خبر 2026-10-14 10:03 کاتی خوێندنەوە: 7 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

دۆخی تەمومژاویی زانکۆی ناوچە کوردنشینەکان  لە سووریا

بەرپرسانی هەردوو "زانکۆی ڕۆژئاوا" و  "زانکۆی کۆبانێ" جەخت لەسەر ئامادەیی بۆ تێکەڵبوون لە سیستەمی خوێندنی باڵای سووریادا دەکەنەوە و داوای پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆی ئەم ناوەندانەیان کرد و هەروەها بڕیارە یەک لایەنەکانی حکوومەتی دیمەشقیان بە هەڕەشە بۆ سەر دەستکەوتە پەروەردەیییەکانی دە ساڵی ڕابردوو زانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانێ، ڕایگەیاند کە بڕیارەکانی حکوومەتی سووریا بۆ تێکەڵکردنی ئەم دوو زانکۆیە لە پێکهاتەی زانکۆ دەوڵەتییەکاندا، بێ گفتوگۆی پێویست لەگەڵ بەرپرسانیاندا دراون؛ پرۆسەیەک کە بە وتەی بەڕێوەبەران و مامۆستایانی ئەم زانکۆیانە، بێجگە لە چارەنووسی بڕوانامەی خوێندکاران، بابەتەکانی پاراستنی ناسنامەی دامەزراوەیی، پێگەی زمانی کوردی و داهاتووی سیستەمی پەروەردەی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ۱۳ی ئۆکتۆبەردا لە بەرنامەیەکی تایبەتدا بە بەشداریی شێروان موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ، ئاڤین ئەحمەد، جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی ڕۆژئاوا بۆ کاروباری خوێندکاران، و موسلیم عبدالتلاس، مامۆستا و توێژەری زانکۆی کۆبانێ، ڕەهەندە جیاوازەکانی پڕۆژەی تێکەڵکردنی زانکۆکانی ناوچە کوردنشینەکانی لە سیستەمی خوێندنی باڵای سووریادا تاوتوێ کرد.

تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان، ناکۆکی بوو لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ئەو زانکۆیانەی کە لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەردا دروست بوون و ئێستا حکوومەتی سووریا هەوڵ دەدات لە پێکهاتەی خوێندنی باڵای ناوەندگەرا لە دیمەشق ڕێکیان بخاتەوە. بەرپرسانی ئەم زانکۆیانە وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر، جەختیان کردەوە کە تێکەڵکردن نبێت ببێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامەی سەربەخۆی ئەوان، وەلانانی بەشێک لە بەشەکانی خوێندن یان فەرامۆشکردنی ئەزموونی پەروەردەییی دروستبوو لەم ناوچانەدا.

شێروان موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ ڕایگەیاند کە زانکۆی کۆبانێ و زانکۆی ڕۆژئاوا لە ڕووی سیستەمی پەروەردەیییەوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام پرۆسەی تێکەڵکردنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریادا بێ ڕاوێژی کاریگەر لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکاندا بەڕێوە چووە. بە وتەی ئەو، دوای دەستپێکردنی باسی تێکەڵکردن، پێنج کەس لەوانە خۆی ڕاسپێردران بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی زانکۆی کۆبانێ و پێشکەشکردنی پێشنیازەکانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا. شاندی دەوڵەت لەم دانوستانانەدا پێشنیازی کردبوو کە زانکۆی کۆبانێ ببێتە کۆلێژێکی سەر بە زانکۆی حەلەب، بەڵام بەرپرسانی زانکۆ داوای پاراستنی پێگە سەربەخۆکەی و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەکرد.

موسلیم گوتی بەرپرسانی زانکۆی کۆبانێ پێشنیازەکانی خۆیانیان بە نووسراو بۆ وەزارەت نارد، بەڵام تەنیا چەند کاتژمێرێک دواتر، بڕیاری تێکەڵکردنی ئەم زانکۆیە لە چوارچێوەی کۆلێژ و بەشەکانی سەر بە زانکۆی حەلەب ڕاگەیەندرا. ئەو ئەم هەنگاوەی بە بڕیارێکی بەپەلە و یەک لایەنە وەسف کرد و گوتی لە چوارچێوەی پڕۆژە ڕاگەیەندراوەکەدا، ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی کۆبانێش سڕدراونەتەوە. لە وەڵامی ئەم بڕیارەدا، بەرپرسانی زانکۆ ڕایانگەیاند کە پرۆسەی هاوکاری لەگەڵ پڕۆژەی تێکەڵکردنەکە بایکۆت دەکەن؛ بەم حاڵەشەوە، بە وتەی موسلیم، ئەم هەنگاوە بە مانای بڕینی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا ناهێت.

