یەکەمین خەڵاتی نێونەتەوەیی مەستوورە؛ هەوڵێک بۆ ناساندنی ژنانی کاریگەری کورد
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەرپرسانی زانکۆی کوردستان و ئەندامانی پەیوەندیدار بە خەڵاتەکە، باسیان لە ئامانج و پێوەرەکانی خەڵاتی مەستوورە، پێکهاتەی کۆمیتەکان و گرنگی ناساندنی ژنانی کورد کرد.
دکتۆر یادگار کەریمی سەرۆکی توێژینگەی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستان وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی و هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان، جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی کوردستان تەنها شوێنێک بۆ فێربوون و توێژینەوە نییە، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی زانکۆی نەوەی چوارەمدا، وەڵامدەرەوەی پێویستی و پرسەکانی کۆمەڵگەی خۆی بێت. بەپێی ئەم ڕوونکردنەوانە، خەڵاتی مەستوورەش لە هەمان چوارچێوەدا هەنگاوێکە بۆ ناساندنی ژنانی کورد و بەرهەم و کاریگەرییەکانیان.
چوار بوار بۆ خەڵاتەکە
دکتۆر بەیان عەزیزی، دەبیری جێبەجێکاریی خەڵاتی مەستوورە؛ پاشخان و تایبەتمەندییەکانی خەڵاتەکەی شی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوی مەستوورە تەنها ناوێکی هەڵبژێردراو نییە، بەڵکوو پاشخانێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە.
هەروەها بەیان عەزیزی ئاماژەی بەوە کرد کە پێوەرەکانی هەڵبژاردن تەنها یەک ڕەهەند ناگرێتەوە، بەڵکوو ڕەهەندە جیاوازەکان و بابەتی ڕێزلێنان لە کەسایەتی و کارەکانیان لەبەرچاو دەگیرێن.
بەپێی ڕوونکردنەوەکانی ناوبراو، خەڵاتی مەستوورە بە شێوەیەکی «سێلێکتیڤ» دانراوە و چوار بوار دەگرێتەوە:
1. زانست و زانستە تایبەتەکان، زانستە بنەڕەتیەکان لەوانە فیزیا و کیمیا و بیرکاری و ...
2. کاروباری کۆمەڵایەتی و خولقاندنی هەلی کار؛
3. فەرهەنگ، ئەدەب و هونەر.
4. عیرفان و بوارە پەیوەندیدارەکان بە ژنان.
لە هەمان کاتدا جەخت لەوە کرایەوە کە مەبەست تەنها خەڵاتکردنی ناوی ناسراوەکان نییە، بەڵکوو دۆزینەوە و ناساندنی ژنانی کاریگەرە؛ بە تایبەتی ئەو ژنانەی لە شوێن و کۆمەڵگەی خۆیان کاریگەرییان هەبووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ناسراو نین.
«ژنانی ناودار» یان «ژنانی کاریگەر»؟
یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی خەڵاتی مەستوورە، جیاکردنەوەی نێوان «ناوبانگ» و «کاریگەری»یە. لە کۆبوونەوەکەدا ڕوونکرایەوە کە ژنانى ناودار خۆیان تاڕادەیەک ناسراون، بەڵام مەحەوری سەرەکیی خەڵاتەکە ژنانی کاریگەرن؛ ئەو ژنانەی بەهۆی کار و تێکۆشانەکانیانەوە کاریگەرییان لە کۆمەڵگەدا دروست کردووە.
بۆ ئەمەش کۆمیتەیەکی میدیایی تایبەت بۆ خەڵاتەکە پێشبینی کراوە تا لە ڕێگەی میدیاوە کار و بەرهەمی ژنانی کاریگەری کورد زیاتر بخرێتە بەرچاوی کۆمەڵگە.
مەستوورە؛ هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی خەڵات
دکتۆر بەهرامنژاد لەبارەی مەستوورە ئەردەڵانەوە ئەوەی خستەڕوو کە مەستوورە لەو ژنانە بووە کە لە سەردەمی خۆیدا خوێندنی زانستی هەبووە و توانێتی لە چەندین بواردا خۆی نیشان بدات.
بەپێی ئەو ڕوونکردنەوانە، مەستوورە تەنها «وەقایعنووس» نەبووە، بەڵکوو بە مێژوونووس ناسراوە و مێژووی پێش خۆی نووسیوە و لە کۆتایی بەشێک لە نووسینەکانیدا، ئەو ڕووداوانەشی تۆمار کردووە کە خۆی بینیویەتی.
هەروەها باس لە توانای زمانی عەرەبی و فارسیی مەستوورە کرا و ئەوەی کە توانای خوێندنەوەی سەرچاوەکان بە زمانی عەرەبی هەبووە. کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەو لەسەر ژنانی هاوچەرخی خۆی، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی باسەکە بوو.
لە مەستوورەوە بۆ ژنانی ئەمڕۆ
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناساندنی ژنانی کورد نابێت تەنها بە کەسانی مێژوویی و ناودار سنووردار بێت.
