ئایا کوردەکانی سووریا لە بەرامبەر تێکەڵبووندا دەستیان بە مافەکانیان گەیشت؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەناو پێکهاتەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریادا، سەرەڕای هەندێک پێشکەوتنی سەربازی و ئامادەیی بەشێک لە کەسایەتییە کوردەکان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا، هێشتا تووشی کێشەی جددی بووەتەوە لەسەر مافی پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی، بەشداریی سیاسی، دەسەڵاتی خۆجێیی و ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان. بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەریئەخات کە دەوڵەتی ناوەندی لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵێنێکی ڕوون بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد نەدراوە.
"ئیڤۆ مۆریس گێری"، نووسەری گۆڤاری "ئامارگی"، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ۲۲ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بە بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و نوێنەرانی کورد کردووە و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی تێکەڵبوونەوە، سەرەڕای هەندێک دەستکەوت، کەوتووەتە قۆناغێکی سەختەوە. بە وتەی "ئیلهام ئەحمەد"، دیپلۆماتکاری باڵای کوردی سووریا، لایەنەکان لەم ڕێگەیەدا پێشکەوتنیان هەبووە، بەڵام بەشێک لە بەڵێنە گرنگەکان هێشتا جێبەجێ نەکراون. ناکۆکی لەسەر پێگەی هێزە سەربازییەکانی کورد، مافی خوێندن و زمان، شێوازی بەشداریی سیاسی و ڕادەی دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەکان، لەرێگرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەن.
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و دیارنەمانی داهاتووی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)
یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی ئەم دواییە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ لە ۲۵ی ئابی ۲۰۲۶دا. بەر لەوەش نزیکەی ۵۲۰۰ چەکداری ئەم هێزە لە چوار تیپدا چوونە ناو سوپای سووریاوە. ئەم هێزانە دوای مەشقی سەربازی لە دەوروبەری دیمەشق، لە ناوچەکانی خۆیان جێگیر کران و بەرپرسیارێتیی پاراستنی سنوورەکانیان پێسپێردرا. بەڵام، تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بەتەنیا بە مانای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر فەرماندەیی سەربازی، ئاسایشی ناوچەیی و شێوازی بەشداریی کورد لە پێکهاتەی بەرگریی سووریادا نێت.
بارودۆخی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) هێشتا ناڕوونە. ئەم یەکینانە لە ۲۰ی تشرینی یەکەمدا ڕایانگەیاند کە دانوستان لەسەر وردەکاریی تێکەڵبوونیان بەردەوامە. دوو مانگ پێش ئەوە، نوێنەرانی یەپەژە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی گواستنەوەی سووریا کۆببوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری تێکەڵبوونیان وەک هێزێکی تایبەت و ڕێکخراو، بەڵام ڕێککەوتنی کۆتایی بەدەست نەنراوە. ڕەتکردنەوەی بەشداریی ژنان لە سوپادا لەلایەن دیمەشقەوە، ئاسۆی تێکەڵبوونی ئەم هێزانەی ئاڵۆزتر کردووە.
ئەم کێشەیە لە بابەتێکی سەربازی گەورەترە و پەیوەندیی بە داهاتووی مافی ژنانەوە هەیە لە سووریادا. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداریی یەکسانی ژنانی لە پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکاندا کردبووە بنەمای کارەکانی، بەڵام ڕوانگەی حکوومەتی ناوەندی جیاوازە. بڕیارەکانی دوایی دیمەشق بۆ بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن لە هەندێک زانکۆ و بەشدا، نیگەرانیی لەسەر بەرتەسککردنەوەی مافی ژنان دروستکردووە. لەبەر ئەوە، چارەنووسی یەپەژە دەکرێت ببێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە پێکهاتەی نوێی سووریادا.
کێشەی زمان، پەروەردە و زانکۆکان
لە بواری مافە کلتوری و زمانییەکاندا، مەرسوومی ژمارە ۱۳ی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا کە دان بە ناسنامە، کلتور و زمانی کوردی دەنێت، بە یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتنەکە دادەنرێت. بەڵام زۆرێک لە کوردەکان پێیانوایە دانپێدانانی فەرمی لەسەر کاغەز، بێ جێبەجێکردنی کرداری لە قوتابخانە، زانکۆ و ئیدارەکاندا، سوودێکی ئەوتۆی ناکات.
