خبر 2026-09-30 12:40 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
مەزڵووم عەبدی:

منداڵەکانتان بنێرن بۆ ئەو قوتابخانانەی کە زمانی کوردی دەکەنە بنەمای خوێندن

مەزڵووم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا له‌باره‌ی خوێندن به‌ زمانی كوردی بەڵێنیدا کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی بە زمانی کوردی لە سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆیدا كه‌ ئاڕاسته‌ی خوێندكارانی کورد و خێزانەکانیانی کردووە، دەڵێت: "گەلی خۆشەویستمان، زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە و پاراستن و گەشەپێدانی ئامانجێکی سەرتارەی خەباتمان بوە تاوه‌كو ئەمڕۆ، خوێندن و فێربون بە زمانی دایک مافێکی سروشتییە بۆ هەمو گەلان، خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی بنەڕەتی و سروشتیی گەلی کوردە".

عەبدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "لە ماوەی 14 ساڵی رابردودا لە شۆڕشی ڕۆژاڤا، هەوڵێکی مەزن بۆ فێربون و فێرکردنی زمانی کوردی درا، سەرەڕای ئەوەی لە دۆخی جەنگدا بوین، بەڵام سیستمێکی پەروەردەیی دامەزرا، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، بەڵام شتێک و هەنگاوێکی مێژویی بو لە مێژوی ڕۆژاڤادا".

مه‌زڵووم عه‌بدی ده‌ڵێت: "سڵاو ئاڕاستەی سەرجەم ئەو خێزانانە دەکەم کە سەرەڕای بارودۆخی جەنگ و دۆخە سەختەکان، منداڵەکانیان ناردە قوتابخانە کوردییەکان و پیرۆزبایی لە هەمو مامۆستایان و کارمەندان دەکەم کە لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا هەوڵی گەورەیان لە فێرکردنی زمانی کوردی داوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسەوە و لە ماوەی ساڵێک و هەشت مانگدا، هەوڵماندا بۆ ئەوەی زمانی کوردی بکەینە زمانی فەرمی لە سیستمی پەروەردەی سووریا، چەندین کۆبونەوەمان ئەنجامدا و گفتوگۆمان کرد و ئەو هەوڵانە بونە هۆی دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنەوە سەبارەت بە زمانی کوردی".

مه‌زڵووم عه‌بدی ڕوونیكردوه‌ته‌وه‌، هەندێک ڕێکار هەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو سەختییانەی کە ڕەنگە ڕوبەڕوی ئەو قوتابییانە ببنەوە کە بە زمانی کوردی خوێندویانە و منداڵان هیچ کێشەیەک نابینن، لەلایەکەوە زمانی عەرەبی فێر دەبن، و لەلایەکی تریشەوە خوێندنەکەیان بە زمانی کوردی درێژە پێ دەدەن".

عه‌بدی ده‌شڵێت: "داوا لە خێزانەکان دەکەین منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەو قوتابخانانەی کە زمانی کوردی دەکەنە بنەمای خوێندن، تاوەکوو ئەم ساڵی خوێندن و قۆناغە گواستنەوەیە بە سەرکەوتویی تێپەڕێت و بتوانین لە ساڵی داهاتوودا ئاستێکی بەرزتر لە بواری خوێندن بە زمانی کوردی بەدەستبهێنین. ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانمان کە پەیوەندیدارن بە زمانی کوردییەوە".

په‌یوه‌ست به‌ خوێندنی پۆلی نۆیه‌م و 12ی ئاماده‌یی، مەزڵووم عه‌بدی رونیكرده‌وه‌، "مەنهەجی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و پۆلی سێیەمی ئامادەیی بەپێی مەنهەجی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو خوێندكاران دەکەم خوێندنی خۆیان بەپێی سیستمی پەروەردەی کوردی تەواو بکەن بۆ ئەوەی داهاتویان مسۆگەر بکەن".

په‌یوه‌ست به‌ زانكۆ، عه‌بدی ده‌ڵێت: "چەندین دیدار و گفتوگۆ هەن سەبارەت بە دۆخی فەرمیی هەردو زانکۆی ڕۆژاڤا و کۆبانێ و تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە، بەڵام هیواخوازین بڕیارێکی گونجاو دەربچێت کە خزمەت بە قوتابییانی هەردو زانکۆ بکات".

داواش له‌ خوێندكاران ده‌كات كه‌ بڕوانامەی ئامادەییان لە قوتابخانە کوردییەکان بەدەستهێناوە، داوا پێشکەش بكه‌ن و پێشبڕکێی وەرگرتن بکەن بەپێی پێوەری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی کورسییەکانیان مسۆگەر بکەن کە لە هەردو زانکۆ ناوبراوەکاندا بەدەست دەهێنن.

پڕۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی لە کوردستانی سووریا لە دوای ساڵی 2012 و دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەرەوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی و بۆ یەکەمجار لە مێژودا سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر بە زمانی دایک (کوردی-کرمانجی) لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندندا جێبەجێ کرا، بەڵام لە ئێستادا (سەرەتای ساڵی خوێندنی 2026-2027)، ئەو سیستەمە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و گۆڕانکاری نوێ بووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.