زانکۆی کۆبانێ کە لە ساڵی ۲۰۱۷دا و لە دۆخێکی دژواردا دامەزرا، ئێستا هەشت کۆلێژ و پێنج پەیمانگەی پەروەردەییی هەیە و نزیکەی چوار هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن. تا ئێستا ۸۵۰ خوێندکار لەم زانکۆیە دەرچوون و ئامادەکاری بۆ دەرچوونی ۳۰۰ خوێندکاری دیکەش لە ئارادایە. ئەم زانکۆیە هەروەها هەشت بەرنامەی خوێندنی باڵا (ماستەر) بە شێوازی سەرهێڵ (ئۆنلاین) و بە بەشداریی مامۆستایانی وڵاتە جیاوازەکان پێشکەش دەکات و چوار بەرنامەی دکتۆراشی هەیە کە وەرگرتنی خوێندکار تێیاندا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێت.

بە وتەی شێروان موسلیم، زمانی کوردی بنەمای سەرەکیی وانەوتنەوەیە لە زانکۆی کۆبانێ و لە پاڵ ئەوەشدا، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش دەوترێنەوە. بەرپرسانی زانکۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆسەی تێکەڵکردن، پێنج لیژنەیان پێک هێنابوو کە یەکێکیان یاساکانی زانکۆییی سووریای لێک دەدایەوە و پێشنیازی یاساییی پێویستی ئامادە دەکرد. بەم حاڵەشەوە، موسلیم پێی وایە بڕیارەکانی حکوومەتی دیمەشق زیاتر لەوەی لەسەر ڕەچاوکردنی زانکۆیی ببن، لە تێڕوانینێکی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵدان بۆ هەڵسەنگاندنی زانکۆی کۆبانێ و ڕەخساندنی زەمینەی بوونی بە زانکۆیەک بە بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە ئارادایە، گوتی زانکۆ دژی بنەمای تێکەڵکردن نییە، بەڵام داوای پاراستنی ناو و ناسنامەی خۆی دەکات. بە وتەی موسلیم، بەرپرسانی زانکۆ دوو ڕێگەچارەیان پێشنیاز کردووە: بوون بە زانکۆیەکی دەوڵەتی بە پێگەیەکی سەربەخۆوە یان دانران لە پێکهاتەی فەرمیی خوێندنی باڵادا بە جۆرێک کە ناسنامەی زانکۆکە بپارێزرێت. ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت ناوی زانکۆی کۆبانێ بمێنێتەوە و هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێگەچارەیەکی پەسەندکراوی هەردوولا بدۆزرێتەوە.

موسلیم عبدالتلاس، مامۆستا و توێژەری زانکۆی کۆبانێش جەختی کردەوە کە تێکەڵکردن دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ دانپێدانانی بڕوانامەی زانکۆکانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، بەڵام پرۆسەیەکی لەو شێوەیە نابێت ببێتە هۆی سڕینەوەی کەلەپووری دامەزراوەیی و پەروەردەییی دروستبوو لەم ناوچانەدا. بە وتەی ئەو، تێکەڵکردنی ڕاستەقینە بە مانای یەکگرتنی دوو کۆمەڵەیە، نەەک هەڵوەشاندنەوەی یەکێکیان یان لەناوبردنی ناسنامە سەربەخۆکەی.

عبدالتلاس کێشەی سەرەکیی بە دانپێدانانی بڕوانامەی خوێندکاران و پاراستنی ئەزموونی پەروەردەییی ئەم زانکۆیانە لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی ڕابردوودا زانی و داوای کرد کە حکوومەتی سووریا لە پاڵ دانپێدانانی ئەم دامەزراوانەدا، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بڕوای سیاسی هەنگاو بنێت. ئەو هەروەها داوای لە کۆمەڵگە کرد بەرگری لە زانکۆکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوا بکەن و جەختی کردەوە کە پاراستنی ئەم ناوەندە پەروەردەییانە تەنیا لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی زانکۆکاندا نییە.

ئەم مامۆستایەی زانکۆ بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی زمان لە سیستەمی پەروەردەی سووریادا، گوتی خوێندکاران دەبێت دەرفەتی فێربوونی زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییان هەبێت و گەشەپێدانی وڵات پێویستی بە تێڕوانینێکی کراوە و فرەزمانی هەیە. ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە تێکەڵکردنی زانکۆکان پرۆسەیەکی درێژخایەنە و ناکرێت چاوەڕێ بێت گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا بگاتە ئەنجام. بە وتەی عبدالتلاس، پشکنینی یاسای زانکۆکانی سووریا نیشانی دەدات کە هیچ ڕێگرییەکی یاساییی دیاریکراو بۆ چالاکیی دوو زانکۆ لە یەک ناوچەدا نییە؛ کەواتە، بەڵگەهێنانەوە سەبارەت بە پێویستیی سڕینەوە یان تێکەڵکردنی یەکێک لە زانکۆکان دەبێت لە ڕووی یاسایی و پەروەردەیییەوە تاوتوێ بکرێت.

