تاکە گەرەنتی بۆ ئایندەی کوردی سووریا سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییە
کوردپرێس:
حەکەم خەلۆ سەرۆکی ناوەندی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێس کردووە و وتوویەتی سووریا ناچارە بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێت دەشڵێت: جەماوەری سووریا پاش 8 ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەر مافی ئەوەیان هەیە کە بەرەو پێشوازی دیموکراسییەت و ئازادی بچن و پێویستە دەوڵەتی دیمەشقیش بەستێنەکەی بڕەخسێنێت.
ناوبراو گوتیشی: لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خەڵک لە باکووری سووریا هەر لە سەرەتای شەڕەوە هەوڵمان داوە کار بۆ دیموکراسییەت و ئازادی بکەین و ڕێکخراوە مەدەنی و دیموکراسییانەکان بەهێز بکەین.
سەرۆکی ناوەندی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە ئەوەشی بە کوردپرێس وتووە کە تاکە ناوچەی سووریا کە توانیویەتی پارێزگاری لە مافی یەکسانی هەموو قەوم و ئتنیک و ئایینزاکان بکات تەنها ناوچەی خۆسەری کورد بووە لە باکووری سووریا.
حەکەم خەلۆ ئاماژەی بە پڕۆسەی دانووستانی نێوان شاندی باکووری سووریا و دەوڵەتی ناوەندیش کرد و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردێسی وت: کۆمەڵێک گفتوگۆ کراوە بەڵام ڕێگایێکی دوور و درێژمان لەبەرە و پێویستە دەوڵەتی ناوەند ئیرادەیێک بنوێنێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە بێگومان کورد واز لەو دەستکەوتانەی خۆی لە باکووری سووریا ناهێنێت و پێداگرە لە سەر سیستەمی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا.
بۆچوونی بەکارهێنەران