ئەرکێکی دیاریکراو پێناسە بکات.

لە تورکیا، دەزگاکانی وەک «پێشمەرگەی ئاشتی / ینی یاشام» و ئاژانسی هەواڵی «مەزۆپۆتامیا» هێشتا لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی پێکهاتەی هەواڵین، بەڵام لە تەکیاندا دەزگاگەلێک بە ئەرکی جیاوازەوە چالاکی دەکەن. «ئاژانسا ولات» جەخت لەسەر هەواڵی کوردی دەکاتەوە، «ئازادییا ولات» لە شێوازی چاپەمەنیدا چالاکی دەکات، «ئیلکە تیڤی» خۆی وەک دەزگایەک بۆ ئاشتی و مافەکان دەناسێنێت و «نۆمیدیا ۲۴» سەرڕای سیاست، بە فەرهەنگ، پۆدکاست و شێوازی ژیانیشەوە سەرقاڵە. «سپۆت پرێس»یش بەردەنگە ڕۆشنبیر و دیموکراتەکانی کردووەتە ئامانج و دوای بابەتەکانی وەک ڕەوتی ئاشتی، ئابووریی سیاسی و ئاشتەوایی دەکەوێت.

بەم شێوەیە، چەمکی «ڕاگەیاندن» لەم پێکهاتەیەدا لە گۆڕاندایە. ڕاگەیاندن ئیتر زۆربێژ و بڵندگۆی تاقانەی ڕێکخراوێک نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت دەزگایەکی کوردی‌زمان بێت بۆ بەردەنگی کورد، دەزگایەکی عەرەبی بێت بۆ کۆمەڵگەی عەرەب، دەزگایەکی فارسی بێت بۆ فارسی‌زمانان و دەزگایەکی ئینگلیزی بێت بۆ ڕۆژنامەنووسان و بڕیاردەرانی سیاسی. ئەم گۆڕانکارییە، تۆڕی ڕاگەیاندن لە ئامرازێکی پروپاگەندەی ناوەندییەوە دەکاتە کۆمەڵەیەک لە دەزگا ناوچەیی، زمانی و بابەتەییەکان.

زمانی کوردی لەم تەلارسازییە نوێیەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە. «نوچە تیڤی» بەشێک لە ئەرکی سیاسیی پێشووی «ستێرک تیڤی» گرتووەتە ئەستۆ، لە کاتێکدا ستێرک زیاتر لەسەر زمان، فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە شێوەزارە جیاوازەکانی کوردیدا چڕ بووەتەوە. لە تەک ئەوانەدا، «کورد ئێف ئێم» ڕۆڵی ڕادیۆیی، «ئاژانسا ولات» ڕۆڵی ئاژانسی هەواڵ و «ئازادییا ولات» ڕۆڵی چاپەمەنیی ئەم تۆڕە تەواو دەکەن.

لە هەمان کاتدا، هەوڵدان بۆ پاراستن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بیرەوەریی ڕاگەیاندنی ئەم ڕەوتەش بەردەوامە. «کورد ئەرشیڤ» بە دیجیتاڵکردنی کەلەپووری دەزگا کۆنەکانی وەک «مەد تیڤی»، «مدیا تیڤی» و «ڕۆژ تیڤی» لە حاڵی دروستکردنی ئەرشیڤێکی ڕاگەیاندندایە؛ هەنگاوێک کە نیشان دەدات تۆڕە نوێیەکە تەنیا بیری لە بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی ڕۆژانە نەکردووەتەوە و پاراستنی مێژووی ڕاگەیاندنی خۆی بە بەشێک لە پڕۆژەی پەیوەندیی درێژخایەن دەزانێت.

