تەنگەژە نوێیەکانی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۲۶دا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لاوازیی ئەمنیی ئەم ناوچەیە زیاتر کردووە. ڕێبەرانی کوردستانی عێراق پێیان وایە کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە دۆخێکدا کە هەرێم لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و موشەکیی تاقیکردووەتەوە، دەتوانێت زەمینە بۆ پەرەسەندنی گوشارە سەربازی و سیاسییەکان خۆش بکات. لە تێڕوانینی بەرپرسان و شارەزایانی کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی «فیر ئابزرور»دا گفتوگۆیان کردووە، نەبوونی سیستەمی کاریگەری بەرگریی ئاسمانی و پشتبەستنی هەرێم بە بەغداد بۆ دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییە بەرگرییەکان، گرنگترین بۆشاییە ئەمنییەکانی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان دەژمێردرێن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە لە ساڵی ۲۰۱۴دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهات، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان دەوڵەتی جو بايدن و دەوڵەتی عێراق لە ئەیلوولی ۲۰۲۴دا، ئەرکە سەربازییەکانی خۆی لە عێراقدا بەرەبەرە کۆتایی پێ هێنا. قۆناغی یەکەمی ئەم ڕەوتە لە کانوونی دووەمی ۲۰۲۶دا تەواو بوو و لە قۆناغی دووەمدا، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ۳۰ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا بە تەواوی لە هەرێمی کوردستان کشانەوە. ئەم کشانەوەیە بەشێک بوو لە بەرنامەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراقدا، بەڵام لێکەوتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ نیگەرانییەکی جیدیدا هاوڕێ بووە.
گرنگترین نیگەرانیی کوردەکان، کەمبوونەوەی توانای بەربەرەکانێ و ڕێگرییە لە بەرامبەر هێرشە درۆنی و موشەکییەکاندا. هەرێمی کوردستان لە کاتی پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە لە ۲۸ی شوباتەوە تا ئێستا ئامانجی زیاتر لە هەزار هێرش بووە. ئەم هێرشانە بنکە و بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانان، پارتە ئۆپۆزسیۆنە نیشتەجێکراوەکانی هەرێم، هێزە ئەمنییەکان و هەندێک ئامانجی مەدەنییان پێکاوە. بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکانی ناو ڕاپۆرتی فیر آبزرور، ئەم هێرشانە زیاتر لە ۳۰ کوژراویان لێکەوتووەتەوە.
ئەم هێرشانە کورت نەکراونەتەوە بۆ سەردەمی جەنگی ئەمریکا و ئێران و پێش دەستپێکردنی پێکدادانەکانیش، ژێرخانە نەوتییەکان، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان و هەندێک ئامانجی ئابووری کەوتبوونە بەر هێرش. مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارەمین ڕۆژی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاند کە نزیکەی نیوەی هێرشە ئەنجامدراوەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە و بەشەکەی تریشی لەلایەن گرووپە چەکدارە وابەستەکانی تارانەوە لە ناوخۆی عێراقدا ئەنجام دراون.
دەیڤید ویتەی، سەربازی خانەنشینی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا و شارەزای پرسە ناوچەیییەکان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فیر آبزروردا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئێراندا زیاتر لە هەزار جار بە درۆن و موشەکی بالیستیک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. بە بڕوای ئەو، لە باری سەرهەڵدانەوەی پێکدادان لە نێوان تاران و واشنتۆندا، هەرێمی کوردستان جارێکی تر دەکەوێتە بەر مەترسیی هێرشەکان. ئەم هەڵسەنگاندنە نیشان دەدات کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمدا، لە تێڕوانینی بەشێک لە شارەزایانەوە، تەنیا بە مانای کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازیی دەرەکی نییە، بەڵکوو دەتوانێت هاوکێشە ئەمنییەکانی ئەکتەرە ناوچەیییەکانیش بگۆڕێت.
لە پاڵ هەڕەشەکاندا، ئەگەری چالاکبوونەوەی داعشیش یەکێکی ترە لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان. لە پێنجەمی تشرینی یەکەمدا، پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکوک بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی پۆلیس و برینداربوونی دوو کەسی تر. لە هەمان ڕۆژدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکردنی ۲۲ ئەندامی داعشی ڕاگەیاند کە بە وتەی ئەم دەزگایە، مەبەستیان بووە میرنشینێک لە ناوچەی هەوراماندا دروست بکەن. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە ۱۳ی تشرینی یەکەمدا هۆشداری دا کە داعش بە تەواوی لەناو نەچووە و هێشتا وەک مەترسییەکی ئەمنی دەمێنێتەوە.
بەم حاڵەشەوە، هەڵوێستی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەربارەی لێکەوتەکانی کشانەوەی هاوپەیمانان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی داعشدا وریاکارانەترە لەو نیگەرانییانەی سەبارەت به هێرشەکان خرانە ڕوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شەشەمی تشرینی یەکەمدا گوتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە کاتی جەنگی دژی داعشدا زۆربەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیان ئەنجام داوە و لە ڕاهێنان، کەرەستە و ڕاوێژی هاوپەیمانان بەهرەمەند بوون. ئەو بە جەختکردنەوە لەسەر ئامادەییی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ئەنجامی کشانەوەی هاوپەیمانان بە کەم زانی. ئەم لێدوانانە نیشان دەدەن کە بەرپرسانی هەرێم لە نێوان توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی داعش و لاوازی لە بەرامبەر هێرشە موشەکی و درۆنییەکاندا جیاوازی دەکەن؛ چونکە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان پێویستی بە سیستەمی بەرگریی هەیە کە هەرێم لە ئێستادا خاوەنیان نییە.