بڕیاری ژمارە ۴۹۳ی وەزارەتی پەروەردەی سووریا کە سێ وانە لە هەفتەیەکدا بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا دیاری دەکات، ناڕەزایەتیی قوتابیان، مامۆستایان، خێزانەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردی لێکەوتووەتەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە کە خوێندکارانی ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ۱۴ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی دایک خوێندوویانە. ناڕەزایەتییەکان و بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن نیشانی دەدەن کە کێشەی زمانی کوردی بووەتە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
دۆخی ئەو زانکۆیانەی لە سەردەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا دامەزراون هێشتا ڕوون نییە. "مەروان ئەلحلبی"، وەزیری خوێندنی باڵای سووریا لە مانگی تەمووزدا سەردانی زانکۆی ڕۆژئاوای لە قامیشلو کرد و ڕایگەیاند وەزارەت خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ تێکەڵکردنی ئەم زانکۆیە لەگەڵ لقی حەسەکەی زانکۆی ئەلفوڕات. بەڵام دانوستانەکان لەسەر وردەکاریی ئەم پرۆژەیە بەردەوامن و زانکۆی ڕۆژئاوا داوای پاراستنی سەربەخۆیی خۆی و بەردەوامیی خوێندن بە زمانی کوردی دەکات.
پێدانی ڕەگەزنامە و بەشداریی سیاسی
دەوڵەتی گواستنەوەی سووریا دەستی کردووە بە کارکردن بۆ پێدانی ڕەگەزنامە (ناسنامە) بەو کوردانەی لە سەرژمێریی ساڵی ۱۹۶۲ی حەسەکەدا لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کرابوون. ئەم بابەتە داواکارییەکی مێژووییی کوردانی سووریا بووە و دەستپێکردنی، هەنگاوێکی ئەرێنییە. بەڵام ئەو کوردانەی لە دەرەوەی سووریا دەژین، هێشتا هیچ ڕێگەیەکی ڕوونیان نییە بۆ داواکردنی ڕەگەزنامە، ئەمەش کاریگەریی هەنگاوەکەی کەم کردووەتەوە.
بەشداریی سیاسیی کورد لە پێکهاتەی نوێی سووریادا ڕووبەڕووی پرسیاری جددی بووەتەوە. پەرلەمانی گواستنەوەی سووریا لە ساڵی ۲۰۲۶دا دەستی بەکارەکانی کرد، بەڵام نوێنەرانی کورد نیگەرانییان دەربڕیوە لە نەبوونی میوانداری و سازوکاری گونجاو بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلەکەیان. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد، ئەگەرچی دواتر "ئیلهام ئەحمەد" لەلایەن دیمەشقەوە وەک نوێنەری پەرلەمان دیاری کرا. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە دەسەڵاتی سیاسی لە سووریا هێشتا بە توندی بە ناوەندەوە بەستراوەتەوە و سنووری دەسەڵاتی ناوچەکان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
دیاریکردنی "مەزڵوم عەبدی"، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کاروباری کورد، دەکرێت بێتە ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی کورد بە ناوەند، بەڵام ڕادەی دەسەڵاتی کرداریی ئەو هێشتا دیار نییە. لە ڕوانگەی نوێنەرانی کوردەوە، ئامادەیی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا کاتێک دەبێتە بەشداریی سیاسیی کاریگەر کە رکابەریی سیاسیی ڕاستەقینە و دەسەڵاتی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەیی لەگەڵدا بێت.
گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستەنگەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان
لە پەنای ئەم ناکۆکییانەدا، گرژی لەنێوان پێکهاتەکان و نیگەرانییە ئاسایشییەکانیش جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان سەختتر کردووە. لە گەڕەکی "غووێران" لە شاری حەسەکە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی عەرەب خۆپیشاندانیان کرد بەهۆی ئەوەی بە وتەی خۆیان دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناوچەکەیاندا تەواو نییە. هاوکات بێڕێزیکردن بە ئاڵا و هێما کوردییەکان لە هەندێک خۆپیشانداندا، نیگەرانیی لەسەر زۆرتربوونی گرژی دروستکرد. "نوورەدین ئەحمەد"، پارێزگاری کوردی حەسەکە، ئەو لایەنانەی دژی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوەن بە دروستکردنی گرژی لە شارەکەدا تۆمەتبار کرد.