دابەشکردنی جوگرافییش بەشێکی تری ئەم گۆڕانکارییەیە. لە عێراق، «ڕوودنیوز» بابەتەکان لە سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە تا بەغدا، شەنگال، مەخموور و ئۆپەرسیۆنەکانی تورکیا ڕووماڵ دەکات و هاوکات هەوڵی داوە بەردەنگە عەرەبە عێراقییەکانیش بخاتە چوارچێوەی بەردەنگانی خۆیەوە.

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم دابەشکردنی کارە شێوازێکی ڕوونتری هەیە. «ANHA» ڕۆڵی ئاژانسی هەواڵ، «رۆنائی تیڤی» ڕۆڵی کەناڵی تلویزیۆنی و «الیوم تیڤی» ڕۆڵی دەزگایەکی هەواڵیی عەرەبییان گرتووەتە ئەستۆ. لە بواری بەردەنگانی فارسی‌زمانیشدا «زاگرۆس ۲۴» بە ئاوێتەیەک لە ناوەرۆکی کوردی و فارسی بە دوای دروستکردنی زەمینەیەکی ڕاگەیاندنی جیاوازدا دەگەڕێت.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم پێکهاتە نوێیە، دروستکردنی دەزگای پسپۆڕانەیە بۆ ژنان و گەنجان. «ژن نیوز»، «نوژینها»، «ژن تیڤی» و «ژن ئێف ئێم» لە بواری ژناندا چالاکی دەکەن و گۆڤاری «ژنۆلۆژی» ڕەهەندە تیۆری و هزرییەکانی ئەم بوارە دەپێوێت. بۆ گەنجانیش دەزگاگەلێکی وەک «ستێرکا جوان»، «نوچە جوان» و «بڕۆ» چالاکن.

ئەم دابەشکردنە نیشان دەدات کە ڕاگەیاندن لەم پێکهاتە نوێیەدا تەنیا ئەرکی گواستنەوەی هەواڵی نییە. ڕاگەیاندن بووەتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ناسنامە، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، پێناسەکردنەوەی بەردەنگ و پاراستنی بەستەرە فەرهەنگییەکان. لەم ڕوانگەیەوە، ڕاگەیاندن بەشێکە لە ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەتر کە هەوڵ دەدات خۆی لەگەڵ کەشوهەوای دوای ململانێدا بگونجێنێت.

زنجیرەی شوێنپێگرتنەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ئەم گۆڕانکارییە بە باشی نیشان دەدات. «مدیا نیوز» شوێنی خۆی دا بە «ئامارگی»، «ئارین تیڤی» جێگەی خۆی دا بە «زاگرۆس ۲۴»، «خۆی بون» بە بڵاوبوونەوەی دووبارەی «ئازادییا ولات» بەردەوامیی پەیدا کرد و دوای داخستنی «دەنگەگەل»، دەزگا دەنگییە نوێیەکان لەوانە «کورد ئێف ئێم» شێوەیان گرت. تەنانەت ناوی «نوچە» کە سوابقەیەکی کۆنی لەم تۆڕەدا هەیە، جارێکی تر لە چوارچێوەی کەناڵێکی تلویزیۆنیدا زیندۆ کرایەوە.

ئەم شێوازە نیشان دەدات کە ئامانج تەنیا پاراستنی توانستە ڕاگەیاندنییە ئامادەکان نییە. وا دیارە هەوڵی سەرەکی، نوژەنکردنەوەی ئەم توانستانەیە بە زمان، شێواز و ناسنامەیەکی پیشەییتر کە گونجاو بێت لەگەڵ بەردەنگانێک کە لە کەشوهەوا سیاسییە نوێیەکەدا پێناسە دەکرێن.

گۆڕانکاریی ڕاگەیاندنی پەکەکە هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە بەربڵاوترەکان لە کەشوهەوای سیاسیی ناوچەکەدا ڕووی دا. ڕەوتی ئاشتی لە تورکیا، جووڵەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو ئاوێتەبوون لە پێکهاتەی دەوڵەتی سوریادا و گۆڕانی پەیوەندییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخێکی زۆر جیاوازیان لەو سەردەمە دروست کردووە کە تۆڕی ڕاگەیاندنی پەکەکە زیاتر بۆ ڕووماڵکردنی خەباتی چەکدارانە و بەرەنگاربوونی ڕاگەیاندنی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا شێوەی گربوو.