مەسروور بارزانی دابینکردنی سیستەمی بەرەنگاربوونەوەی درۆن و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی بە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی هەرێم زانیوە و ڕایگەیاندووە دەوڵەتی هەرێم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و وڵاتانی هاوپەیماندا بۆ بەدەستهێنانی ئەم توانایانە. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئامادەییی هێزەکانی ئەمریکادا تا ڕادەیەک لە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە جێگیرکراوەکان لە بنکەکانی ئەمریکادا بۆ پاراستنی هەولێر لە هێرشەکان بەهرەمەند دەبوو، بەڵام بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەم بەربەستە بەرگرییە سنووردارتر بووە.
جۆوێل وینگ، شارەزای پرسەکانی عێراق و نووسەری بلۆگی «مەیۆزینگز ئۆن عێراق»، بە فیر آبزروری گوتووە کە سیستەمەکان هێشتا لە شوێنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا جێگیرن، بەڵام توانایان بۆ پۆششکردنی ناوچەیی بە بڕی پێویست بەرفراوان نییە. بە وتەی ئەو، تاران و گرووپە عێراقییەکان لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە کە ئەم ناوچەیە بە نزیکتر لە ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنرێت. جۆوێل وینگ پێی وایە بەغداد دەبێت بەرپرسیاریەتیی دابینکردنی بەرگریی ئاسمانیی هەرێم لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام خاوبوونی ڕەوتی گەشەپێدانی توانای بەرگریی عێراق، کاتی هێنانەدیی ئەم ئامانجەی ناڕوون کردووە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاگەیاندووە کە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان خستووەتە خشتەی کارەکانییەوە و ئەم ناوچەیە دەبێت لە ماوەی سێ ساڵدا بە سیستەمێکی لەم شێوەیە کەلوپەلدار بکڕێت. یەحیا ڕەسول، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە دووەمی تشرینی یەکەمدا گوتی فەرمانی پێویست لەم بارەیەوە دەرچووە و هاوکات تەواوکردنی سیستەمە موشەکی و ڕادارییەکان بە مەودای جیاوازەوە بەردەوامە. بەم حاڵەشەوە، ئەم بەرنامە کاتخایەنە ناتوانێت نیگەرانیی هەرێم لە بەرامبەر مەترسییە خێراکاندا لەناو ببات؛ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان لە مانگەکانی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە ژێرخانە هەستیارەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی هەرێم لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا زۆر لاوازن.
ئینتیفاز قەنبەری، وتەبێژی پێشووی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لێژنەی پاراستنی کوردەکان لە ئەمریکا، پێی وایە واشنتۆن دەبێت لە سیاسەتی چەکدارکردنی خۆیدا لە عێراقدا چاوپێداخشاندنەوە بکات. بە وتەی ئەو، ڕوانگەی یەکسانی ئەمریکا بەرامبەر تەواوی ناوچەکانی عێراق و مەرجدارکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بە ڕەزامەندیی بەغداد، پێداویستییە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی پشتگوێ خستووە. ئینتیفاز قەنبەری داوای لە پێنتاگۆن کردووە کەرەستە پێویستەکان ڕاستەوخۆ بخاتە بەردەست هێزەکانی پێشمەرگە و ڕادەستکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بە بێ وابەستەکردنی بە بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی بخاتە سەرووی ئامانجەکانەوە.
بە گشتی، ڕاپۆرتی فیر ئابزرور نیشان دەدات کە نیگەرانیی سەرەکیی کوردەکانی عێراق دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، تەنیا ئەگەری گەڕانەوەی داعش نییە، بەڵکوو پەرەسەندنی لاوازیی هەرێمە لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا، بەتایبەتی لە باری سەرهەڵدانەوەی پێکدادان لە نێوان تاران و واشنتۆندا. هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ڕۆژئاوا بووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، ئێستا لەگەڵ کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازیی هاوپەیمانان و سنوورداربوونی توانای بەرگریی خۆیدا ڕووبەڕووە. لە لایەکەوە، دەوڵەتی هەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایش پێویستی بە هاوکاریی بەغدادە و لە لایەکی ترەوە، ناکۆکی لەسەر کۆنترۆڵ و دابەشکردنی کەرەستە سەربازییەکان دەتوانێت ڕەوتی بەهێزکردنی توانای بەرگریی خاو بکاتەوە. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، بەرپرسان و شارەزایانی ئاماژەپێکراوی ئەم ڕاپۆرتە داوای پشتیوانیی ڕاستەوخۆتری وڵاتانی ڕۆژئاوا، دابینکردنی سیستەمەکانی بەرەنگاربوونەوەی درۆن و بەرگریی ئاسمانی و سەرنجی تایبەت بە بارودۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوان هۆشداری دەدەن کە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراقدا نبێت ببێتە مانای کۆتایی پشتیوانیکردن لە هەرێمێک کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە و ئێستا لە بەرامبەر لێکەوتەکانی گرژییە ناوچەیییەکاندا کەوتووەتە مەترسییەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران