پەرلەمانی بەریتانیا: ڕێککەوتنی دیمەشق و کورد، ململانێکانی چارەسەر نەکردووە
کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتی «نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیا» کە لە ۲ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶دا بڵاو کراوەتەوە، دۆخی کوردانی سووریا دەکرێت لە ڕستەیەکدا ئاوا کورت بێتەوە: «تێپەڕین لە خۆبەڕێوەبەریی سەربازی ـ کارگێڕییەوە بۆ تێکەڵبوون لە دەوڵەتی ناوەندیدا، لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد لە یاسای بنەڕەتیدا.»
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە دیسەمبەری ۲۰۲۴دا، گرنگترین گۆڕانکاری لە دۆخی کوردانی سووریا لە ساڵی ۲۰۲۶دا، ڕێککەوتن بوو بۆ تێکەڵکردنی هەیکەلە سەربازی و کارگێڕییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەیکەلی دەوڵەتی ناوەندیدا. ئەم ڕێڕەوە دوای مانگەکان ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری ئەحمەد ئەلشەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەتایبەت لە دوای پێکدادانەکانی ژانویەی ۲۰۲۶، کەوتە قۆناغێکی نوێوە.
کوردانی سووریا دوای ڕووخانی ئەسەد هەوڵیان دا هەیکەلە خۆبەڕێوەبەرەکانی خۆیان بپارێزن، بەڵام حکوومەتی ڕاگوزەر جەختی لەسەر دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکپارچە و سوپایەکی یەکگرتوو دەکردەوە. ئەحمەد ئەلشەرع «یەکێتیی سووریا»ی وەک هێڵی سور ڕاگەیاند و داوای کرد تەواوی کۆمەڵە چەکدارەکان ببنە ژێر فەرماندەییی ناوەندی. لە بەرامبەردا، ڕێبەرانی کورد داوای پاراستنی ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری، زامنی مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد و کەمکردنەوەی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی سەرۆککۆماری ڕاگوزەردا دەکرد.
سەرەنجام، دوای پێکدادانەکانی ژانویەی ۲۰۲۶ و گۆڕانی هاوسەنگیی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، ڕێککەوتنێکی ۱۴ مادەیی لە ۱۸ی ژانویەدا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی ڕاگوزەردا ڕاگەیەندرا کە لە کۆتایی مانگدا بە ڕێککەوتنی زیاتر هاوڕێیەتی کراوە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ڕێڕەوی «تێکەڵکردنی پلەبەپلە»ی هەیکەلە سەربازی و دەسەڵاتدارییە کوردییەکان لە دەوڵەتی ناوەندیدا دەستی پێ کرد.
گرنگترین مادەکانی ئەم ڕێککەوتنە بریتی بوون لە بەدەستەوەدانی کۆنتڕۆڵی ڕەقە و دێرەزۆر بۆ دەوڵەتی ناوەندی، تێکەڵکردنی حەسەکە لە هەیکەلی دەوڵەتی سووریادا، جێگیربوونی هێزەکانی ژێر فەرمانی کورد لە سوپای یەکگرتووی سووریادا، چوونەدەرەوەی هێزە نەسورییەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکە، بەدەستەوەدانی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و سنوورە دەرەکییەکان بۆ دەوڵەتی ناوەندی، و زامنی مافە زمانی و فەرهەنگییەکانی کورد.
کۆتاییی ڕۆڵی سەربازیی سەربەخۆی کوردان
نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیا لەو بڕوایە دایە ڕێڕەوی تێکەڵکردن لە ساڵی ۲۰۲۶دا پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە. لە ئابی ۲۰۲۶دا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕایگەیاند کە ڕێڕەوی تێکەڵکردنی هەیکەلە سەربازی، ئاسایشی و کارگێڕییەکانی ئەم هێزانە لە دامەزراوە نیشتمانییەکانی سووریادا تەواو بووە.
هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ، گرنگترین گۆڕانکاری لە پێگەی کوردانی سووریادا ئەژمار دەکرێت. بەم شێوەیە، ئەو هەیکەلە سەربازییەی کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردان بوو، ئیتر بە شێوەی سەربەخۆ بوونی نییە.
بەپێی ئەوەش، لە تێڕوانینی پەرلەمانی بەریتانیاوە، کۆتاییی هەیکەلی سەربازیی سەربەخۆ بە مانای چارەسەری تەواوی پرسی کورد نییە. بابەتی سەرەکی ئێستا لە «کۆنتڕۆڵی هەرێمی و سەربازی»یەوە گوازراوەتەوە بۆ «زامنی مافە سیاسی، فەرهەنگی و کارگێڕییەکان».
