خبر 2026-10-20 12:36 کاتی خوێندنەوە: 9 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مێژووی چالاکیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا

جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان، لێکترازان و پچڕپچڕبوونی بەردەوام، پێکهاتە حزبییە نەریتییەکان و لاوازی لە ڕاکشانی جەماوەریدا، لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی سنووردارکردنی هەژموونی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا. ئەم ئەنجومەنە که بە ئامانجی دروستکردنی یەکێتی لە نێوان ڕەوتە نەتەوەییەکانی کورددا پێکهێنرا، تا ئێستاش لەگەڵ دژواریی گەیشتن بە یەکگرتوویی سیاسی دەستەویەخەیە.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، سەرەڕای بەشداری کردن لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی دیمەشقدا، هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕیشەیی دەبێتەوە؛ لەوانە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حزبەکان، لاوازی لە کۆکردنەوەی جەماوەر و کێبڕکێ لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)؛ ئەو ئاستەنگانەی کە دەبێت ڕەگ و ریشەکەیان لە مێژووی چەند دەیەی حزبی کوردی لە سووریادا بگەڕێین. ئەلێکساندەر مەک کیوور، توێژەری پرسی سووریا، لە لێکۆڵینەوەی مێژوویی ئەم ئەنجومەنەدا جەخت دەکاتەوە کە جیابوونەوەی یەک لە دوای یەکەکان، ڕکابەری لەسەر ستراتیژی سیاسی و دروستبوونی پێکهاتەی سەربازی و سیاسیی ڕکابەر، ڕێگر بوون لەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی ببێتە ئەکتەری دەسەڵاتدار لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا.

ئەلێکساندەر مەک کیوور دەشڵێت: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۱دا بە هاوپەیمانیی دە حزبی سیاسی و بەشداریی چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانی سەربەخۆ دامەزرا، لە سەرەتادا هەوڵی دەدا هێزە نەتەوەییەکانی کورد لە قاڵبێکی یەکگرتوودا کۆبکاتەوە تا بتوانن لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا و مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی بەشار ئەسەد، ڕۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕن. بەڵام، ناکۆکیی نێوان حزبە ئەندامەکان و توانای پارتی یەکێتیی دیموکراتیک بۆ دروستکردنی پێکهاتەی سیاسی و سەربازی لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بەهێواشی پێگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی سنووردار کرد.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەنجومەنی نیشتمانی ئێستا شەش کورسی لە کۆی ۲۱۰ کورسیی ئەنجومەنی گەلی سووریا بەدەستەوەیە و لە ڕووی ئامادەیی فەرمییەوە، بە گەورەترین ڕەوتی ڕێکخراوی کوردی لەم دەزگایەدا ئەژمار دەکرێت. نزیکەی شەش نوێنەری سەربەخۆی دیکەش بە ئاڕاستەی سیاسیی جیاوازەوە لە ئەنجومەنەکەدا ئامادەن کە بەشێکیان دژی نەتەوەییبوونی کوردن. بەم حاڵەشەوە، قورسایی سیاسی و مەیدانیی ئەنجومەنی نیشتمانی بە بەراورد لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، لەوانەش لە چوارچێوەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا، سنووردارترە.

ئەلێکساندەر مەک کیوور پێیوایە ئەم دۆخە، هەم ڕەنگدانەوەی دۆخی حزبە ڕێکخراوەکانە لە سووریای ئەمڕۆدا، هەم نیشانی دەدات کە سیاسەتی کوردی لەم وڵاتەدا چووەتە قۆناغێکی نوێ و نادیارەوە. لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکێتیی کورد لە ساڵی ڕابردوودا، کەلێن و دابەشبوونی نێوان دوو ڕەوتە سەرەکییەکەی کورد هەر بەردەوامە و هەرلایەکیان بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق هەوڵ دەدات.

ئەلێکساندەر مەک کیوور بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای ئەنجومەنی نیشتمانی، مێژووی حزبە کوردییەکانی سووریا لە ساڵی ۱۹٥۷ەوە کە پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا دامەزرا، شی دەکاتەوە. ئەم حزبە لەلایەن کۆمەڵەیەکی هەمەجۆر لە ڕۆشنبیرانی چاکسازیخواز، هونەرمەندان، ئەندامانی پێشووی پارتی کۆمۆنیستی سووریا و کەسایەتییە نەریتییەکان، لەوانەش چەندین سەرۆک عەشیرەت، دامەزرێنرا.

گۆڕینی ناوی ئەم پارتە لە "پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا" بۆ "پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا" ئاماژەی بە کێشەیەکی بنەڕەتیی بزووتنەوەی کوردی دەکرد کە لە دەیەکانی دواتریشدا درێژەی کێشا. بابەتی سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا کورد دەبێت وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی تبکۆشێت، یان خۆی وەک نەتەوەیەک لە نیشتمانی مێژووییی خۆیدا ببێنێت کە داوای دانپێدانانی ناسنامەی نەتەوەیی و بەهرەمەندبوون لە مافی سیاسیی بەرفراوانتر دەکات.

کەمێک دوای دامەزراندنی حزبەکە، سەرکوتکردنی سیاسی لە سەردەمی کۆماری یەکگرتووی عەرەبیدا (کە دەرئەنجامی یەکگرتنی کورتخایەنی سووریا و میسر بوو بە ڕێبەرایەتیی جەمال عەبدولناسر)، چالاکییەکانی سنووردار کرد. لەو سەردەمەدا، چالاکیی حزبە سیاسییەکان جگە لەو لایەنەی کە عەبدولناسر پشتیوانیی لێ دەکرد قەدەغە کرا، و هێزە ئەمنییەکان هەستان بە دەستبەسەرکردنی هەزاران چالاکوانی کورد، لەوانەش بەشێکی گەورە لە ڕێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا.

گوشاری حکوومەت، جیاوازیی ئایدۆلۆژی و کێبڕکێ سیاسییە هەرێمییەکان، زەمینەیان بۆ لێکترازانی زیاتر خۆش کرد. بە نووسینی ئەلێکساندەر مەک کیوور، یەکەم دابەشبوونی گرنگ لە پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە نێوان دوو ئاڕاستەدا شێوەی گرت: باڵێک کە کوردی وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لە سووریادا دەبینی و جەختی لەسەر بەدواداچوونی مافەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکردەوە، و باڵێک کە داوای دانپێدانانی کوردی وەک نەتەوە دەکرد.

ئەم ناکۆکییانە تەنیا لە دۆخی ناوخۆیی سووریادا نەمانەوە. لێکترازانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ساڵی ۱۹٦٤ لە نێوان ڕەوتی نزیک لە بنەماڵەی بارزانی و باڵی چەپگەرای جەلال تاڵەبانیدا، کاریگەریی کردە سەر کێبڕکێ ناوخۆییەکانی کوردانی سووریاش. پەیوەندییە هەرێمییەکان و پشتیوانیی حزبە عێراقییەکان لە کەسایەتی و گرووپە جیاوازەکان، هاوکار بوو لە دروستبوونی جەمسەربەندیی نوێ و ئاڵۆزتربوونی ناکۆکییەکان.

لە دەوروبەری ساڵی ۲۰۱۱دا، نزیکەی ۲٤ حزبی کوردی لە سووریادا چالاکییان دەکرد، کە زۆربەیان بە پێکهاتەی پلەبەندی، ڕێبەرایەتیی بەساڵداچوو، شانەی نهێنی و توانای سنووردار بۆ جووڵاندنی جەماوەری دەناسرانەوە. ئەم دۆخە بەهێواشی مەودای نێوان حزبە نەریتییەکان و بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی نەوەی گەنجی زیاتر کرد.

