خبر 2026-09-05 14:08 کاتی خوێندنەوە: 13 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

دیموکراتیکبوونی تورکیا بەستراوەبە چارەسەری پرسی کوردەوە

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، جەمیل بایک سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و رۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "رێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکیی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادییە. دەشڵێت دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد ئاوێتەی یەکترن.
نسخه صوتی خلاصه خبر | کمتر از ۳ دقیقه

دانلود فایل صوتی

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کێشەی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانەوە تێپەڕێنراون، پەیوەندیی نێوان چەکدانان و هەنگاوی سیاسی و یاسایی، ڕۆڵی هێزە دیموکراسییەکان لە پرۆسەکەدا، گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ئەنجامداوە.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و چەکدانان جەمیل بایک دەڵێت: یاسایەک دەرچووە، بەڵام دیار نییە کە پرۆسەکە چۆن بەڕێوە دەچێت. لەوانەیە ئەو دەستەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ناویدایە و ئەو دەستەیەی کە جێگری سەرۆککۆمار سەرۆکایەتیی دەکات، وتوێژ بکەن و هەندێک بابەت ڕوون بکەنەوە. چونکە یاساکە بە جۆرێکە کە هەنگاونان زەحمەت دەکات؛ لە هەندێک لایەنەوە دەتوانێت مەبەستی یاساکە پووچەڵ بکرێتەوە. لەبەر ئەوەی یاساکە ئەندامانی ڕێکخستن پۆلێن دەکات، بەڕێوەبەریی و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی تەڤگەر لە دەرەوە دەهێڵێتەوە، ئەمەش پرۆسەکە ئاڵۆز دەکات. وەک ئەوەی 'لقی ژێر پێی خۆی ببڕێتەوە!' ئەم یاسایە بە شێوەیەک بە هەندێک گومانەوە کەوتووەتە ناو بارودۆخێکی لەم شێوەیەوە. بێگومان کێشە ئەمنییەکان دەکرێت لە بەر چاو بگیرێن، بەڵام ئەگەر کارەکە بۆ بۆ بیرۆکراسی ئەمنیی بەجێ بهێڵرێت، ئەوا بەربەست بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەر خۆی لەبەر ئەوەی تا ئێستا بە تێڕوانین و بنەمای ئەمنییەت هەڵوێست نیشان دراوە، پرسەکە چارەسەر نەکراوە. باج و نرخی ئەمە بۆ تورکیاش قورس بوو.

پێویستە نەخشەڕێگەکە بە شێوەیەک بێت کە بە هیچ شێوەیەک بێمتمانەیی دروست نەکات. بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئەرێنی بەڕێوە بچێت و چارەسەری بێتە دی، پێویستی بەمە هەیە. نزیکایەتیی ئێمەش زۆر ڕوون و بەرجەستەیە. ئێمە هەوڵی فێڵ و یاریکردن نادەین. دەوڵەتیش ئەمە دەزانێت. بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەت بە نیگەرانیی جۆراوجۆرەوە لە بابەتی ڕێگا و ڕێبازەکانی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەدا دوودڵ دەبێت، پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە ناچێت. سەرۆککۆمار لە لێدوانی کۆتایی خۆیدا گوتبووی، درێژبوونەوەی ماوەی پرۆسەکە زەمینە بۆ نەیارانی پرۆسەکە دەڕەخسێنێت. لەم بابەتەدا هەڵوێستی ئێمەش هەر بەو شێوەیەیە. ڕێبەر ئاپۆ بە تایبەتی زۆر هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە بچێت. بەڵام ئەو ڕێگا و ڕێبازانەی کە ئێستا دەخرێنەڕوو، لەگەڵ سرووشت و خەسڵەتی پرۆسەکەدا یەکناگرنەوە. لەلایەکەوە باسی چەکدانانی تەواوەتی دەکرێت؛ لەلایەکی ترەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرەوە دەهێڵرێتەوە. ئاشکرایە کە هەم هەڵوێستی پەراوێزخستن و هەم دۆخێک کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا و ڕێبازێکی قبووڵکراو پێشکەش ناکات، ناتوانێت پێشکەوتن لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. هەم بەڕێوەبەریی و هەم ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرەوە دەهێڵرێتەوە، هەمیش دەوترێت با فڵان و فڵان شت بکرێن. بە سادەیی، ئەمە بە مانای نەناسینی ئەو تەڤگەرە دێت کە زیاتر لە پەنجا ساڵە بەرانبەری تێدەکۆشێت. بە کورتی، هەڵسەنگاندنی یاساکە بە ڕوانگەیەکی پیلانسازانە و دۆگماتیک، کارەکە قورس دەکات.

