33 گەنجی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: دوای ئەوەی کە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە وڵاتی لیبیامان بەدەستگەیشت، ڕاستەوخۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان، لەئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر 33 هاونیشتمانییەکە تەواوبووە و هەفتەی ئایندە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا؛ ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادادێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا، کە هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.
ڕاشیدەگەیەنێت: تاوەکو ئەمڕۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگاربکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەئێستاشدا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، ڕێکاری پێویستیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی 33 کۆچبەر گرتووەتەبەر و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆچوونی بەکارهێنەران