ئەلێکساندەر مەک کیوور بۆ ڕوونکردنەوەی مێژووی حزبە کوردییەکانی سووریا، سێ ئاڕاستەی سەرەکی لە یەکتر جیا دەکاتەوە: ڕاستڕەوی نەریتی، ڕەوتی میانڕەو و نەتەوەیی پارێزگار، و ئاڕاستە چەپگەرا و چاکسازیخوازەکان. ئەم پۆلێنکردنانە ئەگەرچی سنووری بەتەواوی جێگیریان نەبوو، بەڵام لە دروستبوونی لێکترازانەکان و پەیوەندیی حزبەکان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و حزبەکانی کوردستانی عێراقدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینی.

پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا (ناسراو بە پێشڕەو)، یەکێک لە گرنگترین ڕەوتە ڕاستڕەوا نەریتییەکان بوو. ئەم حزبە لە باڵی ڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا جیا بووەوە و لە ساڵی ۱۹٦٥ەوە تا کاتی کۆچی دوایی عەبدولحەمید دەروێش لە ساڵی ۲۰۱۹دا، لەژێر ڕێبەرایەتیی ئەودا بوو. دوای کۆچی دوایی، کوڕەکەی، سەلاح دەروێش، ڕێبەرایەتیی حزبەکەی گرتە دەست.

بە نووسینی ئەلێکساندەر مەک کیوور، ئەم ڕەوتە زیاتر نوێنەرایەتیی بەشێک لە نوخبە نەریتییەکانی کوردی دەکرد کە هەوڵیان دەدا بەرگری لە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خۆیان بکەن و لە ڕێگەی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدا، گوشارە دژە کوردییەکان کەم بکەنەوە. عەبدولحەمید دەروێش لە ماوەی چالاکیی سیاسیی خۆیدا ڕووبەڕووی تۆمەتی نزیکبوونەوە لە دەزگا ئەمنییەکانی سووریاش دەبووەوە.

لە بەرامبەردا، بەشێک لە باڵی سیاسیی چەپی کوردەکان جەختیان لەسەر چاکسازیی کۆمەڵایەتی، چالاکیی ناڕەزایەتی و خستنەڕووی ڕاشکاوانەتری داواکارییە نەتەوەییەکان دەکردەوە. باڵی چەپی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە کۆتاییدا بووە هۆی دامەزراندنی "پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا" لە ساڵی ۱۹۷٥دا. ئەم ڕەوتەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر ڕێبەرایەتی، قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی مارکسیزم-لێنینیزم و پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردییەکانی عێراق، چەندین جار تووشی لێکترازان بوو.

لە دەیەکانی ۱۹۹۰ و ۲۰۰۰دا، لەناو یەکگرتن و لێکترازانە جیاوازەکاندا، حزبی نوێ دروست بوون؛ لەوانە "پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا" لە ساڵی ۱۹۹۳، "پارتی یەکێتیی کوردی" لە ساڵی ۲۰۰۰ و "پارتی ئازادیی کوردستانی سووریا" لە ساڵی ۲۰۰٥دا. هەروەها مەشعل تەمو، کە کەسایەتییەکی پێشووی چەپ بوو، لە ساڵی ۲۰۰٥دا "بزووتنەوەی داهاتووی کوردی لە سووریا"ی بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە پێکهاتە نەریتییەکان و جەختکردنەوەی زیاتر لەسەر داواکارییە کلتووری و سیاسییەکان دامەزراند.

بە گێڕانەوەی ئەلێکساندەر مەک کیوور، ئەم گرووپە نوێیانە لە ساڵانی پێش ۲۰۱۱دا توانییان خۆپیشاندانی شەقامیی بەربڵاوتر ڕێکبخەن و بە بەراورد لەگەڵ حزبە پارێزگارەکان، توانای زیاتریان بۆ ڕاکێشانی گەنجان نیشان دا. بەم حاڵەشەوە، چالاکیی ئاشکراتریان بووە هۆی زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان، و دەستبەسەرکردنی ڕێبەرانی هەندێک لە ڕەوتەکان بووە هۆی لاوازبوونی پێگە سیاسییەکەیان و کەمبوونەوەی توانای ڕێکخستنیان.

