خبر 2026-09-26 14:12 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتی ١٥٣ قوربانیی ئەنفال بە هەرێمی کوردستان

دەزگای شەهیدانی عێراق ئەمڕۆ، شەممە، ڕوفاتی ١٥٣ قوربانیی ئەنفال کە هەموویان ژن و منداڵن، ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم ڕوفاتانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزراونەتەوە و بۆ بەخاکسپاردنی کاتی دەگوێزرێنەوە، تا پشکنینە زانستی و تاقیگەییەکان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیان ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنبوانی سەر بە دەزگای شەهیدان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی، ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی کاروانێکی نوێی ڕوفاتی شەهیدانی ئەنفال کە ژمارەیان ١٥٣ تەرمە.

ئەم ڕوفاتانە پێشتر لەلایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بادیەی سەماوە دەرهێنراونەتەوە؛ ئەو ناوچەیەش یەکێک بووە لە شوێنەکانی بێسەروشوێنکردنی قوربانیانی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە.

بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان، ڕوفاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەگوێزرێنەوە تا بە شێوەیەکی کاتی بەخاک بسپێردرێن، تاوەکو پشکنینە زانستی و تاقیگەییەکان بۆ دیاریکردنی ناسنامەی وردی هەر یەکێک لە قوربانییەکان کۆتایی پێ بێت. دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە، ڕوفاتەکان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.

دەزگای شەهیدان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە «ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی ئێمە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی قوربانیان و پاراستنی شکۆی ڕوفاتەکانیان»، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شایستە بە خاک بسپێردرێن و مافی یاسایی خێزانەکانیان جێگیر بکرێت.

پڕۆسەکانی ئەنفال زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی ڕژێمی بەعس بوو لە ساڵی ١٩٨٨ دژی گەلی کورد، کە تێیدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان لەناو بران و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران.

دوای ساڵی ٢٠٠٣، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دۆزرانەوە و ڕوفاتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە. بەڵام هێشتا چارەنوسی ژمارەیەکی زۆر لە بێسەروشوێنبوان نادیارە و ڕوفاتەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.