دکتۆر بەیان کەریمی لەمبارەوە وتی ژنانی کورد سەرەڕای هەموو کۆسپەکان تایبەتمەندی و توانای خۆیان هەیە و ناساندنی ئەو ژنانە دەتوانێت ببێتە ئەرکی هەموو ئەو کەسانەی گرنگی بە مێژوو و کەلتووری کوردی دەدەن. لە هەمان چوارچێوەدا ئاماژە بەوە کرا کە لە ناو ژاوەژاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستە سەرنج بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و «ماڵی خۆمان»، بۆ ئەو کەسانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا کاریگەری دروست دەکەن.
ئەساسنامە و پێوەرەکانی هەڵبژاردن
بەپێی ڕوونکردنەوەی بەرپرسانی خەڵاتەکە، بۆ خەڵاتی مەستوورە ئەساسنامەیەک ئامادە کراوە و لە پرۆسەی ئامادەکردنی ئەو ئەساسنامەیەدا، کۆبوونەوە و دانیشتنی جۆراوجۆر بەڕێوەچووە.
دکتۆر بەیان کەریمی دەبیری زانستی سوپاسی شۆڕای سیاسەتگوزاری کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە ئەساسنامەیەک دابین بکەن کە بوارە جیاوازەکانی خەڵات بگرێتەوە.
تالاری مەشاهیر و بەردەوامی ناساندن
لە چوارچێوەی ئەساسنامەکەدا، باس لە بۆنە و بەرنامە جۆراوجۆرەکان و هەروەها دامەزراندنی «تالاری مەشاهیر» بۆ ژنانی کورد کراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەم خەڵاتە، ئامانجی سەرەتایی خەڵاتەکە ناساندنی ژنانی کاریگەری کوردە، بەڵام ئامانجی کۆتایی دەرخستنی کاریگەرییەکانیانە؛ بۆ ئەوەی تێکۆشان و بەرهەمەکانیان ببنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەی نوێ.
ئەزموونی خەڵاتە پێشووەکان
لە وەڵامی پرسیارێکی هەواڵنێری کوردپرێسدا سەبارەت بە پێوەری نێونەتەوەیی بوونی خەڵاتەکە چییە؟ بەرپرسانی خەڵاتەکە ئاماژەیان بەوکرد کە ئەم خەڵاتە هەموو ژنانی کورد بە هەموو زاراوە و ئایین و بیر و باوەڕێکەوە لەهەر شوێنێک کە بن دەگرێتەوە و ڕێزیان لێدەگیردرێت و هەورەها ئاماژەش بە ئەزموونی خەڵاتی «قەڵەمی هەژار» کرا و وتیان ئەزموونی ئەو خەڵاتە، لەگەڵ خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی، لە پرۆسەی دانانی خەڵاتی مەستوورەدا لەبەرچاو گیراوە.
لە وەڵامی پرسیاری دیکەی هەواڵنێری کوردپرێسدا سەبارەت بەوەی کە ژنێک لە گوندێکی نەناسراودا چۆن دەتوانێت خۆی بەم خەڵاتە بناسێنێت و خۆی بگەیەنێت بە پڕۆسەی کاندیدبوون و ئایا سیستەمێکی تایبەت بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانە هەیە؟؛ دکتۆر سروە مێنبەری دەبیری جێبەجێکاریی خەڵاتەکە ڕایگەیاند: لیژنەیەکمان تایبەت بۆ دۆزینەوەی ئەم کەسانە ڕاسپاردووە کە بە چەندین شێوە لەوان سەردانی گوندەکان و یارمەتی وەرگرتن لە ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی نێونەتەوەیی بەشێوازی ئۆنلاین و تەلەفۆنی زانیارییەکان لەبارەی ئەو کەسانە کۆ دەکرێتەوەو دەگوازرێنەوە بۆ لیژنەی زانستی خەڵاتەکە.
دکتۆر مێنبەری زیادی کرد: لە کۆتاییدا ناوی هەموو بەربژێران لە فۆرمە تایبەتەکاندا بە ئاوڕدانەوە بەو توانست و ئەو پێگەیە کە هەیانە ڕادەستی داوەرەکان دەکرێت و 4 کەس وەکوو براوە خەڵات و چوار کەسیش وەکوو شایانی ڕێز لە چوار بواری سەرەکیدا، دەناسێندرێن.
لەدرێژەی دانیشتنە ڕۆژنامەوانیەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی خەڵاتی مەستوورە کرا و ڕۆڵی زانکۆی کوردستان، پارێزگاری کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە پشتیوانی ئەم خەڵاتەدا خرایەڕوو.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە هیوا دەخوازن خەڵاتی مەستوورە ببێتە هەنگاوێک بۆ ناساندنی ژنانی کورد؛ نەک تەنها ئەوانەی ناویان لە مێژوو و میدیاکاندا تۆمار کراوە، بەڵکوو ئەو ژنانەش کە لە گوند و شار و بوارە جیاوازەکاندا بەبێ ناوبانگی زۆر، کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان لە کۆمەڵگەدا هەبووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران