خبر 2019-01-03 06:22 کاتی خوێندنەوە: 10 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەربازیی مەسیحییەکانی SDF بە کوردپرێسی وت:

کوردی سووریا مامەڵە لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکات

بەشی جیهان- چاودێرێکی سیاسی کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی سەربازیی هێزی سووریای دیموکراتە لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی کوردی سووریا پاش ئەوەی دڵنیا بوویەوە کە ئەمریکا بەنیازە سووریا چۆڵ بکات کەوتۆتە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا و تەنانەت پێ دەچێت بۆ دەرکردنی تورکیا لە عەفرین و ئیدلیبیش لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق هاوکاری بکات.

کوردپرێس:

سەرەتای هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و هێزی کوردی سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 و ئەو کاتەی هێرشەکانی داعش بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا و عێراق پەرەی سەند. هەڵبەت موناقەشە لەسەر ئەو بابەتەی کە ئەمریکا بۆچی کوردی وەکوو هاوپەیمانی خۆی هەڵبژارد زۆرە. هەندێک کەس دەڵێن لەبەر ئەوە بوو کە ئەمریکا لە مەشقپێکردنی هێزە عەرەبەکاندا سەرنەکەوت بۆیە بە ناچار کوردی هەڵبژارد کە لە ئەنجامیشدا هەم بە قازانجی ئەمریکا دەرچوو و هەم کوردیش دەستی بە کۆمەڵێک دەستکەوت گەیشت کە خۆیشی چاوەڕوانی نەدەکرد. بەڵام هاوپەیمانێتییەکە لە کۆتاییەکانی شەڕی داعشدا ئەو قوەتەی نەما و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی 19ی دیسەمبێر بۆ جاری دووهەم لە ساڵی 2018ی زایینیدا دڵەڕوکێی خستە دڵی کورد و وتی لە سووریا دەکشێتەوە. ئێستا بەری خۆرهەڵاتی باکووری سووریا زیاترین موناقەشەی لەسەرە و زۆر دەست و دەسەڵات لەوێ بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانیان تێکەڵ بووە. یەکیان تورکیایە. ئێستا لە ساڵوەگەڕی داگیرکرانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە نزیک دەبینەوە و ئەنقەرە جووڵەی بە هێزێکی فراوان کردووە و مەبەستیەتی کورد لە بەری خۆرهەڵاتی فورات و باکووری سووریا دەربکات. ئەمریکا تۆمەتی خەیانەتکردن لە کوردی خراوەتە پاڵ و کوردەکانیش وەکوو جاری ڕابردوو ڕوویان کردۆتەوە دەوڵەتی ناوەند و لەو لایشەوە ئەنقەرە و مۆسکۆ خەریکی گفتوگۆکردنن.

بەگشتی دەستەواژەی هێزی کورد لەجێگەی هێزی سووریای دیموکرات زۆر باو بووە ئەوەش لە کاتێکدایە ئەگەرچی کەمیش بن بەڵام بەشێکی ئەو هێزانە مەسیحی و تورکمانن.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس مەبەستیەتی خوێندنەوەیێکی مەیدانی و ورد لە سەر بابەتەکانی ئەم دواییەی سووریا پاش بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بکات و لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ خاتوو دوکتۆرە "جۆمانا جێبارا" کردووە کە چاودێرێکی سیاسیی کاروباری سووریا و ئەندامێکی دانووستانکاری ئەنجومەنی سەربازیی مەسیحییەکانە کە دەبێتە باڵی مەسێحیی هێزی سووریای دیموکرات ناسراو بە SDF.

خاتوو جێبارا پێشتر وەکوو مامۆستای زانکۆ وانەی وتووەتەوە و وەکوو ڕاوێژکاری بەشی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا کاری کردووە.

خاتوو جێبارا بڕوای وایە کورد زۆر زیرەکە و دانامێنێت لەبەر ئەوەی پاش بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا دەستبەجێ ڕوویان کردە دیمەشق و هەوڵیان دا خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێیەکە تەبا بکەن. بەڵام بەوەشەوە دۆخەکە هەر ئاڵۆزە لەبەر ئەوەی دەست و دەسەڵاتی زۆر جیاواز و دژبەیەک لە بەری خۆرهەڵات و باکووری سووریا بەرژەوەندییەکانیان تێکەڵ بە یەکتر بووە.