لەم پرۆسەیەدا دامەزراوەیەک وەک چاودێر یان چاوی سێیەم بوونی نییە. بەرپرسانی حکومەت شانازیی بەمەوە دەکەن. بە ڕاستیش دۆخێکی گرنگە کە ئەمەمان پێویست نەبێت و پرسەکە چارەسەر بکرێت. بەڵام دەبێت پرۆسەکە بەو ڕێگا و ڕێبازانە بەڕێوە بچێت کە لە پراکتیکەکانی جەنگ و چارەسەریدا پێویستییان بە چاوی سێیەم نابێت. ناتوانرێت بوترێت کە ئێستا ئەمە بە وردی دەکرێت. ئەگەر پرسەکە لەو پرسانە نەبێت کە تەنیا بە دانانی چەک چارەسەر ببێت، ئەگەر سرووشتی پرسێکی سەد ساڵە جیاواز بێت، کەواتە وتنی "با چەک دابنرێت" نابێتە مامەڵەیەکی ڕاستەقینە و درووست.

دوای ئەوەی ئیرادە و پراکتیکی چەکدانان تا ڕادەیەک نیشان درا، ئەوکات گرتنەبەری هەندێک هەنگاوی یاسایی پرۆسەکە خێرا دەکات. لەم بابەتەدا تەڤگەریی ئازادییمان خاوەن ئیرادەیە؛ ئەمەش تا ئێستا نیشانی داوە، خاوەنی ئەو ئیرادەیەیە کە لە ئێستا بە دواوەش ڕوونتر نیشانی بدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە گرتنەبەری هەندێک هەنگاوی یاسایی ئەم پرۆسەیە خێرا دەکات، لەم بابەتەدا هەڵوێستێکی توند و بێدەنگ هەیە. پەرلەمان وەک ئیرادەی خەڵکی تورکیا دەبینرێت. ئەم پەرلەمانە دووپاتی کردەوە کە ئەم پرسە بە دیموکراتیکبوون چارەسەر دەبێت. بە ئاشکرا گوترا کە پرسەکە، پرسی کوردە. ئەوکات بۆ پێشخستنی پرۆسەکە ئەو ئیرادەیەی کە لە پەرلەماندا دەستنیشان کرا، دەبێت لە بەر چاو بگیرێت.

پێویستی بەو مامەڵەیە نییە کە چەکدانان و هەنگاوی سیاسی پێکەوە بنرێن. بەڵام گرتنەبەری هەندێک هەنگاوی پەیوەندیدار بە چەکدانانەوە، گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و یاسایی، پرۆسەی چەکدانان خێرا دەکات. بەپێی سرووشتی پرۆسەکە دەبێت بەم شێوەیە بێت. ڕێبەر ئاپۆ ڕێگا و ڕێبازێکی خستە ڕوو کە لە پراکتیکەکانی جەنگ و چارەسەری لە جیهاندا جیاوازترە. لێرەدا ئەگەر ڕێگا و ڕێبازیش جیاواز بێت، چارەسەریی بنەڕەتیی پرسەکە، مەبەستی سەرەکییە. ئەم چارەسەرییە دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو پێک بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئامانج و مەبەستەکەی لە پێشەوە دیار بێت.

سەبارەت بەوەی کە دەبێ هەڵوێستی هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا سەبارەت بە تێکۆشان چۆن بێت؟ جەمیل بایك دەڵێت: کاتێک مرۆڤ سیاسەتی سەد ساڵەی ڕاستیی دەوڵەتی تورک لەسەر کورد هەڵسەنگێنێت، ئەوکات دەبینرێت کە دیموکراتیکبوون لە تورکیا و چارەسەریی پرسی کورد ئاوێتەی یەکترن. سەد ساڵە بۆ ئەوەی کورد سوودی لێ وەرنەگرێت، هیچ هەنگاوێک بۆ دیموکراتیکبوون هەڵناگیرێت. ئەمە بەرجەستەترین نیشانەی ئەم ڕاستییەیە. ئەگەر پرسی کورد وەک ئەوە سەیر نەکرایە کە لە شوێنێکی تری جیهاندایە، مشتومڕەکە تەنها لەسەر زیادبوون یان کەمبوونی داواکارییەکان بوایە، پرسەکە بێ دیموکراتیکبوونیش دەکرا چارەسەر بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی پرسەکە پەیوەستە بە نەهێشتنی نکۆڵی و قبووڵکردنی مافە بنەڕەتییەکانی گەلێکەوە، ئەمە تەنیا بە دیموکراتیکبوون دەکرێت. بەهۆی سرووشتی پرسی کورد لە تورکیادا، دیموکراتیکبوون و پرسی کورد ئاوێتەی یەکترن.

ئەوانەی لەمە تێناگەن، نە دەتوانن تورکیا دیموکراتیک بکەن و نە دەتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن. هەر بۆیە ئەوانەی دەڵێن 'مەگەر تاکە کێشەی تورکیا، پرسی کوردە؟' و تێناگەن لەوەی چۆن دیموکراتیکبوون و پرسی کورد تێکەڵ بە یەک بوونە، هەروەها ئەوانەی دەڵێن 'ئێمە حەقمان چییە بە دیموکراتیکبوونەوە، تەنها مافی کوردان بەسە بۆ ئێمە'، ئەوانە دوو ڕووی یەک دراون. هیچ کام لەو دوو لایەنە دیدگا و ڕوانگەی پێویستیان نییە بۆ چارەسەریی پرسی کورد.

مادام پرسی دیموکراتیکبوون و چارەسەری پرسی کورد لێکئاڵاون، مادام وەک گۆشت و نینۆکن، بۆیە دەبێت هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، تێکۆشانێکی دیموکراتیک بەڕێوەببەن کە پرسی کورد بە بنەما دەگرێت. یان لە کاتی تێکۆشانی دیموکراسیدا دەبێت هەڵوێستێک بنوێنن کە چارەسەریی پرسی کورد بکەنە بنەما بۆ خۆیان. لە تورکیادا نە دیموکراتیکبوون و نە سۆسیالیستبوون بەبێ تێکۆشان لە پێناوی چارەسەریی پرسی کورددا پێک نایەن. ئامانج و کاری سەرەکیی سۆسیالیستەکان و دیموکراتەکانیش دەبێت دیموکراتیکبوون بێت. سۆسیالیستەکان سەد ساڵ پێش ئێستا گوتبوویان، بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزم پێویستی بە شۆڕشی دیموکراتیک هەیە. واتە دیموکراتیکبوونیان وەک تێکۆشانێکی سەرەکی دەبینی. ئیتر بیرۆکەیەکی هاوبەش هەیە کە دەڵێت، سۆسیالیزمیش دەبێت دیموکراتیک بێت. سۆسیالیزمیش بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد کە بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە، ناتوانێت دیموکراتیک بێت. ئەوانەی دەڵێن "ڕوانگەی چینایەتی، ڕوانگەی چین" و گرنگی بە چارەسەریی پرسی کورد نادەن، ئەو هێز و لایەنانەن کە خاوەنی ڕوانگەیەکی چینایەتیی ڕاستەقینە نیین. ئەوانەی کە بەردەوام باس لە چین و چینایەتی دەکەن، ئایا بۆچی بۆچوونەکەی مارکسیان لە بیر کردووە کە دەڵێت: "هەر گەلێک، گەلی تر بچەوسێنێتەوە، خۆیشی ئازاد نابێت".

هەموو هێزە دیموکراتیکەکانیش، بەتایبەتیش سۆسیالیستەکان، ئەگەر پشتگیری لەم پرۆسەیەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەکەن و کار بۆ ئەوە نەکەن کە پرۆسەکە لە چوارچێوەی چارەسەریی پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون پەرە بسەنێت، ئەوا لە ڕۆژەڤ و گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دادەبڕێن و بێکاریگەر دەبن.

