پێگەی کورد لە ستراتیژیی نوێی ئەمریکادا
کوردپرێس: دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۲۶ی سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی سەربازیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی عێراق و هەروەها کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا و تێکەڵکردنی هێزەکانی ژێر فەرمانی کوردی سووریا لە ناو سوپای ئەم وڵاتەدا، پەیوەندیی واشنتۆن لەگەڵ کوردی عێراق و سووریا دەکەوێتە قۆناغێکی تازەوە. دوای ئەوە، ئەمریکا ئامادەییی سەربازیی ڕاستەوخۆی خۆی کەم دەکاتەوە، بەڵام هەوڵی پاراستنی کاریگەری و نفووزی خۆی دەدات لە ڕێگەی ئابووری، وزە، بازرگانی، ژێرخان و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا. بەپێی شیکارییەک کە لە گۆڤاری مەنارە (چاپی کامبریجی بەریتانیا) بڵاو کراوەتەوە، بەسەرچوونی تێگەیشتنامەی هاوکاریی سەربازیی پێنتایگۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کشانەوەی بڕبڕەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، زیاتر لەوەی بە مانای پچڕانی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کورد بێت، نیشانەی گۆڕانی بنەمای ئەم پەیوەندییەیە.
لە عێراق، کۆتاییهاتنی تێگەیشتنامەی سەربازیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، هاوکاریی ئاسایشیی واشنتۆن لەگەڵ پێشمەرگە دەخاتە قۆناغێکی نادیارەوە. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕۆڵی خۆی زیاتر لە ڕێگەی تۆڕە ئابووری و وزەیییەکانەوە بپارێزێت. ئەم ڕوانگەیە بەتایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگیی هەیە؛ چونکە کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و بەشێکی گرنگی ژێرخانی هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت بۆ جەیحان، هێشتا وەک ئامرازێکی گرنگ لە مامەڵەکردن لەگەڵ واشنتۆندا دەمێنێتەوە. ئەمریکاش بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەکان هەوڵی داوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەم گۆڕانی ڕوانگەیە بێبەش نەبووە. گەشەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ڕۆڵی ئەم کێڵگەیە لە کەمکردنەوەی وابەستەییی عێراق بە گازی دەرەکی، گرنگیی ستراتیژیی ئەم پارتەی بۆ ئەمریکا زیاتر کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، سەرچاوەکانی وزە و پێگەی جوگرافی هێدی هێدی دەبنە ڕەگەزە گرنگەکانی توانای دانوستاندنی کورد بەرامبەر بە واشنتۆن.
لە بەرامبەردا، پێگەی ئەو هێزانەی کە گرنگترین سەرمایەیان توانای سەربازی بووە، لە حاڵی گۆڕاندایە. هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای پێکدادانەکانی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶ و گۆڕانی بارودۆخی سیاسیی سووریا، بەشێکی زۆری پێگەی پێشوویان لە دەست دا و لە ناو سوپای سووریادا تێکەڵ کران. بەپێی نووسراوی ئەم شیکارییە، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و کەمبوونەوەی پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا لە پێشمەرگە نیشانی دەدات کە بەهای سەربازیی هێزی مرۆییی کورد لە بارودۆخی کەمبوونەوەی ئامادەییی ڕاستەوخۆی ئەمریکادا، وەک پێگە و جێگەی پێشووی نەماوە.
لە سووریا، دەستنیشانکردنی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی کوردی سووریا وەک ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا، کەناڵێکی پەیوەندی بۆ کورد و ئەمریکا لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی دیمەشقدا دروست کردووە، بەڵام داهاتووی مافەکانی کورد هێشتا بە چەسپاندنی گەرەنتییە یاسایی و دامەزراوەیییەکانەوە بەستراوەتەوە. مافەکانی وەک پەروەردە بە زمانی کوردی، بەخشینی ڕەگەزنامە بۆ کوردانی بێڕەگەزنامە و بەڕەسمیناسینی هەندێک مافی کەلتووری، لە ئێستادا زیاتر لەسەر بڕیارەکانی سەرۆککۆمار ڕاوەستاون و هێشتا لە دەستووردا پێگەی کۆتاییی خۆیان ندۆزیوەتەوە.
پرسی یەکەکانی پاراستنی ژنانیش وەک یەکێک لە تاقیکردنەوە گرنگەکانی ئەم پەیوەندییە دێتە ئاراوە. دانوستانکارانی کورد داواکاریی پاراستنی ئەم هێزە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریادا دەکەن، بەڵام دیمەشق ڕێکخستنێکی لەم جۆرەی نەنەواندووە و بژاردەی هەڵمژینی هێزەکانی بە شێوازی تاکەکەسی لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا خستووەتە ڕوو. ئەم بابەتە لە ڕوانگەی ڕاپۆرتەکەوە گرنگیی تایبەتی هەیە؛ چونکە نیشانی دەدات ئەو هێزانەی سەرمایەی سەرەکییان سیاسی، کۆمەڵایەتی و هێمایییە، لە نەزمی نوێی ناوچەکەدا بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئەکتەرانەی سەرچاوەی وزە، ژێرخان یان دەروازە بازرگانییەکانیان لە بەردەستدایە، کەرەستەی ئابووریی کەمتریان هەیە.
گۆڤاری مەنارە لە کۆی گشتیدا لەو بڕوایەدایە کە ئەمریکا لە حاڵی جێگرتنەوەی بەشێک لە ئامادەییی سەربازیی ڕاستەوخۆی خۆیدایە بە نفووزی ئابووری و پشتبەستن بە هاوبەشە ناوچەیییەکان. لەم مۆدێلەدا، تورکیا بەرپرسیارێتیی زیاتر لە بواری ئاسایشی سووریا وەستۆی خۆی دەگرێت، بەغدا دەبێت کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا بسەپێنێت و دیمەشقیش بەرپرسیارێتیی ئاسایشیی زیاتری لە سووریا دەبێت. لە بەرامبەردا، واشنتۆن هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وزە، بازرگانی و ڕێگە پەیوەندییەکانەوە هێشتا لە هاوکێشە ناوچەیییەکاندا ئامادەییی هەبێت.
بەم حاڵەشەوە، ئەم مۆدێلە ڕووبەڕووی دژبەرییەکی بنەڕەتی بووەتەوە: ژێرخانە ئابووری و وزەیییەکان بۆ پاراستنی نفووزی ئەمریکا گرنگیی زیاتریان پەیدا کردووە، بەڵام هەمان ژێرخانەکان بێ ژینگەیەکی ئاسایشیی جێگیر، زیانپەژرێن و لاوازن. شەڕی ئەمریکا و ئێران و تێکچوونی بازرگانی و بەرهەمهێنانی وزەی هەرێمی کوردستان، لەوانەش ڕاوەستانی کاتیی چالاکیی کێڵگەی کۆرمۆر و داخرانی ڕاپەڕاندنەکانی ئەچ-کەی-ئین ئێنێرجی، ئەم لاوازییەی دیارتر کردووەتەوە.
کەواتە، ۳۰ی ئەیلوول بۆ کورد بە مانای کۆتاییی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا نییە؛ بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکە کە تێیدا شێوازی ئەم پەیوەندییە دەگۆڕێت. کاریگەری و نفووزی واشنتۆن ئەگەری هەیە کەمتر لەسەر ئامادەییی سەربازی و زیاتر لەسەر وزە، بازرگانی، ژێرخان و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا بوەستێت. بۆ کوردەکانیش ئاستی گرنگییان لە سیاستەکانی ئەمریکادا زیاتر لە ڕابردوو بەستراوەتەوە بە پێگەیان لەم تۆڕە ئابووری و پەیوەندییانەدا و هەروەها توانای چەسپاندنی مافە سیاسی و دامەزراوەیییەکانیان لە پێکهاتە نوێکانی عێراق و سووریادا.
بۆچوونی بەکارهێنەران