گەڕانەوەی ئاوارەکان یەکێکە لە ئەزموونە کردارییەکانی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە. بەپێی ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بەشێک بوو لە بەڵێنەکان. دوای پاشەکشەی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە بەشێک لە بنکەکانی عەفرین و سەرێکانی، کاروانگەلێک بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان ڕێکخران.
لە نوێترین حاڵەتدا، ۶۴۵ خێزانی ئاوارەی سەرێکانی لە ۲۱ی تشرینی یەکەمدا گەڕانەوە بۆ شارەکەیان و دەوروبەری. ئەمە شەشەمین کاروانی گەڕانەوە بوو لە ۱۰ی ئابەوە. بەڵام بەردەوامیی چالاکیی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و ناپایەداریی ئاسایش لەو ناوچانەدا، بووەتە ڕێگر لە بەردەم گەڕانەوەی بەردەوامی بەشێکی زۆری خێزانە کوردەکان.
تورکیا هیچ ئاماژەیەکی بەکۆتاییهێنانی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە باکووری سووریا نیشان نەداوە. "یاشار گولەر"، وەزیری بەرگریی تورکیا لە ۲۰ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە ئەنقەرە بەنیازە ئامادەیی سەربازیی خۆی لە سووریا و عێراق بهێڵێتەوە. بەردەوامیی ئەم دەسەڵاتە سەربازییەی تورکیا، نیگەرانیی ئاوارەکانی زۆرتر کردووە. لە ۲۱ی تشرینی یەکەمدا، ژمارەیەک لە دانیشتووانی سەرێکانی لە کەمپی "واشۆکانی" دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ڕێگەی کەمپەکەیان بە تایە سووتاندن بەست، ئەمەش سەلماندی کە سەرەڕای کاروانەکانی گەڕانەوە، بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان هێشتا دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان نییە.
سەرنووسی بێسەروشوێنبووانی هەسەدە دوای شەڕەکانی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶ بووەتە بابەتێکی دیکەی ناکۆکی. خێزانی ئەم کەسانە داوای زانیاریی ڕوون دەکەن؛ بۆ نموونە لە کۆبانێ خێزانەکان باسی بێسەروشوێنبوونی نزیکەی ۸۰ چەکدار دەکەن. بەردەوامیی ئەم ناڕوونییە دەتوانێت متمانە بە پرۆسەکە لەناو ببات.
دەرئەنجام: ئاسۆیەکی ناڕوون
کۆی ئەم گۆڕانکارییانە دەریئەخەن کە کێشەی سەرەکیی نێوان دیمەشق و نوێنەرانی کورد، زیاتر لەوەی لەسەر ئەسڵی تێکەڵبوونەوە بێت، لەسەر جۆر و ئەنجامە کۆتاییەکانیەتی. حکوومەتی ناوەندیی سووریا بەدوای دروستکردنی دەسەڵاتێکی دەستبەسەرداگراوی مەرکەزیدایە لە سەرانسەری وڵاتدا، لە کاتێکدا نوێنەرانی کورد خوازیاری پاراستنی دەسەڵاتی ئیدارەدانی ناوچەیی و زامنی مافە سیاسی، کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانن.
لەسەر ئەم بنەمایە، ناکرێت پرۆسەی ئێستا بە تەواوی بە قازانجی کورد دادەنرێت. دیمەشق لە تێکەڵکردنی پێکهاتەی سەربازی و فرەوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتدا پێشکەوتنی کردووە، بەڵام داواکارییە سەرەکییەکانی کورد ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بوونەتەوە. دەستکەوتەکانی وەک دانپێدانانی فەرمیی ناسنامەی کوردی و دەستپێکردنی پێدانی ڕەگەزنامە گرنگن، بەڵام هێشتا نەبوونەتە زامنی بەردەوام و پڕ لە متمانە.
داهاتووی ئەم پرۆسەیە بەوەوە بەستراوەتەوە کە ئایا دیمەشق ئامادەیە لە بەرامبەر تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکاندا، ماف و دەسەڵاتی دیاریکراو بۆ کورد بە فەرمی بناسێت یان نا. تا ۲۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۶، بەڵگە بەردەستەکان زیاتر ئاماژە بە سەرکەوتنی دیمەشق دەکەن لە سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندیدا، و هێشتا زووە بۆ ئەوەی بگوترێت ڕێککەوتنێک لە قازانجی کوردان بەدیهاتووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران