لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بۆ هەرێمی کوردستان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کشانەوەی تەواوێتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەرێمی کوردستان نیشانی داوە کە نیگەرانە لە لێکەوتە ئەمنییەکانی ئەم بڕیارە، زیادبوونی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەولێر و بەغدا؛ شارەزایەکی پەیمانگەی "چەتەم هاوس" دەڵێت هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا توانای زیاتریان پەیدا کردووە، بەڵام بەرامبەر مەترسییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، دۆخەکە جیاوازە.
بەپێی ڕاپۆرتی "دۆیچە ڤێلە"ی ئینگلیزی، ئەرکی "ئۆپراسیۆنی ئیرادەی نەبەرد" کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق دەستی پێکردبوو، بە کشانەوەی کۆتا هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ کۆتایی پێدێت. ئەم کشانەوەیە کۆتاییهێنانە بە قۆناغێک لە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا کە دوای هێرشی ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد و دوای کۆتاییهاتنی یەکەم ئەرکی سەربازیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١، لە ساڵی ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی داعشدا دەستی پێکردەوە.
حکوومەتی عێراق کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا وەسف کردووە و جەخت لەسەر هەنگاونان لە هاوکاریی سەربازییەوە بەرەو گەشەپێدانی دووقۆڵیی پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکاتەوە. بە وتەی ڕێناد مەنسوور، جێگری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی چەتەم هاوس، گفتوگۆکانی بەغدا و واشنتنیش لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو پێش چوون کە مەترسیی داعش بە ئەندازەی ڕابردوو بەربڵاو نییە و هێزە عێراقییەکان دەتوانن بەرپەرچی پاشماوەکانی ئەم گرووپە بدەنەوە.
ڕێناد مەنسوور دەڵێت ئامانجی بەغدا لە ساڵانی دواییدا "ئاساییکردنەوە"ی پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ ئەمریکا؛ بەو واتایەی هاوکاریی دوو وڵات چیتر لەسەر ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا چڕ نەبێتەوە و پەیوەندییە ئابووری، وەبەرهێنان و دیپلۆماسییەکان شوێنی زیاتر بگرن. بە وتەی ئەو، بەغدا خوازیاری پەیوەندیی دووقۆڵییە لەگەڵ واشنتن، بەڵام بەبێ ئەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق تەوەرەی سەرەکیی ئەم پەیوەندییانە بێت.
بەهەموو ئەمانەشەوە، ئەم گۆڕانکارییە بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانیی جیاوازی دروست کردووە. مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای بە "شەرمەزارکەر" وەسف کردووە و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر پاشەکشەی توانای بەرگریی کورد لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکاندا دەربڕیوە. لە ڕاپۆرتەکەی دۆیچە ڤێلەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە نیگەرانیی سەرەکیی هەرێم تەنیا کورت نەبووەتەوە بۆ گەڕانەوەی داعش، بەڵکوو پەیوەستە بە کەمبوونەوەی پشتیوانیی ئاسایشیی ئەمریکا و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا.
ڕێناد مەنسوور ڕوونی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەهرەمەند بووە و لە کێشەکانیدا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەمیشە ئەم چاوەڕوانییەی هەبووە کە ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی یان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی تر لە کاتی زیادبوونی گوشارەکانی بەغدادا، پشتیوانی لە هەرێم بکەن. بە وتەی ئەو، هەر ئەم مێژووە بووەتە هۆی ئەوەی کە پشتیوانی و سەرنجی ئەمریکا بۆ ڕێبەرانی هەرێم، نەەک تەنیا لە ڕوانگەی ئاسایشەوە، بەڵکوو لە گفتوگۆ سیاسییەکان لەگەڵ بەغدا و لە ئاستی ناوچەکەشدا گرنگیی هەبێت.
یەکێک لە نیگەرانی سەرەکییەکانی هەرێم، زیادبوونی هێرشە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکییەکانە لە کاتی توندبوونەوەی پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا. لەم ماوەیەدا، هەرێمی کوردستان چەندین جار کراوەتە ئامانجی هێرشەکان و گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا هێشتا خاوەنی توانایەکی چەکی بەرچاون. مەنسوور دەڵێت هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەتی لە تواناسازییە سەربازییەکان و سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکیی بەپاڵپشتیی ئەمریکا سوودمەند بووە و بەشێکی بەرچاو لەو درۆنانەی بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم هاتوونەتە ناو ئاسمانەکەیەوە، بە هاوکاریی ئەم سیستەمانە تێکشکێنراون.
بە وتەی ئەم شارەزایە، لە هەمان کاتدا ئامادەیی ئەمریکا خۆی یەکێک لەوانە بووە کە هەرێمی خستووەتە بەردەم هێرشەکان. ئەو هەرێمی کوردستان بە یەکێک لەو ناوچانە دەزانێت کە زۆرترین پشکی لە هێرشە سەرچاوەگرتووەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ناوخۆی عێراقدا بەرکەوتووە و جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوەکانی وزە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان و کۆمپانیا چالاکەکان لەم بوارەدا کراونەتە ئامانجی هێرشەکان.
لە دۆخێکی وەهادا، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئایا کشانەوەی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بەرەو ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ دراوسێکانیدا بەتایبەتی لەگەڵ تاران دەبات؟ مەنسوور پێی وایە کە هەرێم، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامادەیی یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەهۆی دراوسێیەتی لەگەڵ ئێراندا ناچارە جۆرێک لە ڕێککەوتن و تێگەیشتنی سیاسیی لەگەڵ تاراندا هەبێت. بە وتەی ئەو، نەبوونی ڕێککەوتنێکی وەها دەتوانێت هەرێم رووبەڕووی مەترسی بباتەوە.