مەزڵووم عەبدیش دوای ڕاگەیاندنی تەواوبوونی تێکەڵبوونەکە، جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو دەبێت چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد بێت لە یاسای بنەڕەتیی هەمیشەییی سووریادا.
گرنگترین دەستکەوت؛ ناساندنی مافە فەرهەنگییەکانی کورد
یەکێک لە هەنگاوەکانی حکوومەتی ڕاگوزەر لە ژانویەی ۲۰۲۶دا ڕاگەیاندنی کوردی بوو وەک زمانێکی نیشتمانیی سووریا. هەروەها حکوومەتی دیمەشق دەرفەتی داواکاریی ڕەگەزنامەی سووریای بۆ ئەو کوردانەی بێ ڕەگەزنامەن ڕەخساندووە؛ بابەتێک کە ڕێڕەوی لە سیاسەتەکانی حکوومەتەکانی پێشووی سووریا و زەوتکردنی ڕەگەزنامە لە بەشێک لە کوردان هەیە.
بەپێی ئەوەش، ڕێبەرانی کورد لەو بڕوایە دان کە هەنگاوی لەم شێوەیە بەتەنیا بەس نییە و مافەکانی کورد دەبێت لە یاسای بنەڕەتیی هەمیشەییی سووریادا زامن بکرێت.
لە بوار پەروەردەشدا دانوستان لە نێوان نوێنەرانی کورد و حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەی کوردی بەردەوامە. کەواتە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی قۆناغی داهاتوو، دیاریکردنی پێگەی زمانی کوردی دەبێت لە سیستەمی پەروەردە و کارگێڕیی سووریادا.
بەشداریی سیاسی؛ هێشتا ناکۆکیی لەسەرە
پەرلەمانی ڕاگوزەری سووریا یەکێکی ترە لە خاڵەکانی ناکۆکی لە نێوان کوردان و حکوومەتی دیمەشقدا.
هەڵبژاردنەکانی پەیوەندیدار بە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مەیی ۲۰۲۶دا بەڕێوە چوو و لە کۆی گشتیدا ۱۱ کەس، کە شەش عەرەب و پێنج کوردی لەخۆدەگرت، بۆ ئامادەیی لە پەرلەماندا هەڵبژێردران. بەڵام ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکان بایکۆتی ئەم ڕێڕەوانەیان کرد و لەو بڕوایەدا بوون کە پشکی ناوچەکە لە پەرلەماندا دەبێت زیاتر لە ۱۱ کورسی بێت.
پارتی یەکێتیی دیموکراتیکیش هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کرد
لە ئەنجامدا، ئەگەرچی کوردان ئێستا لە هەیکەلی پەرلەمانیی ڕاگوزەری سووریادا ئامادەییان هەیە، بەڵام ڕێبەرانی کوردی پێکهاتەی پەرلەمان بە نوێنەری ڕاستەقینەی قورساییی دانیشتووان و سیاسیی کوردان نازانن.
نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچە کوردنشینەکان و ناوچە دروزنشینەکان لە باشووری سووریا لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەماندا بەشدارییان نەکرد و پشکی ۱۰ لەسەدی ئەم ناوچانە لە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ماوەیەک چۆڵ مابووەوە.
کۆتاییی خۆبەڕێوەبەری یان ڕاگوزەری بۆ یاسای بنەڕەتی؟
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕاپۆرتی پەرلەمانی بەریتانیا ئەوەیە کە ڕێککەوتنی دیمەشق و کوردان زۆرتر لەوەی کێشەکە چارەسەر بکات، ئەوەی بۆ داهاتوو دوا خستووە.
شیکاریی پەیمانگەی چاتام هاوس کە لەم ڕاپۆرتەدا هێنراوە، لەو بڕوایە دایە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر لەوەی ململانێکان چارەسەر بکات، گواستوویەتییەوە بۆ داهاتوو.
بابەتەکانی وەک ئەوەی کە کێ بەرپرسانی ناوچە کوردنشینەکان دەستنیشان دەکات، داهاتەکانی نەوت چۆن دابەش دەبن، ئاستی ناواندەندێتیی کارگێڕی چەندە دەبێت و کوردان چی دەسەڵاتێکیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیاندا دەبێت، هێشتا دەتوانن ببنە سەرچاوەی ناکۆکی.
