لێکەوتە ئەمنییەکانی کشانەوەی سیستەمی بەرگریی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراقدا نزیکە و کشانەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی جێگیرکراو لە هەرێمی کوردستاندا، نیگەرانییەکان دەربارەی لاوازیی ئاسایشیی هەولێر و دروستبوونی بۆشاییەکی نوێ لە باکووری عێراقدا زیاتر کردووە.
ڕۆژنامەی نەشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە کشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق، تەنیا گۆڕانکارییەکی سەربازیی ناوخۆیی نییە و دەکرێت هاوکێشە ئاسایشییەکانی وڵاتانی ناوچەکەش تووشی گۆڕانکاری بکات. لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی نیوعەرەب لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هەولێرەوە بڵاوی کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەم سیستەمانە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەربڕیوە.
بەپێی ڕێککەوتنی بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی ۲۰۲۴دا، بڕیارە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا تا ۳۰ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶ کۆتایی پێ بێت. ئەم کشانەوەیە هێز و کەرەستەکانی هاوپەیمانان دەگرێتەوە و قاسم ئەلئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشیی سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتڕاستی کردووەتەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی جێگیرکراو لە هەرێمی کوردستانیش لە عێراق دەکشێنرێنەوە.
سیستەمەکانی پاتریۆت و سیڕام لە دەوروبەری هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە گرنگترین تۆڕەکانی بەرگری بوون لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی ناوەندەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە. نیوعەرەبیش ئەم سیستەمانەی وەک قەڵغانێکی ئاسایشیی گرنگ بۆ هەرێم لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکاندا وەسف کردووە.
بەڵام نیگەرانیی سەرەکیی هەولێر ئێستا پەیوەندیدارە بە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەم سیستەمانەوە.
بەرپرسێکی کورد لە هەولێر بە نیوعەرەبی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بە تەواوی لە عێراق دەکشێنەوە. بە وتەی ئەم بەرپرسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی لابردنی ئەم سیستەمانە، ناوچەکە لە بەرامبەر هێرشە دووبارەکاندا لاواز بکات و تەنانەت ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان.
ئەم بەرپرسە هەروەها گوتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوای کردووە زامنی ئەوە بکات دوای کشانەوەی ئەمریکا، هێرشەکان بۆ سەر هەرێم دەست پێ نەکەنەوە و لە حاڵەتی ڕوودانی هێرشی نوێدا، دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت.
بەبوونی ئەمەش، بە وتەی هەمان بەرپرسی کورد، لە دۆخی ئێستادا نە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنێکی ڕوونیان بۆ دۆخی ئاسایشیی دوای کشانەوەی هێز و سیستەمە ئەمریکییەکان نییە. ئەم تەمومژە، بە یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی هەولێر لە بەرهەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دێتە ئەژمار.
ڕۆژنامەی نەشناڵ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە گرنگیی سیستەمە ئەمریکییەکانی جێگیرکراو لە هەرێمدا تەنیا بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمریکا سنووردار نابێتەوە. توانستەکانی ناسینەوە و ڕێگریی ئاسمانی لە باکووری عێراقدا، بەهۆی پێگەی جوگرافیی هەرێمەوە، بوونەتە بەشێک لە هاوکێشە ئاسایشییە بەربڵاوەکانی ناوچەکە و کشانەوەیان دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوچەیەکی بەربڵاوتر لە هەرێمی کوردستان دابنێت.
مەعن ئەلجەبووری، شیکەرەوەی ئاسایشی و ستراتیژی، لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان بە «ڕاستەوخۆ و بەرچاو» زانیوە و گوتی کە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر توانست و ئامادەییی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئاسایشییەکان، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا دادەنێت.
ئەو هۆشداریی دا کە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنیا بۆ تەواوی عێراق سنووردار نابێتەوە، چونکە تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە بەردەوام ڕووبەڕووی لاوازیی جدی دەبێتەوە. بە وتەی ئەلجەبوری، دوای کشانەوەی سیستەمە ئەمریکییەکان، «ئاسمانی عێراق بە توندی تووشی گۆڕانکاری دەبێت» و بەزاندنی سنووری ئاسمانیی وڵات ئاسانتر دەبێتەوە.
ئەم نیگەرانییە لە دۆخێکدا دەخرێتە ڕوو کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان. لە بارودۆخێکی وەهادا، کشانەوەی سیستەمە ئەمریکییەکان دەتوانێت کەلێنی نێوان توانای بەرگریی ئامادە لە هەرێم و توانستە ناوخۆییەکانی بەغدا و هەولێر بۆ بەرەنگاربوونی مەترسییە ئاسمانییەکان ڕوونتر بکاتەوە.
دەوڵەتی عێراق لە هەوڵدایە ئەم بۆشاییە لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕێکی نیشتمانیی بەرگریی ئاسمانییەوە پڕ بکاتەوە. یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەغدا لە حاڵی دروستکردنی سیستەمێکی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانییە کە توانستەکانی مەودای دوور، ناوەند و کورت، ڕادار و ژێرخانی فەرماندەیی لەخۆ دەگرێت.
بە وتەی یەحیا ڕەسوڵ، سوپای عێراق پێشتر بەرنامەیەکی شەشساڵەی بۆ دروستکردنی ئەم تۆڕە داڕشتبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران ڕاسپاردەی کردووە کە ئەم بەرنامەیە لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێت. بەغدا هەروەها گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکاندا هەیە بۆ گەشەپێدانی توانای بەرگریی خۆی.
سەرەڕای ئەمەش، ئەلجەبوری لەو بڕوایەدایە کە ماوەی سێ ساڵ بۆ لادانی ئەم لاوازییە بەس نییە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە دروستکردنی تۆڕێکی کاریگەری بەرگریی ئاسمانی تەنیا بە کڕینی کەرەستە و کەلوپەل ئیمکانی نییە و عێراق پێویستی بە هێزی ڕاهێنراو، پەروەردە و توانای مەیدانی هەیە بۆ یەکخستنی سیستەمەکان؛ ڕەوتێک کە بە وتەی ئەو «ساڵانێکی زۆر»ی دەوێت.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکانی نەشناڵ و نیوعەرەب دەری دەخەن کە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بۆ هەولێر تەنیا بە مانای کۆتاییهاتنی ئامادەییی سەربازیی هاوپەیمانان نییە؛ بەڵکوو بە کشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەربارەی ئاسایشی دوای ئەمریکا بووەتەوە. هەولێر لە بەغدا زامنی ئاسایشیی داوا کردووە، بەڵام هاوکات دانی بەوەدا نا کە هێشتا وێنەیەکی ڕوون لە دۆخی ئاسایشیی دوای ۳۰ی سێپتەمبەر لە ئارادا نییە؛ بۆشاییەک کە لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا دەکرێت ببێتە یەکێک لە جدیترین ئاڵەنگارییە ئاسایشییەکانی هەرێم لە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکادا.
لە پاڵ نیگەرانیی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دوای کشانەوەی سیستەمە ئەمریکییەکان، ئەگەرێکی تری ئاسایشییش دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتووی هەرێم دابنێت و ئەویش چارەنووسی ڕەوتی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکەیە.
کشانەوەی بەشێک لە توانستەکانی بەرگریی ئەمریکا لە هەرێم لە دۆخێکدا ڕوو دەدات کە ڕەوتی ئاشتیی تورکیا و پەکەکە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە بتوانرێت کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی پێکدادانە چەکدارییەکان و ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری عێراقدا مسۆگەر بێت. ئەگەر ئەم ڕەوتە لە دواڕۆژدا نەگاتە ڕێککەوتنێکی جێگیر یان جێبەجێکردنی پابەندبوونی دوو لایەن بەرەو شکست بچێت، ئەگەری گەڕانەوەی پلەبەپلەی کەشوهەوای بەرەنگاربوونی سەربازی لە ئارادا دەبێت.
لە حاڵەتێکی وەهادا، هەرێمی کوردستان ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی پەستانێکی ئاسایشیی چەندبارە ببێتەوە. تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا ئۆپەرسیۆنی ئاسمانی و درۆنیی جیاوازی بەرامبەر بە پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا ئەنجام داوە و شکستینانی ڕەوتی ئاشتی دەتوانێت زەمینە بۆ توندترکردنەوەی ئەم ئۆپەرسیۆنانە خۆش بکات. لەم دۆخەدا، کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازی و بەرگریی ئەمریکا دەتوانێت هاوکێشەی ئاسایشیی هەرێم ئاڵۆزتر بکات؛ چونکە هەولێر دەبێت بە شێوازی هاوکات بەرەنگاری دوو جۆر مەترسیی جیاواز ببێتەوە.
ئەم نیگەرانییە لەوەوە گرنگیی هەیه کە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆک، لە ساڵانی ڕابردوودا کەوتوونەتە بەر کاریگەریی ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا. لە ئەنجامدا، لە حاڵەتی شکستی ڕەوتی ئاشتیدا، زیادبوونی هێرشە درۆنی و ئاسمانییەکانی تورکیا دەتوانێت سەرەڕای پێگەکانی پەکەکە، ئاسایشی گوندەکان، ناوچە نیشتەجێبووەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانی هەرێمیش تووشی گۆڕانکاری و مەترسی بکات.
ڕەوتی ئاشتیی ئێستا لە تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۲۴دا دەستی پێ کرد و پەکەکە لە ساڵی ۲۰۲۵دا هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداریی خۆی ڕاگەیاند. سەرباری ئەمەش، شیکارییە بڵاوکراوەکان لە ساڵی ۲۰۲۶دا نیشان دەدەن کە ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە.
کەواتە، بۆ هەرێمی کوردستان پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە دوای ۳۰ی سێپتەمبەر چەندە لە توانستی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا دەمێنێتەوە؛ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە لە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکادا، دەکرێت کۆمەڵێک لە مەترسییە ئاسایشییەکان بە شێوازی هاوکات ڕوو لە هەرێم بکەن. لە حاڵەتی شکستی ڕەوتی ئاشتیی تورکیا و پەکەکەدا، ئەگەری توندتربوونی ئۆپەرسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا لە پاڵ نیگەرانی لە هێرشەکان لە لایەنەکانی ترەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت پەستانی ئاسایشی لەسەر هەرێم زیاتر بکات و بۆشایی بەرهاتوو لە کشانەوەی سیستەمە ئەمریکییەکان بکاتە بابەتێکی ستراتیژی بۆ هەولێر.
لەم ڕوانگەوەوە، کشانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی دژی داعشدا شیکاری بۆ بپێورێت. بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم گۆڕانکارییە هاوکات لەگەڵ دوو ڕەوتی گەورەی ناوچەیی ــ داڕشتنەوەی پەیوەندیی بەغدا و واشنتۆن و داهاتووی ڕەوتی ئاشتیی تورکیا و پەکەکە ــ ڕوو دەدات و ئەنجامەکەی دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ئاسایشی باکووری عێراق دابنێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران