خبر 2020-06-13 06:15 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

واشنتن ڕازییە لە ئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتێژی لەگەڵ بەغدا/ تاوەکوو کۆتایی داعش لە عێراق دەمێنینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق ئەرێنییە و ئەمریکا لە ئەنجامەکانی رازییە. دەشڵێت، تاوەکو کۆتایی داعش لە عێراق دەمێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مۆرگان ئۆرتاگیوس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڤێرجینیاوە قسەی بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنیی رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دیالۆگە بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ عێراق دروست بکەن، "لە چەند ساڵی رابردووش بەرەوپێشچوونێکی باشیان هەبووە".

ئۆرتاگیوس باسی لایەنی ئەمنیی عێراقی کرد و گوتی، "دەبێت میلیشیا و تائیفەگەری لە عێراقدا نەمێنێت... بێگومان ئێمە وەک میوانی گەلی عێراق دەمێنینەوە تاوەکوو ئەو کاتەی کە ئەوان دەیانەوێت تاوەکوو دڵنیا ببینەوە کۆتاییهاتنی داعش بە تەواوی".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە دوو دەیەی رابردوودا زیاتر ئەمنی بووە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێستا کاتی هاتووە هەنگاو بەرەو قۆناخێكی پێشکەوتووتر لە پەیوەندییەکانمان بنەین. تیشک دەخەینە سەر لایەنی سیاسی، دیپلۆماسی و کولتووری نێوان هەردوو حکوومەتەکانمان".

لە پەیوەندییە نوێیەکانیاندا، ئەمریکا و عێراق بە گوتەی مۆرگان ئۆرتاگیوس، گرنگی دەدەن بە پەیوەندییە ئابووری و داراییەکانی نێوانیان و وتی "ئێمە دەمانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێک کە تێیدا بازرگانانی ئەمریکی بە متمانەوە بازرگانی بکەن، هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییەی نێوانمان بەرەو سەردەمێکی نوێ بەرین".

لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی ئەمریکا چەندە بایەخ بە دروست كردنی دانوستاندنێكی جیددی لەنێوان هەولێر و بەغدا و نەهێشتنی كێشەكانی نێوانیان دەدات؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکە کە باڵیۆزەکەمان و هەموو دیپلۆماتەکانمان لەوێ سەرنجیان لەسەری دەبێت.. بیری بینەرەکانتان دەهێنمەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک گەورەترین پێشکێشکاری یارمەتی مرۆیی بۆ عێراق دەمێنێتەوە و ئەوەش شتێکە کە ئێمە شانازی پێوەدەکەین... هەربۆیە ئومێدەوارین لەو بوارەوە یارمەتی حکوومەتی عێراق بدەین".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوت، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێت، دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمریکا دەیەوێت هەموو لایەن و پێکهاتەکان لە حکوومەتی عێراقدا نوێنەرایەتییان هەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.