بەڵام ئەم شیکەرەوەیە لە پاڵ پرسی ئاسایشدا، ئاماژە بە گۆڕانی ڕوانگەی واشنتن بەرامبەر کوردەکان دەکات. ئەو پێی وایە حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر کوردەکان، چ لە سوریا و چ لە عێراقدا، ڕوانگەیەکی جیاوازی لەگەڵ سەردەمی دوای هێرشی ساڵی ۲۰۰۳ گرتووەتە بەر. بە وتەی مەنسوور، لە سوریا جەخت لەسەر پەیوەستبوونی هێزە کوردییەکان بە پێکهاتەی ناوەندییەوە کراوەتەوە و لە عێراقیشدا جەخت لەسەر بڵاوبوونەوە و تێکەڵبوونی زیاتری هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا کراوەتەوە.
ئەم ڕوانگەیە، لە ڕوانگەی مەنسوورەوە، لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا دوای ساڵی ۲۰۰۳ جیاوازیی هەیە؛ سەردەمێک کە بە وتەی ئەو، دروستکردن و پاراستنی ئاستێکی بەرچاو لە خۆبەڕێوەبەریی کورد لە عێراقدا لە ناوەندی سەرنجدا بوو. ئەو بیر دەخاتەوە کە هەرێم لەو سەردەمەدا خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی خۆی بوو و لە قۆناغێکدا داهاتەکانی خۆی بەرهەم دەهێنا و مووچەی کارمەندانیشی لە سەرچاوەکانی خۆی دەدا، بەڵام لە ساڵانی دواییدا هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا زیاتر بە قازانجی حکوومەتی ناوەندی گۆڕاوە.
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، توانای هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا زیادی کردووە. مەنسوور دەڵێت دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی سەرەکیی جەنگی دژی داعش، بەشێکی گرنگ لە ئەرکی ئەمریکا، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا تەرخان کرابوو بۆ ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە، و لە ساڵانی دواییدا توانای ئاسایشیی ئەم هێزانە پەرەی سەندووە. بە وتەی ئەو، ژمارەی هێرشەکانی داعش و ئاستی توانای هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە ڕێگریکردن لەم هێرشانە نیشانی دەدات کە لە ئێستادا، لە بابەتی دیاریکراوی داعشدا، تواناکانی ئاسایشی عێراق و هەرێم زیادیان کردووە.
بەهەموو ئەمانەشەوە، ڕێناد مەنسوور جیاوازی دەکات لە نێوان مەترسیی داعش و مەترسیی سەرچاوەگرتوو لە بەرەنگاربوونەوەی بەربڵاوتر لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە. بە وتەی ئەو، نیگەرانیی سەرەکیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ئێستا داعش نییە، بەڵکوو لێکەوتەکانی ئەم بەرەنگاربوونەوە بەربڵاوترەیە؛ چونکە ناسەقامگیریی سەرچاوەگرتوو لەمەوە دەتوانێت پێکهاتەی ئاسایشیی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی جدی بخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
ئەم دۆخە پرسیارێکی تر دەهێنێتە ئاراوە: ئایا هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هێشتا لە زامنی ئاسایشیی دەرەکی بەهرەمەند دەبێت؟ مەنسوور دەڵێت لە ساڵانی دواییدا سەرنجی ئەمریکا بۆ عێراق کەمی کردووە و عێراق چیتر وەک ڕابردوو لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی واشنتندا نییە. ئەو پێی وایە کوردەکانی عێراق نیشانی دەدەن کە نیگەرانن لەوەی پێگە و پشتیوانی تایبەتیان کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە واشنتن هەیانبووە، لە دەستی بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەخت دەکاتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نابی بە واتای بڕانی تەواوی کاریگەریی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر بکرێت. بە وتەی مەنسوور، وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە هێشتا سەرنجیان لەسەر واشنتنە و لە زۆربەی پایتەختەکانی ناوچەکەدا ئەم پرسیارە لە ئارادایە کە ئەمریکا بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە چی دەکات. لە ڕوانگەی ئاوەوە، پەیامی سەرەکیی کشانەوەکە بۆ کوردەکانی عێراق ئەوەیە کە ئەوان چیتر لە ناوەندی پێشینەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا نین و سەرنجی واشنتن لە دۆخی ئێستادا زیاتر بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێرانە.
بە گشتی، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا بۆ بەغدا بە واتای چوونە ناو قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن و زیادبوونی بەرپرسیارێتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم گۆڕانکارییە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی پشتیوانییەکی ئاسایشیی گرنگ، زیادبوونی نیگەرانی لە هێرشی هەندێک گرووپ و گۆڕانی ڕوانگەی ئەمریکا بەرامبەر پێگەی کورد لە پێکهاتەی سیاسیی عێراقدا. بەپێی ئەم چاوپێکەوتنە، مەترسیی دەستبەجێی داعش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا کەمی کردووە، بەڵام پرسیاری سەرەکی بۆ هەرێم ئێستا ئەوەیە کە لە دۆخی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی ناوچەییدا، چۆن ئاسایش و پێگەی سیاسیی خۆی دەپارێزێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران