مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا دەچەسپێنرێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد سیاسەتمەداری دیاری کورد ئاشکرایکرد، هەنگاوە نوێیەکەیانیان لەسەر بنەمای چەسپاندنی مافە دەستووری و کلتوورییەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بونیادنراوە، بە جۆرێک کە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا، هاوکات تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیش لەگەڵ سوپای سووریا لەخۆدەگرێت.
دەشڵێت، دۆسیەی کورد گواستراوەتەوە بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی و لە قۆناغی داهاتووشدا چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا دەبێتە پێشینەی کارەکانیان، بەجۆرێک کە سەرجەم مافە زمانی و کلتورییەکان زامن ببن و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و سەربازی، ئاماژەی بەوە کرد، پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە لە پرۆسەی پەیوەندیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریاوە بەشێوەی گروپ، جەختیشی کردەوە، پڕۆسەی تۆمارکردنی ئەندامانی ئاسایش و تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دەزگا دەوڵەتییەکانی سوریادا بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەو هەنگاوانەی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێن، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەم و بە دانوستان و رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدرێن.
ڕوونیشی کردەوە، هیچ هەنگاوێکی تاکلایەنە لەلایەن هیچ لایەکەوە نانرێت تاوەکوو سەقامگیریی لە ناوچەکە و ئاگربەستی هەمیشەیی بە تەواوی مسۆگەر بێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران