یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی بە دووبەرەکیی سەربازیی هەرێمی کوردستان ناهێنێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری لانگ وار ژۆرناڵی سەر بە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان، ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە بارودۆخێکدا بە گرنگ هەڵسەنگاندووە کە هەرێم هاوکات لەگەڵ کشانەوەی پلەبەپلەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەوڵەکانی بەغدا بۆ خستنەناوچوارچێوەی تەواوی هێزە چەکدارەکان لە ناو پێکهاتەی فەرمیی حکومەت و بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ۲۱ی ئەیلوولدا لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر ڕایگەیاند پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەواو بووە. لەم ڕێوڕەسمەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی وەزیرانی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران ئامادە بوون؛ ئامادەبوونی کەسایەتییە باڵاکانی دوو ڕەوتە سیاسییە سەرەکییەکەی هەرێم، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیشاندەری گرنگیی ئەم ئاڵوگۆڕەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو پارتەکەدا.
مەسروور بارزانی ڕایگەیاند پرۆسەی یەکخستنەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراوە و لە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەهرەمەند بووە. بە وتەی ئەو، قۆناغی نوێی چالاکیی پێشمەرگە دەبێت لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازی، وەرگرتنی چەکی پێشکەوتوو، گەشەپێدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و بەرزکردنەوەی توانستە مرۆییەکان چڕ ببێتەوە.
بەپێی نووسراوی لانگ وار ژۆرناڵ، ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە کەمکردنەوەی ڕۆڵی پێکهاتە حزبییەکان بووە لە هێزەکانی پێشمەرگەدا؛ بابەتێک کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ دەیەی ۱۹۹۰ و شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێتەوە. لە درێژەی ئەم ساڵانەدا، هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کردەیی لە دوو پێکهاتەی جیاوازدا چالاکییان کردووە. هێزەکانی ۷۰ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و هێزەکانی ۸۰ سەر بە پارتی دیموکرات بوون و بەشێکی زۆری هێزی زیاتر لە ۱۰٠ هەزار کەسیی پێشمەرگەیان پێک دەهێنا.
لە سەر بنەمای پێکهاتە نوێکە، هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو فەرماندەییی ناوچەییی یەکەم و دووەمدا ڕێک دەخرێن و وەزارەتی پێشمەرگە بڕیارە چاودێری لەسەر ئەم دوو فەرماندەیییە بکات. بەم حاڵەشەوە، گۆڤاری لانگ وار ژۆرناڵ ئاماژە بە تێڕوانینی «نەشناڵ کۆنتێکست» دەکات کە بەپێی ئەوە، پێکهاتە نوێکە ڕەنگە تا ئاستێکی زۆر دابەشبوونی نەریتیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە؛ بە جۆرێک کە فەرماندەکانی پێشووی هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ هێشتا لە سەرۆی دوو فەرماندەیییە نوێکەدا بوەستن.
ئەم بابەتە لەوەدا گرنگیی هەیە کە یەکخستنەوەی پێشمەرگە تەنیا بابەتێکی ڕێکخراوەیی نییە و بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەی ئاسایشیی عێراقیشەوە بەستراوەتەوە. لانگ وار ژۆرناڵ دەنووسێت ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکخستنەوە لە بارودۆخێکدا هاتە ئاراوە کە حکومەتی عێراق لە حاڵی گوشارداندایە بۆ خستنەژێرکۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە. لەم ڕوانگەیەوە، کەوتنەژێر سێبەری فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا بەهێز بکات و نیشانی بدات کە هێزە چەکدارەکانی هەرێمیش لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەسەڵاتدا چالاکی دەکەن.
نووسەر هەروەها ئاماژە بە بابەتی مووچە و ئیمتیازەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات. شورش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە گوتبووی یەکخستنەوە دەتوانێت زەمینەی وەرگرتنی پشکی داراییی ڕێکخراوتر لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دابین بکات. ئەو هەروەها ڕایگەیاندبوو مووچەی سەربازێکی عێراقی نزیکەی دوو ئەوەندەی مووچەی هێزێکی پێشمەرگەیە و دەبێت ئەم جیاوازییە لا ببڕێت. مەسر,ور بارزانیش داوای یەکسانکردنی مووچە و ئیمتیازەکانی پێشمەرگەی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراقدا کردبوو.
لە هەمان کاتدا، لانگ وار ژۆرناڵ بابەتی بەرگریی ئاسمانییش بە یەکێک لە داواکارییە گرنگەکانی هەرێم دەزانێت. سیروان بارزانی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، هیوای دەربڕیبوو کە پێکهاتە نوێکە ئیمکانی زیادکردنی توانستە سەربازییەکانی هەرێم، لەوانەش لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا، دابین بکات. ئەم بابەتە لە بارودۆخێکدا هاتووەتە ئاراوە کە بەرپرسانی هەرێم لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەربڕینی نیسگەرانییان بەرامبەر بە هێرشە جۆراوجۆرەکان بۆ سەر ناوچەکانی ئەم هەرێمە کردبوو.
بەغداش پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە کردووە. عەلی زەیدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق، ئەم هەنگاوەی بە هۆی بەهێزبوونی ئاسایشی نیشتمانی و قایمبوونی کاری دامەزراوەیی زانیوە و خستوویەتییە ناو چوارچێوەی هەوڵە بەربڵاوترەکانی عێراق بۆ جێگیرکردنی «یەکێتیی بڕیاری بەرگری» لە وڵاتدا.
بەم حاڵەشەوە، لانگ وار ژۆرناڵ هاوکات بیر دێنێتەوە کە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێشتا بەردەوامە. نزیکەی دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، پێکهێنانی کابینەی دەیەم هێشتا یەکلا نەبووەتەوە و پەرلەمانی هەرێمیش چالاکییەکانی خۆی دەست پێ نەکردووە. لە ڕوانگەی ئەم ڕاپۆرتەوە، بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکە دەتوانێت هێشتا کاریگەری لەسەر ڕەوتی دروستکردنی پێکهاتەیەکی سەربازیی بە تەواوی یەکگرتوو دابنێت.
لە کۆی گشتیدا، ڕاپۆرتی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان یەکخستنەوەی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو فەرمیتربوونی پێکهاتەی سەربازیی هەرێم، زیادبوونی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و ڕەخساندنی زەمینە بۆ وەرگرتنی پشتیوانی و کەرەستەی زیاتر هەڵدەسەنگێنێت؛ بەڵام هێشتا میراتی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ناو پێکهاتەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران