خبر 2025-10-27 09:59 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی؛

شاندێکی بازرگانیی تورکیا ئامادەیی بۆ وەبەرهێنان لە سلێمانی دەربڕێت

نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای تورکیا لە پارێزگای سلێمانین و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگاکە دەڵێت: کۆمپانیاکان ئامادەیی تەواویان بۆ وەبەرهێنان لە چەندین بواردا دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە ۲۷-۱۰-۲۰۲۵ شاندێکی ژووری بازرگانیی تورکیا کە نوێنەرانی ۱۱ کۆمپانیای لەخۆگرتووە، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیان کرد.

نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد: بڕیارە شاندەکە لەگەڵ خاوەن کۆمپانیا و بازرگانانی پارێزگاکە کۆ ببێتەوە.

کۆمپانیاکانی تورکیا لە چەندین بواری جیاجیا کاردەکەن. نەوزاد غەفوور گوتی، سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان گفتوگۆیان کردووە و کۆمپانیاکان ئامادەیی تەواویان بۆ وەبەرهێنان لە چەندین بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ لە پارێزگاکە دەربڕیوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بە بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی: ''کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان هەیە تورکیا دەبێ؛ هەروەها ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دەکرێ".

هاوکات نەواف کڵچ، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی لە تورکیا کە سەرپەرشتیی شاندەکە دەکات، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و رایگەیاند: ''دەمانەوێ لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەین و ژمارەیەک کارگە بکەینەوە".

نەواف کڵچ ڕایگەیاند: ئەوان خوازیارن پەیوەندییە بازرگانییەکانی پارێزگای سلێمانی و تورکیا پتەوتر ببن و ''لە بوارەکانی وەک کەرتی گەشتیاری و کشتوڵدا وەبەرهێنان دەکەین".

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی ۲۰۲۳دا ۲۰ ملیار دۆلار و ساڵی ۲۰۲۴یش نزیکەی هەمان بڕ بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.