خبر 2026-09-07 08:57 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە

لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان جارێکی تر وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردرانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پێنجەمین کۆنگرەی گشتیی ئاسایی خۆی لە ناوەندی کەلتووری نازم حیكمەت لە ناوچەی یەنیماهالی ئەنقەرە ئەنجام دا. لە شارەکانی تورکیا چەندین ئەندام بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.

دایکانی ئاشتی، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئۆچار و کەسکین بایندەر، وتەبێژی پلاتفۆرمی پشتگیریی سۆسیالیستەکان (سۆداپ)  کەزبان کۆنۆکچو، سەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی سۆسیالیست (سەیەکەپە) مەردجان تیتیز، سەرۆکی گشتیی پارتی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو ئەلیف تۆرون، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئەحمەد ئەسەنا، وتەبێژی دەستپێشخەری یەکێتیی دیموکراتیک گوڵجان کاچماز سایگیت و ئەندام و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.

لە کۆنگرەکەدا سەرەتا دیوان هەڵبژێردرا. دوای دیاریکردنی دیوان، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی نیشاندرا. لە کاتی ڕێزگرتنەکەدا جەماوەر درووشمی "شەهید نامرن"یان گوتەوە.

لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان قسەیان کرد. دوای وتارەکان، ڕاپۆرتەکانی چالاکی و دارایی خوێندرانەوە. پاشان، ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی و ئەنجوومەنی گەنجان ڕاپۆرتی چالاکییان پێشکەش بە نوێنەران کرد.

دواتر هەڵبژاردن بە یەک لیست ئەنجامدرا. نزیکەی ٦٠٠ نوێنەر دەنگیان دا و لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری دیسانەوە وەک هاوسەرۆکانی گشتی هەڵبژێردرانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.