یەپەژە وەک هێزێکی یەکگرتوو تێکەڵ بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەکرێت
وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی بۆ تێکەڵبوون بە وەزارەتی ناوخۆ.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، روکەن جەمال، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی ڕووداو ئاماژەی بەوەکردوە: "لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی مانگی پێشوو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە دیمەشق گەیشتوین بە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەرپرسانی دیمەشق بەشێوەیەکی بنچینەیی پێشنیازی یەپەژەیان پەسەند کرد بۆ ئەوەی وەک هێزێکی یەکگرتووی ئەرکە تایبەتەکان بچنە نێو وەزارەتەکە، نەوەک ئەوەی شەڕڤانەکانیان بەشێوەی تاکەکەسی یان لەژێر ناوی دیکەدا تێکەڵ ببن".
ئەوەشیخستەڕوو، یەپەژە تاوەکوو ئێستا ڕووبەڕووی هیچ کۆسپێک نەبوەتەوە سەبارەت بە پێشنیازەکە و یەکەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە یەکەم یەکە لە جۆری خۆی لە سووریادا.
وتەبێژی یەپەژە وتیشی: "هێزە پێشنیازکراوەکە لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکرێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران