خبر 2026-09-24 16:59 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ڕووفاتی ٢٥ کوردی ئێزدی دەگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان

لە قۆناغی نۆیەمدا هەفتەی داهاتوو ڕووفاتی ٢٥ قوربانیی ئێزدی لە بەغداەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ شنگال.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قۆناغی نۆیەمی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییانی دەستی داعش جێبەجێ دەکرێت و ٢٥ تەرمی ناسراوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ شنگال. ئەم رووفاتانە دوای تەواوبوونی پشکنینەکانی پزیشکی داد لە بەغدا، لە مەراسیمێکی فەرمیدا رادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە بۆ بەخاکسپاردنیان، لە کاتێکدا هێشتا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنوورەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.

بە گەڕاندنەوەی ئەم کاروانە نوێیە، کۆی گشتیی رووفاتە گەڕێنراوەکان بۆ شنگال دەگاتە ٣٢٠ رووفات. لە سنووری قەزای شنگال ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و تاوەکو ئێستا ٦٨ گۆڕیان بە فەرمی هەڵدراونەتەوە. لە کۆی ئەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە، رووفاتی ٧٩٨ قوربانی بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی رەوانەی پزیشکی دادی بەغداد کراون.

لە هەشت قۆناغی ڕابردوودا، رووفاتی ٢٩٥ هاونیشتمانیی ئێزدی دوای ناسینەوەیان گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

بەوتەی حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، زیاتر لە ٦ هەزار هاونیشتمانیی ئێزدی رفێندران. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا ٣ هەزار و ٥٩٠ کەسیان لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار کراون، بەڵام چارەنووسی ٢ هەزار و ٥٥٤ کەسی دیکەیان تاوەکوو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.

مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان، پیاوان و منداڵانی ئێزدی بە ٤ هەزار کەس خەمڵاندبوو. هەروەها لە ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرا کرابوو کە لەنێوان ٢ هەزار و ١٠٠ بۆ ٤ هەزار و ٤٠٠ حاڵەتی کوشتن، و لەنێوان ٤ هەزار و ٢٠٠ بۆ ١٠ هەزار و ٨٠٠ حاڵەتی ڕفاندن لەلایەن ئەو گرووپەوە لە شنگال و دەوروبەری ئەنجامدراوە.

زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.