ئەو بەرپرسە سەربازییە دەشڵێت ترەمپ لە بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا مامەڵەی لەگەڵ ئەردۆغان نەکردووە و بڕیارەکە شتێکی شەخسییە و وەکوو هەڵوێستێک بەرانبەر بە ڕووداوەکانی دیکە دەرکراوە.

ناوبراو بڕواشی وایە ئەگەر بێتوو کوردەکان لەگەڵ بەشار ئەسەد ڕێکبکەون ئەوا کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا هیچ قازانجی بۆ تورکیا نابێت.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ خاتوو جۆمانا جێبارا لێرە بخوێنەوە:

کوردپرێس: بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

جۆمانا جێبارا: لە مەسەلەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا زۆر شت دەخیلن کە دەبێت لە بەرچاو بگیرێن.

یەکەم: لە کاتێکدا کە دەبینین هاوپەیمانیی دژەداعش بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکات ئەو ئیدعا درۆیەی ترەمپ کە دەڵێت داعش لەناو چووە جێگای سەرسوڕمانە. پێش چەند ڕوژ بینیمان هاوپەیمانیی دژەداعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر گرتە ڤیدیۆیێکی بڵاو کردەوە کە مۆڵگەکانی داعشی لە سووریا بۆردومان کردووە.

دووهەم: زۆر عەجایەبە دۆناڵد ترەمپ گوێڕایەڵی قسەکانی ئەردۆغانە کە سەرکردەیێکی ئیسلامییە بەڵام هەڵوێست و ڕای وەزیری بەرگریی خۆی و کۆنگرێسمانەکان بەهەند وەرناگرێت کە داوایان کردبوو بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

سێهەم: گرووپی تیرۆریستیی قاعیدە لە ئیدلیب بەردەوامە لە جووڵەکانی خۆی ئەگەرچی تورکیا لەوێیە و سووریا و ڕووسا و تورکیاش ئەمانە دەبینن بەڵام نقەیان لە خۆیان بڕیوە. مەبەستیان چییە؟ بۆچی حەز دەکەن تیرۆریستەکان لە باکووری سووریا بوونیان هەبێت؟ بۆچی ئەردۆغان قاعیدەی لەناو نەبرد؟ ئایا پلانی ئەردۆغان ئەوە بوو کە تیرۆریستەکانی قاعیدە دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەمریکا بەکار بهێنێت؟ ئێستاش هەموو ئەم پرسیارانە بێ وەڵام ماونەتەوە.

چوارەم: لە ڕوانگەی زۆرینەی ڕاوێژکارەکانی ترەمپەوە (زیاتر مەبەستم بۆڵتۆن و ژنەڕاڵ مەتیزە)، هەروەها بەبڕوای جەیمس جفری نوێنەری ترەمپ لە سووریا و برێت مەکگۆرک نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانیی دژەداعش و زۆر ژنەراڵی دیکەی ئەمریکییش کاتی بڕیاردانەکەی ترەمپ چاوەڕواننەکراو بوو. هەر لەم دواییەدا بوو کە ئەمریکا دیسان کوردی دڵنیا کردبوویەوە کە نەک هەر تا کۆتاییهاتنی داعش لە سووریا دەمێننەوە بەڵکوو تا ئەو کاتەی هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەسەدیش لە سووریا بن دەست لە هێزی سووریای دیموکرات بەر نادەن. بۆیە هێزی ئەمریکی و هێزی SDF سەرقاڵ بوون بە ئامادەکاری کردن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیان.

پێنجەم: کۆمەڵێک هۆکار هەن کە دەیسەلمێنن بڕیارەکەی ترەمپ بڕیارێکی لەناکاو و شەخسی بووە. دەست لەکارکێشانەوەی ژنەراڵ مەتیس و تەنانەت لەکار لادرانی ناوبراو پێچەوانەی ناڕەزاییی سوپای ئەمریکا و کۆنە سەربازە ئەمریکییەکان، دەست لە کار کێشانەوەی برێت مەکگۆرک، کاردانەوەی ئیسرائیل و هەست بە مەترسی کردنی تلاڤیڤ، موعجیب بوون و ناڕەزا بوونی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەکوو فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ... کۆی ئەو هۆکارانە بوون کە دەیسەلمێنن بڕیارەکەی ترەمپ بڕیارێکی لەناکاو و شەخسی بووە.

لەگەڵ ئەوەش بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا لەکاتێکدا دەرکراوە کە ترەمپ مکووڕە لە سەر ئەوەی بە هەر شێوازێک بووبێت بودجەی دیواری نێوان مەکزیک و ئەمریکا وەربگرێت لە بەر ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو دیواری نێوان ئەو دوو وڵاتە دروست بکات. هەروەهاش بەگوێرەی هەندێک میدیای گومانلێکراو و بەڕای ژمارەیێک لە سیناتۆرەکان، ترەمپ بۆ دوورەپەرێزبوونی ئەمریکا کاری کردووە. ترەمپ وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداری ئەمریکا هەموو داواکارییەکانی لەلایەن خەڵکانی دەروبەریەوە ڕەت کرایەوە بۆیە ڕەنگە بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا پێوەندیی بەو بابەتەوە هەبێت.

کوردپرێس: ئایا مامەڵە کراوە لە نێوان ئەردۆغان و ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا؟

جۆمانا جێبارا: ڕەنگە زۆر ئەم بڕوایەی من بە ئاسایی نەزانن بەڵام من بڕوام وایە بڕیارەکەی ترەمپ لەناکاو دەرکرا و زەمینەی سیاسیی نەبوو و مەبەستەکەشی ئەوە بوو تۆڵە بسێنێتەوە و تووڕەبوونی خۆی دەرببڕێت. ترەمپ بەزۆری بڕیارگەلێکی ناماقووڵ دەردەکات. سەرنجی بڕیارەکەی بۆ کشانەوە لە پەیمانی "گۆڕینی هەرێمەکان" بدەن. لە بارەی بڕیاری کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریاش بە بڕوای من مەبەستی ترەمپ ئەوە بوو تۆڵە لەوانە بکاتەوە کە بودجەی دروست کردنی دیواری مەکزیک تێناپەڕێنن بۆیە بەو بڕیارەی خۆی داوای باجی لەو کەسانە کردووە. ترەمپ زۆر جار لە بابەتی بودجەی جەنگ و باجەکان ئەو پلانە بەکار دەهێنێت. ئەم بابەتە دووپات دەبێتەوە و بە سەرنجدان بەم ڕوونکردنەوەیە و بەپێی ئەو هۆکارانەی لە پرسیاری یەکەمدا وەڵامم دایەوە من دڵنیا نیم لەوەی مامەڵەیێک لە نێوان ئەرۆدغان و ترەمپدا کرابێت.

ترەمپ زۆر جار گەمارۆی خستۆتە سەر تورکیا و باجی لە سەر ئاسنی ئەو وڵاتە سەپاندووە. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا گەورەترین کڕیاری ئاسنی تورکیا بوو و ساڵانە بڕی یەک ملیار و سەد ملوێن دۆلار ئاسنی لێدەکڕی. ئەگەر ئەمریکا نیازی وابوایە سازان و عیلاقاتی لەگەڵ تورکیا هەبێت ئەوا گەمارۆی نەدەخستە سەر ئەو وڵاتە. هەڵبەت دوور نییە هەندێک کەس ئەم بابەتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ترەمپ بەڵام من بە دووری دەزانم ترەمپ لەسەر کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا مامەڵەی لەگەڵ ئەردۆغان کردبێت. کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا بە هەموو شێوەیێک بە مانای شکستهێنانی ئەمریکایە لە هەموو ڕەهەندەکانیشەوە سەرکەوتن و بردنەوەیە بۆ تورکیا. لەبەر ئەوەی هەرچی ڕووبدات یەکسانە و کورد دوور دەخرێتەوە جا چ لە لایەن تورکیاوە بێت چ لە لایەن ڕووسیا و سووریاوە.

کوردپرێس: کوردی سووریا چیی بەسەر دێت؟ ئایا بە بێ پشتیوانیی ئەمریکا و ڕووسیا دەتوانن پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆیانەوە بکەن؟

جۆمانا جێبارا: سوپای ئەمریکا نایهەوێت واز لە سووریا و هێزی کورد-عەرەب بهێنێت. ئەمریکا ناڕاستەوخۆ بۆ پشتگیری کردنی ئەو هێزانە ماوەی 100 ڕۆژی دیاری کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی ئایندەی ئەو هێزانەوە بڕیار بدات. ئەو 100 ڕۆژەش هەمان دەرفەتە کە ئەمریکا وتوویەتی پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی هێزەکانی لە سووریا بباتە دەرەوە.

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە پێچەوانەی داعش، تورکیا و زۆرینەی عەرەبەکان و کوردەکانی ئەندامی سوپای سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەوەش کە شەڕی داعشیان کرد و هەموو جیهانیان لە مەترسیی داعش ڕزگار کرد و قربانی و باجی قورسیان بۆ ئەو مەبەستەش دا، کولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە. کورد هەرگیز حەزی نەکردووە خۆی بە کوشت بدات یان لەو ناوچانەی بە زۆری عەرەبنشینن ئوپەراسیۆن بکات. مەبەستم ڕەقە و تەبقا و دەیرەزوور و بووکمال و ئەو ناوچانەیە. بەڵام بەوەشەوە ملیان داوە کە لەو ناوچە زۆرینە عەرەبانە شەڕ بکەن لە بەر ئەوەی منمانەیان بە سوپای ئەمریکا و بۆڵتۆن و مەتیز و زۆر کەسی تر کرد کە بەڵێنیان دابوو تا کۆتاییهاتنی داعش و یەکلابوونەوەی قەیرانی سیاسیی سووریا دەست لە کورد بەرنەدەن.

دیارە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا زۆر بڕیارێکی گوماناوییە و لە هەمان کاتیشدا خنجێر بوو و لە کوردی دا بەڵام کوردی سووریا لە کەمترین کاتدا زیرەکانە و بە کەمترین زیانەوە لێی دەرباز دەبن. من پێشبینیی ئەوە دەکەم کە کورد لەگەڵ بەشار ئەسەد مامەڵە دەکات و هێزەکانی یەپەگە بۆ ئازادکردنەوەی ئیدلیب و عەفرین ئوپەراسیۆن دەکەن. بەشار ئەسەد زۆر لای گرینگە کە بست بە بستی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. ئەوەش بەو مانایە دەبێت کە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد و عەرەبی سووریا و هەموو دەروازە سنوورییەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو هێزانە دەکەوێتەوە دەست بەشار ئەسەد کە بایەخەکەی چەندین ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت و یەکسانە لەگەڵ 65 لە سەدەی ئابووری سووریا بە نەوت و گاز و وەرزێرییەوە. هەر ئەو بابەتەش دەسەڵاتی دەولیی زیاتر بە بەشار ئەسەدە دەبەخشێت. بەڵام دیار نییە بنکەی سەربازیی "تەنەف" لە باشووری سووریا چیی بەسەر دێت. پێ دەچێت ئەمریکا بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی کورد-عەرەبی سووریا بێت ئەو بنکە سەربازییە ڕادەستی ڕووسیا بکات.

بەداخەوە هەموو ئەمانە مانای ئەوە دەبێت کە ypg بەردەوام دەبێت لە قوربانی کردنی هێزەکانی خۆی بەڵام لە بەرانبەردا ناوچەکانی ژێردسەڵاتی هێزی سووریای دیموکرات لە کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی تورکیا ڕزگاریان دەبێت و لە ئەنجامدا ئەگەر هەیە بتووانن عەرفرینیش ئازاد بکەن و تەنانەت ڕەنگە ئیسکەندەروونیش لە تورکەکان بسێننەوە کە ساڵی 1939 بەپێی ڕیفراندۆمێکی ساختە وەکوو کەریمەی ڕووسیا لکاندیان بە خاکی خۆیانەوە.

