چیرۆکێکی دڵتەزێن لە دانیشتنی دادگایی لاهوور تاڵەبانی و هاوڕێکانی
کوردپرێس: دۆسیەکە و دانیشتنەکەی دادگا لە کەش و هەوایەک بوو تۆمەتباران قسەی دڵی خۆیان کرد، بەجۆرێک قسەیان دەکرد کە هیچ خەمی ئەوەیان نەبوو ئەشکەنجە دەدرێن رەنگە دۆخی زیندانی ئاسایش ئەو کەشەی بۆ رەخساندبن.
هەرچەندە هێزێکی زۆری ئاسایش و ئۆپەراسیۆن لە ناوەوەو دەرەوەی دادگا بوون، بەڵام ئارامی و ئازادی ناو هۆڵی دادگا بەدڵی بەشداربوانی دانیشتنەکە بوو.
قسەی یەکێک لە تۆمەتباران هۆڵەکەی وروژاند، سەرجەم وتەکانی پێشووی رەتکردەوە و وتی تاوەکو بەنزینخانەی بینایی چووە و دەستگیرکراون، ئەوەی وتومە پێشتر لە ژێر ئەشکەنجەدابووەو بەدەست خۆم نەبووە.
ڕەمەزان کە پاسەوانی لاهور شێخ جەنگییە، بە شەڕواڵ و تیشێرتێکەوە کە سەرو ڕیشی سپی ببوو، هێنایانە هۆڵەکە بەسەیرکردنی کچە نەخۆشەکەی و هاوسەرەکەی دڵی پڕبوو، بەڵام هەر زوو وەکو باوکێکی بەهێز شاردییەوە و بەزەردەخەنەیەک دەستی بۆکچەکەی بەرزکردەوە کە تووشبووی شێرپەنجەیە.
ڕەمەزان جاروبار دەست و قاچی دەلەرزی خۆی بە شیشی قەفەزەکەوە رادەگرت، نەیدەتوانی بەباشی بوەستێ و بڕوات تەنانەت نەیدەتوانی بەباشیش قسە بکات، ئەم دیمەنە زۆرینەی هۆڵەکەی گریاند.
جگە لە خراپی تەندروستی، نەیتوانی لە هۆڵەکەدا باسی جۆری ئەو ئەشکەنجەدانە بکات کە تەندروستی و دەروونی تێکداوە، نەیدەویست کچ و هاوسەرەکەی و بەشداربوانی هۆڵەکە گوێبیستی ئەشکەنجەدانەکەی ببن.
دەیویست ئەشکەنجەدانەکە ئاشکرا بکات، بەڵام بەمەرجێک خەڵک و کەسوکارەکەی نەیزانن، دواجار لەسەر پارچە وەرەقەیەک شێوازی ئەشکەنجەدانەکەی بۆ دادوەرەکان نووسی و کەس نەیبینی.
بۆچوونی بەکارهێنەران