سیپان حەمۆ لەبارەی مافی کوردەکانەوە هوشداری دەدات؛ ڕێگا نادەین کورد بخرێتە پەراوێزەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "فۆرین پۆلسی"ی ئەمریکی، ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری چونە ژێر چەتری دەوڵەتی سووریا و یەکگرتنەوەی هێزەکان، بژاردەیەکی ستراتیژیی ناچاری بووە کە بەهۆی فشارە ناوخۆیی و هەرێمییەکانەوە هاتوەتە ئاراوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هێڵی سوورە و ڕایگەیاند لە ئەگەری هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنیان، ئامادەن "مێزەکە بەسەر هەمواندا وەربگێڕن".
سەبارەت بە هاوکێشەی نوێی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قۆناغی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا ڕونیکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێگەی دەوڵەتی لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیدا بەهێزتر کردوە و بوەتە سەرچاوەیەکی هێز بۆ وڵاتەکە.
سەرەڕای بونی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی لەگەڵ دیمەشق، ناوبراو ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنە نیشتمانییەکە مەرجدارە؛ بە شێوەیەک کە دەبێت بەدیهێنانی ئاسایشی ڕاستەقینە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ گەلی کورد وەک بەشێک لە بنەما سەرەکییەکانی داهاتوی وڵاتەکە جێگیر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، حەمۆ ڕەخنەی لە چەند لایەن و گروپێکی ناوخۆیی گرت کە بە وتەی ئەو "لە ڕوی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەردەوام ڕەنگی خۆیان دەگۆڕن". ئەو لایەنانەی تۆمەتبار کرد کە پێشتر سەر بە حزبی بەعس بون و دواتریش چونەتە ڕیزەکانی داعشەوە، لە ئێستاشدا هەوڵ دەدەن کەشێکی پەراوێزخەرانە دروست بکەن لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی هێما نیشتمانی و کوردییەکان و هاندانی پێکهاتەکانی ناوچەکە دژی یەکتر، کە ئەمەش دەرفەتەکانی ئاشتی تێکدەدات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ گۆڤارە ئەمریکییەکە، سیپان حەمۆ جەختی لە خواستی لایەنەکەی بۆ ئاشتی کردەوە، بەڵام داوای لە هەمو لایەک کرد کە بە وردی ئاگاداری هەنگاوەکانیان بن و وتی: "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین گەلی کورد لە سووریا بکرێتە ئامانجی قۆستنەوەی ئەم و ئەو. پاراستنی دەستکەوتەکانمان هێڵی سوورە، بە چەک و خوێن پارێزگاریی لێدەکرێت و هیچ جۆرە سازشێکی لەسەر ناکرێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران