خبر 2018-06-30 21:46 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پارتى و یەکێتى دژی درێژکردنەوەى پەرلەمانی عێراقن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەرچەندە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەر لە تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی سێیەمی پەرلەمانى عێراق، سەرۆکایەتى پەرلەمان و بەشێک لە فراکسیۆنەکان هەوڵەکانیان بۆ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان چڕکردەوە، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون و نەتوانرا تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە.

کوردپرێس:

لەسەر هەوڵەکانى درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانى عێراق فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەرەیەکیان لەگەڵ درێژکردنەوەیدا بوون و بەرەیێکی دیکەشیان لە دژی وەستانەوە.

پارتی و یەکێتی کە لە بەرەی دژ بە درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا بوون، بەڵام لە هەرێمى کوردستان لە ماوەی چوار خولی پەرلەماندا حەوت جار دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی بە پاساویی جیاجیا تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا ھیچ باسی درێژکردنەوەی تێدابێت.

لە ماوەی ٢٦ ساڵدا پەرلەمانى کوردستان تەنیا چوار خولی ھەڵبژاردنی بەڕێکردووە، کە دەبوایە حەوت خولی ئاسایی گرێبدایە.

لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، چوار جار تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە کە تا ساڵی ۲٠٠٥ی خایاند.

لە خولی دووەمی پەرلەماندا لە ساڵی ٢٠٠٩دا جارێکى تر پارتى و یەکێتى بۆ ماوەى دوو مانگ تەمەنى پەرلەمانیان درێژکردەوە بە پاساوى پەسەندکردنى پڕۆژەى دەستور.

خولی سێیەمی پەرلەمانى کوردستانیش لە ٢٠ى ئابى ٢٠١٣ کۆتایی دەهات بەڵام بۆ سێ مانگ تەمەنى پەرلەمان درێژکرایەوە.

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو تەواوبوو دیسانەوە پارتى و یەکێـتى بۆ دوو وەرز درێژیانکردەوە.

جگە لە درێژکردنەوەی ماوەی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی دوو جار ماوەی ویلایەتی بارزانییان درێژکردووەتەوە.

سەربارى ئەو مێژووە لە درێژکردنەوەى خولەکانى پەرلەمانى کوردستان، کەچى پارتى و یەکێتى لە بەغدا دژایەتى خۆیان بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى عێراق نیشانداوە.

هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى لە پەیجى تایبەتى خۆى ئاماژەى بەوە کردووە، درێژکردنەوەى پەرلەمان پێشێلکردنى دەستورە و کودەتایە بەسەر سیستمى سیاسى و دیموکراسی و فیدراڵیدا.

هاوکات بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا لە دژی درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا بوون و ئاماژەیان بەوە کردووە، به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌ستووردا باس له‌ درێژكردنه‌وه‌ یان به‌رده‌وامیی خوله‌كانی په‌رله‌مان له‌دوای واده‌ی خۆی نه‌كراوه‌.

دژایەتیکردنی درێژکردنەوەی ماوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لەکاتێکدایە ئەو دوو لایەنە تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاردا، و ترسی ئەوەیان هەیە بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و گۆڕانکارى بەسەر دەنگەکانیاندا بێت.

هەرچى سەبارەت بە فراکسیۆنەکانى گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵیشە، هەرچەندە لە هەرێم دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بوون، بەڵام لە بەغدا لەگەڵ درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى عێراقدا بوون.

بەشێک لە چاودێرانى سیاسى پێیانوایە لایەنە کوردییەکان لە هەرێم و بەغدا سیاسەتى پێچەوانە پەیڕەودەکەن و بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆیان هەڵوێست و بڕیار لەسەر هەڵبژاردن و تەمەنى پەرلەمان دەدەن، لەکاتێکدا بەپێى دەستور و عورفە سیاسییەکان لە وڵاتدا تەمەنى پەرلەمان چوار ساڵە و دەبێت بە کۆتایىهاتنى خولى پەرلەمان خولى نوێ دەستپێبکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.