هەندێک دەڵێن، ئاکەپە لە سەر دەسەڵاتە و بەم بەهانەیەوە هەڵوێستێکی نەرێنی نیشانی پرۆسەکە دەدەن. لە ڕەخنەگرتن لە ئاکەپەدا، ناحەقیان نییە. بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکە لەگەڵ دەوڵەتدا چارەسەر بکەین. پرسی کوردیش پرسی هەموو تورکیایە. ئێمە داوا لە هەموو هێزەکانی دیموکراسی دەکەین کە تێکۆشانی دیموکراتیکبوون بەهێزتر بکەن. گرنگ ئەوەیە کە لە فراوانترین ئاستدا یەکگرتن دروست بێت و تێکۆشانی دیموکراسی بەڕێوە بچێت. ئاشکرایە کە گرنگترین لایەنی ئەمە پرسی کوردە. ئێمە باوەڕمان وایە کە سۆسیالیستەکان و هێزەکانی دیموکراسی دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بێت. ئەوکات بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆی دیموکراتەکان و سۆسیالیستەکاندایە کە ئەم پرۆسەی چارەسەرییە بەهێز بکەن و ناوەڕۆکی چارەسەرییەکە دیموکراتیکتر بکەن.

دەربارەی گرنگیی هاوکاریکردنی پرۆسەکە لەلایەن هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان، هەروەها هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەوە بایک دەڵێت: ئێمە هەرگیز دیموکراتیکبوونمان وەکو دانیشتنی بندەست و کۆمەڵگەکان لەگەڵ دەوڵەتدا نەبینیوە. بێگومان دەشێت لەگەڵ دەوڵەتدا دانیشتن بکرێت و دانوستان ئەنجام بدرێت. بەڵام دوای ئەو ئاخاوتن و دانوستانە پێویستە هێزێکی کۆمەڵایەتیی تێکۆشەر و ڕێکخراو هەبێت. ئێمە دیموکراسییەکەی ئەورووپا بە دیموکراسیی ڕاستەقینە نازانین. بەڵام هەندێک پێوەر و مامەڵەی دیموکراتیکی هەیە. مافی بەدەستهێنراو هەیە. هەموو ئەمانە ئەو مافانەن کە بە تێکۆشان بەدەستهاتوون، نەک ئەوەی لەلایەن باڵادەستانەوە ڕادەستکرابن.

دیموکراتیکبوون لە وڵاتێک بە تێکۆشانی هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێکخراو دێتە دی. ئەگەر لەگەڵ دیموکرات و سۆسیالیستەکان ڕۆشنبیر، هونەرمەند و چین و توێژە بیرمەندەکان بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسیدا نەکەن، ئەوە نابێتە دیموکراسیی ڕاستەقینە. پێویستە دیموکراتە موسوڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشداری لەم تێکۆشانەدا بکەن. دیموکراتیکبوونی ڕاستەقینە تەنها بە بەشداریکردنی هەموو ئەم هێزانە لەناو تێکۆشاندا دێتە دی. بێگومان گەلی کوردیش بە تێکۆشانی دەیان ساڵە بەها و پاشخانێکی دیموکراتیکی هێناوەتە بوون. لەسەر ئەم بنەمایە گەڕانی خۆی بۆ چارەسەریی دیموکراتیک لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ـەوە درێژە پێدەدات. ئەگەر لە تورکیا دیموکراتیکبوون و پرسی کورد تێکەڵبووبن، ئەو کاتە تەنها بە تێکۆشانی گەلی کورد دیموکراتیکبوون نایەتە دی. هەر بۆیە زۆر گرنگە کە هێز و پاشخانی دیموکراتیکی گەلی کورد و پاشخانی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەناو تێکۆشانێکی هاوبەشدا بگەنەیەک.

کاتێک ئێمە باسی دیموکراتیکبوونی تورکیامان کرد، ئامانجمان ئەوە بوو کە ئەمە لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکانی تورکیادا بکەین. بە ستراتیژی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیک ئێمە هێزە چەپ و دیموکراتیکەکان تەنها وەکو هێزگەلێک نابینین کە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئێمە دەکەن. بە تێکۆشانی هاوبەش بۆ دیموکراسی ئەوە بۆ خۆمان دەکەینە ئامانج کە سەرەتا دیموکراتیکبوونی تورکیا، پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان و پرسی ژن، هەموو پرسەکانی تورکیا چارەسەر بکەین. ئێمە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بە ڕوحی ئەم چارەسەرییە دەزانین. مرۆڤ ناتوانێت باسی چارەسەرییەکی بێ ڕوح بکات
.