ئەلێکساندەر مەک کیوور بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی هاریێت ئۆڵزۆپ لەسەر حزبە سیاسییەکان و ناسنامەی کوردانی سووریا، وەبیری دەهێنێتەوە کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە بەرەبەری خۆپیشاندانەکانی ساڵی ۲۰۱۱دا ڕووبەڕووی قەیرانێکی جددی بووبووەوە و زۆربەی حزبەکان بەشێکی گەورە لە پشتیوانیی پێشووی خۆیانیان لەدەست دابوو. ئەم دۆخە لە کاتێکدا شێوەی گرت کە هەستی نەتەوەیی لە نێوان کوردانی سووریادا لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا گەشەیەکی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینیبوو.

بەم حاڵەشەوە، زیادبوونی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانی ببێتە هۆی بەهێزبوونی گونجاوی حزبە نەریتییەکان. زۆربەی ئەم حزبانە تا ئێستاش ڕەچاوی بەرنامە سیاسییەکان، شێوازەکانی چالاکی و پێکهاتە ڕێبەرایەتییە کۆنەکانیان دەکرد و لەگەڵ بەردەوامیی سەرکوتی دەوڵەتدا، لە خستنەڕووی ستراتیژی نوێ و گەیشتن بە ئەنجامی بەرچاو سەرکەوتوو نەبوون.

لە دۆخێکی وەهادا، گۆڕانکارییەکانی ساڵی ۲۰۱۱ دەرفەتێکی نوێی بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا ڕەخساند. کەمبوونەوەی سەرنجی حکوومەت بۆ ناوچە کوردنشینەکان و لاوازبوونی کۆنترۆڵی دەوڵەت لە بەشێک لە وڵاتدا، زەمینەی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لە نێوان حزبە نەتەوەییەکانی کورددا ڕەخساند. لە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی ئەو کاتەدا، ڕوانگەی وریایانەی باڵی ڕاست کە پشتی بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت و کەمکردنەوەی بەرەبەرەی گوشارەکان دەبەست، سەرنجڕاکێشیی پێشووی لەدەست دا؛ چونکە داهاتووی حکوومەتی بەشار ئەسەد و ئیمکانی بەردەوامیی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دیار نەمابوو.

لە هەمان قۆناغدا، داواکارییە سیاسییەکانی بەشێک لە حزبە ئەندامەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات. دوو ڕەوتی گرنگی ئەنجومەن، پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا و پارتی یەکێتیی کوردی، لە ناونانی خۆیاندا لە تەنیا ناسنامەی کوردییەوە، ڕوویان لە بەکارهێنانی ناونیشانی "کوردستان" کرد. ئەنجومەنی نیشتمانیش لە سێیەمین کۆنفرانسی خۆیدا لە ساڵی ۲۰۱٥دا، فیدراڵیزمی خستە ناو بەرنامەی سیاسیی خۆیەوە. ئەم گۆڕانکارییانە ئاماژەیەک بوون بۆ نزیکبوونەوەی هەڵوێستی بەشێک لە حزبەکان لە داواکارییە نەتەوەییەکان، بەڵام ناکۆکییەکانی ڕێبەرایەتی و کێبڕکێ ناوخۆییەکان هەر ڕێگر بوون لە دروستبوونی یەکێتییەکی بەردەوام.

سەرهەڵدانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز

بە نووسینی ئەلێکساندەر مەک کیوور، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سنوورداربوونی هەژموونی ئەنجومەنی نیشتمانی، سەرهەڵدانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و توانای ئەم حزبە بوو بۆ دروستکردنی پێکهاتەی سیاسی و سەربازی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا. پارتی یەکێتیی دیموکراتیک کە لە ساڵی ۲۰۰۳دا بە دەستی چالاکوانانی سوریی پەیوەندیدار بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) دامەزرا، دوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریا توانی دامەزراوەی ڕێکخراو دروست بکات و لە گۆڕەپانی مەیدانیدا ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر.