لە کەشوهەوایەکی وەهادا، ڕاگەیاندنیش ناتوانێت بۆ هەمیشە لەسەر لۆژیکی جەنگ بنواڕێت. تۆڕێک کە بڕیارە لە کەشوهەوای سیاسی و مەدەنیی نوێدا ئامادەییی هەبێت، دەبێت سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، مافەکان، فەرهەنگ، زمان، ئابووری، کۆمەڵگە، ژنان و گەنجانیش قسە بکات و بۆ هر یەک لەم بوارانە بەردەنگ و شێوازی گونجاوی هەبێت.

لەگەڵ ئەمەشدا، سەبارەت بە پەیوەندیی ڕێکخراوەییی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەموو ئەم دەزگایانە و پەکەکە‌دا دەبێت بە وشیارییەوە دادوەری بکەین. پەیوەندیی فەرمیی هەندێک دەزگای کۆن لەگەڵ پێکهاتەی ڕاگەیاندنی پەکەکە‌دا بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی هەیە، بەڵام سەبارەت بە ژمارەیەک لە دەزگا نوێیەکان، لەوانە «ئامارگی»، «ئیلکە تیڤی»، «نۆمیدیا ۲۴»، «سپۆت»، «زاگرۆس ۲۴» و «الیوم»، بەڵگە گشتییەکان زیاتر پەیوەندیدارن بە سوابقەی چالاکوانان، کاتی دامەزراندن، بەستەرە ڕاگەیاندنییەکان، شێوازی ناساندنی دەزگاکان و شوێنی سیاسییان و مەرج نییە پەیوەندیی فەرماندەییی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە بسەلمێنن.

لە بوارەوە، وەسفی وردتری ئەم گۆڕانکارییە، نەک «پەرەسەندنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە» بە مانایەکی سنووردار، بەڵکوو شێوەگرتنی ئیکۆسیستەمێکی ڕاگەیاندنی بەربڵاوە لە دەوروبەری ئەم ڕەوتەدا کە بەشێکی سوابقەی ڕێکخراوەیی ڕوونی هەیە و بەشەکەی تری زیاتر لە ڕێگەی تۆڕی مرۆیی، هزری و ڕاگەیاندنییەوە لەم ڕەوتە نزیک بووەتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەوەی لە حاڵی شێوەگرتندایە دەکرێت بە پەڕینەوە لە «ڕاگەیاندنی پشتیوان و هاندەری خەبات» بۆ «ڕاگەیاندنی سەردەمی دوای خەباتی چەکدارانە» دابنرێت. تۆڕێک کە سەردەمانێک زیاتر بۆ گێڕانەوەی جەنگ و پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی لە بارودۆخی ململانێدا دروست ببوو، ئێستا هەوڵ دەدات لە چەندین کەشوهەوای سیاسی و جوگرافییدا، بە زمان و بەردەنگی جیاواز و لە بوارەکانی سیاست و کۆمەڵگەوە تا فەرهەنگ، ژنان و گەنجان ئامادەییی هەبێت.

ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، گرنگییەکەی تەنیا لە ژمارەی کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە نوێیەکاندا نابێت. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم پێکهاتە نوێیە دەتوانێت گێڕانەوەی سیاسیی ئەم ڕەوتە لە مەیدانی جەنگەوە بگوازێتەوە بۆ کێڵگەی گشتی؛ کێڵگەیەک کە تێیدا بڕواپێکراویی ڕاگەیاندن، هەمەجۆریی بەردەنگ، پیشەییبوون و توانای کاریگەریدانان لەسەر بیری گشتی، بە قەد گواستنەوەی پەیامی سیاسی گرنگیی دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.