لەم کاتە چارەنووسسازەدا پەرلەمان کاراکراوە و قسە لەسەر هەنگاوی سیاسی دەکرێت. هەندێک یاداشتی دیدارەکە و دەق بڵاوکرانەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت دیداری هەندێک لە بەڕێوبەرانی تەڤگەرەکەتان لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدان. ڕێبەر ئاپۆ ئەم دۆخەی بە پیلانگێڕییەک دژی خۆی پێناسەکرد. ئێوە ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کێ و بە کام ئامانج هەنگاوی لەم شێوەیە ئاژاوەگێڕانە دەنێت؟

جەمیل بایك: لە کاتێکدا کە پرۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە، جێی سەرنجە کە قسەوقسەڵۆکی لەم شێوەیە لەسەر ئیمراڵی دەکرێت. 
ئاژاوەگێڕییەکە کە لەلایەن دژبەرانی پرۆسەکەوە ئەنجامدراوە. ئەگەر سەیر بکەین، کێ و کام لایەن دەستی هەیە لەم قسەوقسەڵۆکەدا، دۆخەکە باشتر درکی پێ دەکرێت. ئەوانەی لە کۆنەوە دژایەتیی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەکەن دەستیان هەیە لەم قسەوقسەڵۆکانەدا، هەر بۆیە دۆخەکە جێی تێگەیشتنە. بێگومان لایەنە دوژمنەکانی کورد لە تورکیا کە خۆیان بە نەتەوەپەرست ناودەبەن، ئەم برەو بەم قسەوقسەڵۆکانە دەدەن و بڵاویان دەکەنەوە. بە ناوی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادییەوە ئێمە ڕاگەیاندراومان بڵاوکردەوە و ڕامانگەیاند کە ئەوەی کراوە، ئاژاوەگێڕییەکە دژی پرۆسەکە
.

لە سەرەتای پرۆسەکەدا لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانماندا بە ڕێگەی تەکنیکی دیدارێک ئەنجامدرابوو. هەر خۆی ئەو دیدارانەی لەگەڵ شاندی دەم پارتیدا ئەنجامدەدرێن، دەگەنە دەستمان، ئێمەش بۆچوونەکانی خۆمان ڕادەگەیەنین. لە هەمان کاتدا بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک مژاری کردەیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەرپرسانی دەوڵەت و هەڤاڵانمان ماوە ماوە دیدار دەکەن. کێشە هەنووکەییەکان بچووک نین، ڕێکخستنە هەنووکەییەکان بچووک نین. هەر بۆیە پێکهاتنی دیدار و پەیوەندییە فرەلایەنەکان بە گوێرەی سروشتی پرۆسەکەیە. ئەوانەی دژی پرۆسەکەن، دژی ئەمانەشن. بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە بچێتە پێشەوە، سروشتیترین شتە کە تەڤگەرەکەمان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتدا دیدار بکات. ئەمە ئاساییە، پێویستە و ڕاستە. نابێت بگوترێت، دژبەرانی پرۆسەکە شتی لەم شێوەیە بەکاردەهێنن، هەر بۆیە پێویستە نەکرێت. ئێمە دەمانەوێت هەم لەگەڵ دەوڵەتدا، هەم لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ڕووبەڕوو دیدار بکەین. ئەگەر ئەم پرسە ١٠٠ ساڵەیە چارەسەر بکرێت، ئەمە پێویستە بکرێت. بێگومان دژبەرانی پرۆسەکە شتی لەم شێوەیەیان ناوێت. لەبەرئەوەی ئەوان نایانەوێت، نابێت خۆمان لەم پەیوەندی و دیدارانە بەدوور بگرین. هێزە دیموکراسییەکان و ئەوانەی دەیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکرێت، هەموویان پێویستە بیانەوێت کە تەڤگەری ئازادی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتدا دیدار بکات.