من هەروەهاش لەو بڕوایەدام ژیانی سەرکردەکانی ypg و هێزی سووریای دیموکرات لە مەترسیدایە. دوور نییە ئەگەر بێتوو هەست بەوە بکرێت مەترسین لە سەر سووریا، لەناو ببرێن. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ypg نابێت زانیار و خشتە هەواڵگرییەکان بنێتە چنگی رووسیا و سووریا؛ بەڵکوو دەبێت لای خۆی ڕایانبگرێت و لە کاتی گونجاو و پێویستدا وەکوو کارتێک بۆ وەرگرتنی ماف یان زەمانەت کردنی سەلامەتی سەرکردەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت. من بە زەحمەتی دەزان بەم دۆخەی ئێستاوە ڕووسیا ئامادە بێت بە زیانی ئەسەد ئیمتیاز بە کورد بدات. ئەو بابەتە تەنها پێش بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا مەجالی تێدا بوو بەڵام بڕیارەکەی ترەمپ پێگەی کوردی بێهێز کرد. هەڵبەت کورد ئێستا لەچاو ڕابردوو لاواز بووە ئەگینا ڕاست بڵێین تەواو بێهێز بووە. کورد ئێستاش کۆمەڵێک کارتی بەدەستەوەیە کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت. کێڵگەکانی نەوت و گاز، دیلە داعشییەکان، بنکەی سەربازیی تەنەف، دەروازە سنوورییەکان و زۆر زانیاریی هەواڵگریی گرینگ لای کوردەکانە کە هەموو ئەمانە کارتی بەهێزن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش تورکیا دەستی بە بنکەی سەربازیی تەنەف ناگات بۆیە فەڕەنسا دەتوانێت تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنێک دەکرێت پارێزگاری لە کوردی سووریا بکات.

وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس و هەروەها وڵاتی میسر کار بۆ باڵانسی دەسەڵات لە ناوچەکە دەکەن و ئەگەر ترەمپ لە سووریا بکشێتەوە ئەوا بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و ئەوکات میسریش دەبێتە نێوەندگیر لە نێوان کورد و بەشار ئەسەددا.

کوردپرێس: ئەگەر ئەمریکا بەتەواوەتی لە سووریا بکشێتەوە تورکیا و بەشار ئەسەد چییان دەست دەکەوێت؟

جۆمانا جێبارا: ئەگەر کورد مامەڵە لەگەڵ ئەسەد بکات تورکیا هیچی دەست ناکەوێت تەنها ئەوە نەبێت کە دەسەڵاتی کوردەکان دەوەستێت بەڵام لە بەرانبەردا تورکیا هەر لە ئیدلیب و عەفرینەوە تا جرابلۆس هەڕەشەی خراپی دەخرێتە سەر. من لەوەش دڵنیام کە ئەمریکا هیچ زانیارییێک بە تورکیا نادات کە قازانجی ئەنقەرەی تێدا بێت. ئەمریکا تەنها مەبەستیەتی بۆ ماوەیێک ڕێگری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزی کورد-عەرەبی سووریا بکات بۆ ئەوەی هێزی کورد-عەرەبی سووریا دەرفەتیان هەبێت لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد مامەڵە بکەن و سوپای سووریا لە سنوورەکانی تورکیا جێگیر بکرێت. ئەو سناریۆیەش لای هێزی سووریای دیموکرات نەخوازراوە و SDF سناریۆکەی ڕەت کردۆتەوە.

هەروەهاش پێویستە پارێزگاری لە منبەجەوە بکرێت و ڕێگە نەدرێت بکەوێتە دەست تورکیا لەبەر ئەوەی بتوانن دواتر لە ئیدلیب و عەفرین شەڕی تورکیا بکەن. ئەگەر بێتوو شەڕی دەروونی کە تورکیا دەستی پێکردووە سەر بگرێت ئەوا منبەج دەکەوێتە دەست تورکیا و لە کۆبانێ و گرێ سپی شەڕی تورکیا داوێنگری ناوچەکە دەبێت. ئەو سناریۆیە سناریۆیێکی خوێنین دەبێت و تەنگەژەی نێوان تورکیا و هێزەکانی سەربە ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریا و ڕووسیا و هێزەکانی پشتیوانیکراوی ئەو دەسەڵاتانە تەشەنە دەکات. ئەگەرچی ڕووسیا و تورکیا هاوکاریی یەکتر دەکەن بەڵام ئەنقەرە بە ئاسانی لە بەرانبەر ڕووسیا چۆک دانادات و چی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی منبەج و کۆبانێ و گرێ سپی و ئەو ناوچانە داگیر بکات لە بەر ئەوەی دەیهەوێت مامەڵەی پێوە بکات بۆ پێکهێنانی ناوچەی چەکداماڵراو و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بەشداری کردن لە نۆژەنکردنەوەی سووریا و زۆر مامەڵەی دیکەش. ئەوەی کە ئایا ئەو بابەتەش شەڕی لێدەکەوێتە یان خەیر بەستراوە بە هەڵوێستی تورکیا و ڕووسیاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.