لە بەرامبەردا، زۆربەی حزبە ئەندامەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی پێش ساڵی ۲۰۱۱ زیاتر پشتیان بە تۆڕە بنەماڵەیییەکان، پەیوەندییە حزبییە سنووردارەکان و پشتیوانیی سیاسی یان دارایی حزبەکانی کوردستانی عێراق دەبەست. بەهۆی چالاکیی نهێنی و نەبوونی ڕاپرسیی باوەڕپێکراو لە سووریادا، ئاستی پشتیوانیی گشتی لەم حزبانە بە ڕوونی دیار نەبوو. بە گۆڕانی دۆخی سیاسی و ئەمنی دوای ساڵی ۲۰۱۱، ئەم لاوازییە ڕێکخراوەییە بە بەراورد لەگەڵ توانای پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، زیاتر دەرکەوت.

ئەلێکساندەر مەک کیوور هەروەها ئاماژە بە کاریگەریی پشتیوانیی حزبەکانی کوردستانی عێراق لەسەر کێبڕکێ ناوخۆییەکان دەکات. پەیوەندییە نزیکترەکانی هەندێک ڕەوتی کوردی سووریا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و پەیوەندیی هەندێکی دیکە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بووە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانی و کێبڕکێگەلێک کە هەمیشە پەیڕەوی داواکارییە ناوخۆییەکانی سووریا نەبوون. لە دەرئەنجامدا، ناکۆکی لەسەر ستراتیژی سیاسی بەرامبەر دیمەشق، لەگەڵ کێبڕکێ هەرێمییەکان و بەرژەوەندیی ڕێبەرانی حزبیدا ئاوێتە بوو.

بەپێی ئەو لیستیەی کە ئەلێکساندەر مەک کیوور لە کۆتایی بەشی یەکەمی وتارەکەیدا پێشکەشی کردووە، ئەنجومەنی نیشتمانی لە ماوەی چالاکیی خۆیدا چەندین سەرۆکی لە حزبە جیاوازەکان هەبووە. محەمەد ئیسماعیل، لە پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا، لە ساڵی ۲۰۲٥دا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکەی گرتە دەست. پێش ئەو، سڵێمان ئۆسۆ لە پارتی یەکێتیی کوردی لە ساڵانی ۲۰۲۳ تا ۲۰۲٥ و سعود مەلا لە پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا لە ساڵانی ۲۰۱۷ تا ۲۰۲۳ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکەیان لەئەستۆ بوو. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان حزبەکاندا، نیشاندەری دژواریی دروستکردنی پێکهاتەیەکی یەکگرتوو و بەردەوامە لەم هاوپەیمانییەدا.

لە کۆتاییدا، لێکۆڵینەوە مێژوویییەکەی ئەلێکساندەر مەک کیوور نیشانی دەدات کە کێشەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا تەنیا لە کێبڕکێ لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیکدا کورت نابنەوە، بەڵکوو بەشێکی لە کەلەپووری چەند دەیەیەک لە لێکترازان، ناکۆکیی ئایدۆلۆژی و لاوازیی ڕێکخراوەیی حزبە کوردییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئامادەیی فەرمیی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ئەنجومەنی گەلی سووریای نوێدا دەتوانێت بۆ ئەم ڕەوتە دەرفەتی سیاسی بڕەخسێنێت، بەڵام گۆڕینی ئەم ئامادەیییە بۆ هەژموونێکی بەردەوام، بەستراوەتەوە بە توانای ئەنجومەنەکە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی، کەمکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و دارشتنی ستراتیژێکی هاوبەش بەرامبەر حکوومەتی ناوەندی.

ئەلێکساندەر مەک کیوور لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، زەمینە مێژوویییەکەی دامەزراندن و چالاکیی ئەنجومەنی نیشتمانی دەخاتەڕوو و بڕیارە لە بەشی دووەمدا، ڕێڕەوی پانزە ساڵەی ئەم ئەنجومەنە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیکدا بە شێوەیەکی تێرۆتەسەلتر شی بکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.