قسەوقسەڵۆک و ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی پرۆسەکەیە. بۆ ئەوەی ڕێگری لەمە بکرێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت دیدار لەگەڵ ڕۆژنامەوانان، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و بەشێک لە ڕێکخراوە دیموکراتیکەکاندا بکات. ئەگەر سەرنجەکان ڕاستەوخۆ لە ڕێبەر ئاپۆوە وەربگیرێن، ڕێگری لە قسەوقسەڵۆکی لەم شێوەیە دەکرێت. لەبەرئەوەی ئەو کاتە سەرنجەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە سەرچاوە کراوەکانەوە دەگەنە ڕای گشتی. کاتێک ڕۆژنامەوان، ڕۆشنبیر، نوێنەرانی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان و سیاسەتمەداران دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دەکەن، تەنها ڕێگری لەم قسەوقسەڵۆکانە ناکرێت؛ بەڵکوو ڕای گشتی تورکیاش تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆی پێ دەگات و بەم شێوەیە پشتیوانیی کۆمەڵگەی تورکیا بۆ پرۆسەکە زیاتر دەبێت.

دوایین جار تەڤگەری ئازادی ئەم پرۆسەیەی بە 'پرۆسەیەکی تێکۆشان و دانوستان' پێناسەکرد. بەڵام ئەو تێڕوانینەی کە چاوەڕوانی لە دەوڵەت هەیە، هێشتا باڵادەستە. لەم پرۆسەیەدا چ بەرپرسیارێتییەک دەکەوێتە ئەستۆی گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان؟

جەمیل بایك: ڕێبەر ئاپۆ کاتێک ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد، باسی بوونی هیچ پەیمانێکی نەکرد. دەوڵەت و تەڤگەری ئازادیش، ڕاگرتنی شەڕیان بە ڕاست زانی. بەو گفتوگۆیانەی کە لەمەوبەدوا دەکرێن ڕوون دەبێتەوە ئاخۆ پرۆسەکە بەرەو کوێ دەچێت. ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆی دەکاتە بنەما کە بە تێکۆشانی سیاسی دیموکراتیک کێشەکە چارەسەر بکات. لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ـدا هۆکارەکانی ئەم بابەتە بە جەوهەری دەستنیشانکرا.

ڕێبەر ئاپۆ لە لایەکەوە بە ناوی گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکانەوە ئەم هەنگاوەی نا. هەر خۆی ڕێبەری تەڤگەری ئازادیی کوردە. هەر بۆیە خاوەنەکانی ئەم هەنگاوە کە بە ناوی ئەوانەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەنگاوی نا، پێویستە بە تێڕوانین و چالاکییە دیموکراتیکەکانی خۆیانەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن. ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکیی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادییە. کاتێک بەم ڕۆڵەی خۆی هەڵستا، بێگومان تێڕوانین و هەڵوێستەکانی گەلی کورد لەبەرچاو دەگرێت. دەیەوێت پشتیوانی و هەڵوێستی هێزە دیموکراسییەکان و تەڤگەری ئازادی لەپاڵ خۆیدا ببینێت. ئەگەر بگوترێت کە ڕێبەر ئاپۆ بەتەنها بە گفتوگۆکان لەسەر مێز پرسی کورد چارەسەر دەکات، ئەم مامەڵەیە مانای تێنەگەیشتنە لە سیاسەت و تێکۆشانی سیاسی
.

ڕێبەر ئاپۆ بێگومان لە گفتوگۆکانی ئیمراڵیدا ڕێ و ڕێبازەکانی دیموکراتیکبوون و چارەسەریی پرسی کورد دەخاتە ڕوو. بنەما مێژووییەکانی ئەم چارەسەرییە و پێویستییەکانی ڕۆژانە دەخاتە ڕوو و پێشنیارەکانی چارەسەری پێشکەشدەکات. هێزە دیموکراسییەکان و گەلەکەمان بە تێڕوانین، ڕێکخستن، داخوازی و چالاکییە دیموکراتیکەکانی خۆیان پێویستە ئەم تێزانەی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەن، پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، بە ڕۆڵی خۆیان هەڵستن.