بە هەمان هۆکار، قۆناغی داهاتوو بۆ کوردانی سووریا نە پاراستنی هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ، بەڵکو گۆڕینی دەستکەوتە سیاسی و فەرهەنگییەکانی سەردەمی خۆبەڕێوەبەری دەبێت بۆ مافە یاسایی و یاسای بنەڕەتییەکان.
گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا؛ هۆکاری گرنگ لە پێگەی نوێی کورداندا
لە تێڕوانینی پەرلەمانی بەریتانیاوە، گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکاش لە لاوازکردنی پێگەی پێشووی کوردانی سووریادا کاریگەر بووە.
ئەمریکا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گرنگترین هاوبەشی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو لە خەباتی دژی داعشد، لە ساڵی ۲۰۲۶دا سیاسەتی خۆی بەرەو بەهێزکردنی حکوومەتی ڕاگوزەری دیمەشق گۆڕی.
تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا، لە ژانویەی ۲۰۲۶دا ڕایگەیاند کە «ئامانجی سەرەتاییی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هێزی سەرەکیی خەباتی دژی داعش لەسەر زەوی تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی پێ هاتوو.»
ئەمریکا هەروەها لە ئەیپریلی ۲۰۲۶دا بەدەستەوەدانی بنکە سەرەکییە سەربازییەکانی خۆی لە سووریا بۆ حکوومەتی ڕاگوزەر تەواو کرد.
کەواتە، لە تێڕوانینی ئەم ڕاپۆرتەوە، کوردانی سووریا ئیتر ناتوانن هەمان ئاست لە پشتگیریی سەربازیی ئەمریکا کە لە سەردەمی جەنگی دژی داعشد لە بەردەستیاندا بوو، بکەنە بنەمای پێگەی سیاسیی خۆیان.
نیگەرانیی سەرەکیی بەریتانیا چییە؟
هەڵوێستی حکوومەتی بەریتانیا لە ڕاپۆرتی نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیادا ڕوونە: لەندەن پێشوازی لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەیکەلەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا دەکات، بەڵام هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی زامنی مافەکانی کورد دەکاتەوە.
حکوومەتی بەریتانیا داوای «تێپەڕینی سیاسیی فرەڕەنگ» دەکات کە مافەکانی تەواوی سوریییەکان، لەوانە کۆمەڵگەی کورد، زامن بکات. لەندەن هەروەها پێشوازی لە هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و داوای جێبەجێبوونی تەواوی ڕێککەوتنی ژانویەی ۲۰۲۶ دەکات.
لە تێڕوانینی بەریتانیادا، پاراستنی تەواوکاریی هەرێمیی سووریا و زامنی مافەکانی کورد دوو ئامانجی دژ بەیەک نین؛ بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی نوێدا هاوکات بێنە دی.
ڕاپۆرتی نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیا وێنەیەکی دووفاقە لە داهاتووی کوردانی سووریا پێشکەش دەکات. لەلایەکەوە، کوردان لە ساڵی ۲۰۲۶دا بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتی سەربازی و هەرێمیی خۆیان لە دەست داوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هێزێکی سەربەخۆ هەڵوەشێندراونەتەوە. بەڕێوەبردنی ناوچە کوردنشینەکانیش لە ڕێڕەوی تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا کەوتووە.
لە لایەکی ترەوە، کوردان توانیویانە بابەتی مافە زمانی و فەرهەنگییەکان، ڕەگەزنامەی کوردانی بێ ڕەگەزنامە و بەشداریی سیاسی بخەنە ناو دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە هەیکەلە نوێیەکەی سووریاوە.
کەواتە، لە تێڕوانینی نووسینگەی پەرلەمانی بەریتانیاوە، پرسی کوردانی سووریا لە «خۆبەڕێوەبەری لە کرداردا»وە گوازراوەتەوە بۆ «مافە زامنکراوەکان لە یاسای بنەڕەتیدا». سەرکەوتن یان ناکامیی ئەم قۆناغە بەوەوە بەندە کە ئایا دیمەشق ئامادە دەبێت تێپەڕێت لە ناساندنی هێماییی مافەکانی کورد، و بۆیان زامنی بەردەوامی سیاسی، فەرهەنگی، پەروەردەیی و کارگێڕی دروست بکات یان نا.
بۆچوونی بەکارهێنەران