خبر 2026-09-07 09:08 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تونجەر باقرخان: ئامادەی بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک لە تورکیاین

پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی لە ئەنقەرە بە بەشدارییەکی فراوان بەڕێوەدەچێت، تێیدا هاسەرۆکی دم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند، وێڕای بوونی کەموکوڕییەکان دەم پارتی ئامادەیە بۆ پێشەنگایەتیکردنی قۆناغێکی نوێ و بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک لە تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتادا سڵاوی ئاڕاستەی گەلانی تورکیا و کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "ڕێبەر ئاپۆ هیوای ئاشتی بە هەموان بەخشیوە. باقرخان جەختی لەوە کردەوە کە سەرڕای هەموو گوشار و زۆردارییە بەردەوامەکان، ئەوان هەرگیز دەستیان لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە و بە پێوە ماونەتەوە، بەڵێنی دا کە بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیک بەردەوام دەبن لەسەر ڕێڕەوی خۆیان".

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی لە ئەدای ڕابردووی پارتەکەی گرت و دانی بە هەندێک کەمکوڕیدا نا؛ ڕایگەیاند کە نەیانتوانیوە وەک پێویست پەیامەکانیان بگەیەننە ناو کۆمەڵگە و زۆرجار خۆیان دووبارە کردووەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بە سستی لە دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ پێکهاتە و باوەڕە جیاوازەکان، کەم تەرخەمی لە تێکۆشانی ژینگەپارێزی، و نەبوونی کاریگەری تەواو لە کەمپینەکانی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە بە یەکگرتوویی ئەم کەمکوڕییانە تێدەپەڕێنن.

باقرخان داوای کرد، ڕێگەی سێیەم کە ڕێگەی گەل، ژنان و بنەدەستانە بگیرێتەبەر، چونکە نە دەسەڵاتی پێش ئاکەپە و نە خودی ئاکەپە نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن و دەم پارتی ئێستا ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی تورکیا.

باقرخان باسی لە قەیرانە مێژووییەکانی تورکیا کرد و گوتی کۆماری سەد ساڵەی ڕابردوو نەبووەتە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەل و تەنیا قەیرانی بەرهەمهێناوە کە سەرچاوەکەی بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە. هاوکات ڕوونیکردەوە کە سەرکەوتنی کوردان مەترسی نییە، بەڵکو سەرکەوتنی تورکەکانیشە.

لە کۆتاییدا، باقرخان ڕایگەیاند کە ئەوان گەرەنتی پرۆسەی داهاتوون و لەمڕۆوە "بزووتنەوەی کۆماری دیموکراتیک" ڕادەگەیەنن، کە تێیدا خۆیان بە بەرپرسیار لە هەر بستێکی خاکی تورکیا دەزانن. دوای پێشکەشکردنی ئەم گوتارە و خستنەڕووی نەخشەڕێگای نوێ، کارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی دەم پارتی بە داخراوی لەبەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەردەوامییان پێدرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.