گەلی کورد بێگومان متمانەی بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە کە دانوستانکاری سەرەکییە. ڕێبەر ئاپۆش بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیی ئەم متمانەیە دەکات. بەڵام گەلی کورد لەم مژارەدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە خۆیەوە، ناتوانێت تەماشاکەر و پاسیڤ بێت. ئەمە لەگەڵ ڕاستیی گەلێکی لەم شێوەیەدا نایەتەوە کە درێژە بە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی دەدات. هێزە دیموکراسییەکانیش دەزانن کە دیموکراتیکبوون تەنها بە تێکۆشان دێتە دی. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی چالاک و ڕێکخراو بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بکەن. ڕاست نییە کە پرۆسەیەکی هێندە گرنگ تەنها ڕەخنەی لێ بگیرێت. بێگومان ڕەخنە دەبێت. دەشێت ئاماژەی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر بە ئاڕاستەی پشتیوانی بێت لە تێکۆشان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، مانادارتر دەبێت.

گەلی کورد خاوەن ئاستێکی هەستیار و بەرپرسیارانەیە و هەندێک چالاکی دەکات. بەڵام کەمە؛ تێکۆشان و ڕێکخراوییەک نییە لە ئاست پێویستیی پرۆسەکەدا. بۆ داخوازییەک لە بابەتێکدا یاخود هەڵوێست لەسەر فشارێک تێکۆشان بەڕێوەناچێت. پرۆسەیەکی پەیوەندیدار بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و داهاتوومانەوەیە. هەر بۆیە پێویستی بە ڕێکخراوبوونێکی بەهێز و تێکۆشانێکی بەردەوام هەیە. گرنگە گەل بەبەهێزی بەشداری بکات. ئەگەر لە ئاستی دیاریکردنی چارەسەری و داهاتووماندا چالاکی و ڕێکخراوبوون بوونی نەبێت، ئەوا تێگەیشتن بۆ پرۆسەکە بوونی نییە. کاری شۆڕشگێڕ، دیموکراتیک و تێکۆشەرانی ئازادی نییە کە چاوەڕوانییان لە دەوڵەت هەبێت. هیوا و چاوەڕوانی لە دەوڵەت بە مانای چەقبەستن لەناو هەژموونی ئایدۆلۆژیی زیهنییەتی دەوڵەتپەرست دێت. تێڕوانینی چاوەڕوانیکردن لە دەوڵەت هەر لە سەرەتاوە بە مانای قبووڵکردنی کۆیلایەتی و خۆدانە دەست بارودۆخەکە دێت. دەوڵەت و کۆمەڵگە دوو پایەن کە پێکەوەن. لەنێوانیاندا تەنها ڕێککەوتن بوونی نییە، تێکۆشانیش هەیە. کاتێک پێویست بکات، ئەم تێکۆشانە دەشێت دژوارتریش ببێت. بەدرێژایی مێژوو بەردەوام ناکۆکی لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا دروستبووە، تێکۆشان کراوە. ڕێککەوتن کاتییە، بەڵام تێکۆشان هەمیشەییە. پێویستە مرۆڤ ئەم تێکۆشانە تەنها وەک تێکۆشانێکی وشک و چەکداری نەبینێت. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کاتێک ڕێکخراو بوو، دەتوانێت ببێتە خاوەن هێزی تێکۆشان. ئەو گۆڕەپانی تێکۆشانەی کە تێیدا کۆمەڵگە بەهێزترینە، گۆڕەپانی تێکۆشانی دیموکراتیکە. ئەگەر کۆمەڵگە بتوانێت ئەم گۆڕەپانی تێکۆشانە بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنێت، ئەوا گۆڕەپانی دیموکراسی و ئازادی بەرفراوان دەکات.

گەل لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا پێویستە چاوەڕوانی دەوڵەت نەبێت، هیوای لەسەر هەڵنەچنێت. پێویستە خۆی ڕێکخراو بکات و خۆی هەموو کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات. هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ گرنگی دەدات بە ڕێکخراوبوونی کۆمۆن. ڕێکخراوبوونی کۆمۆن، ڕێکخراوبوونی یەکێتیی کۆمۆنەکان بە مانای ڕێکخراوبوونی خۆبەخۆی کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسییەکانی دێت. ئەگەر پرسێکی قورسی ١٠٠ ساڵەی وەکو پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئەوا پێویستە کۆمەڵگە چاوەڕوانی دەوڵەت نەکات، خۆی ڕێکخراو بکات، درێژە بە تێکۆشانی دیموکراتیک بدات و خۆی بکاتە هێزێکی چارەسەریی ڕاستەقینە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.