ئەو لە درێژەدا جەختی کردەوە کە داواکارییەکانی کورد لە بواری سیاستدا کورت نابنەوە و مافەکانی پەروەردەیی، زمانی و کلتوریش دەگرنەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زانکۆکان نابێت تەنیا لە دروستکردنی لیژنەی یاساییدا بوەستێت، بەڵکو پێکهێنانی لیژنەی ڕاوێژکاری و دامەزراوە تەواوکارییەکانیش بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی بەردەوام پێویستن.

ئاڤین ئەحمەد، جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی ڕۆژئاوا بۆ کاروباری خوێندکارانیش ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەم زانکۆیە لە دەستپێکی پرۆسەی تێکەڵکردنەوە بە تێڕوانینێکی ئەرێنییەوە چووبوونە ناو گفتوگۆکان و بەڵگەنامە و پێشنیازەکانی خۆیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە ئامادە کردبوو، بەڵام پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆی زانکۆکە هێشتا ئامانجی سەرەکیی ئەوانە.

زانکۆی ڕۆژئاوا نزیکەی هەشت هەزار خوێندکاری قۆناغی بەکالۆریۆسی هەیە و لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی ڕابردوودا سێ تا چوار هەزار خوێندکاری لێ دەرچووە. ئەم زانکۆیە ۱۳ کۆلێژ، سێ پەیمانگە و ۳۵ بەشی پەروەردەییی هەیە. زانکۆی ڕۆژئاوا هەروەها بە هاوکاریی زانکۆی کۆبانێ بەرنامەکانی ماستەر پێشکەش دەکات کە نزیکەی ۳۵۰ خوێندکار تێیاندا دەخوێنن. بەرنامەکانی دکتۆرا لە بەشەکانی وەک ئەدەبیات، پێترۆکیمیا و کشتوکاڵیش لەم زانکۆیەدا دروست بوون، ئەگەرچی کەمیی مامۆستای خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە کێشەکانی ئەوان بە هەژمار دێت.

بە وتەی ئاڤین ئەحمەد، بەشی زۆری وانەوتنەوە لە زانکۆی ڕۆژئاوا بە زمانی کوردی ئەنجام دەدرێت و زۆربەی خوێندکارەکانی کوردن، ئەگەرچی ژمارەیەک خوێندکاری عەرەبیش لەم ناوەندەدا دەخوێنن. ئەو جەختی کردەوە کە تێکەڵکردنی زانکۆکان لە ئەزموونی جیهانیدا پرۆسەیەکی کاتگیرە و ناکرێت بە بڕیاری ئیداریی کورتخایەن بگەیەنرێتە کۆتایی.

ئەحمەد هەروەها ئاماژەی بە ماددەی ۱۳ی ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەم کرد کە بە وتەی ئەو، بۆ ناوچە کوردنشینەکان پێگەیەکی دیاریکراوی بە جەختکردنەوە لەسەر زمان و کلتوری کوردی ڕەچاو کردووە. ئەو ئەم پرسیارەی خستە ڕوو کە بۆچی بە بوونی بڕیاردان سەبارەت بە زانکۆکانی دیکەی سووریا بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە، دەبێت تێکەڵکردنی زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. بە وتەی ئەو، زانکۆی ڕۆژئاوایش بێ گفتوگۆی پێویست لەگەڵ بەرپرسانی لە زانکۆی فُرات بەستراوەتەوە.

جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی ڕۆژئاوا بۆ کاروباری خوێندکاران هەروەها گوتی ژمارەیەک لەو زانکۆیانەی کە ڕێککەوتننامەی هاوکارییان لەگەڵ زانکۆی ڕۆژئاوادا هەیە، پشتیوانی لە پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆی ئەم ناوەندە دەکەن. مامۆستا نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە زانکۆی ڕۆژئاوایش لە پشتیوانیی ئەم زانکۆیە نامەیەکی هاوبەشیان ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵای سووریا کردووە.

کۆی تێڕوانینە خستراوەڕووەکان لەم بەرنامەیەدا نیشان دەدات کە کێشەی سەر زانکۆکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوا بەرفراوانترە لە دیاریکردنی بەستنەوەی ئیدارییان. کێشەی سەرەکی، چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ئەو دامەزراوە پەروەردەییانەیە کە لە ناوچە کوردنشینەکاندا لەناو پێکهاتەی دەوڵەتیی سووریادا دروست بوون، بێ لەناوبردنی ناسنامەی ڕێکخراوەیی، ئەزموونی پەروەردەیی و پێگەی زمانی کوردی تێیاندا. لە کاتێکدا حکوومەتی دیمەشق بەرەو ناوەندگەراییی زیاتر لە سیستەمی خوێندنی باڵادا هەنگاو دەنێت، بەرپرسانی ئەم زانکۆیانە جەخت لەسەر پێویستیی گفتوگۆ، دانپێدانانی بڕوانامەکان و پاراستنی ڕۆڵی زمان و کلتوری کوردی دەکەنەوە؛ ئەوانەی چارەسەرکردنیان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بڕوای نێوان حکوومەتی ناوەندی و کۆمەڵگەی کوردی سووریایش هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.