ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە پلانی نوێی بۆ دادەنرێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەعید شێرکۆوەند ڕاوێژکاری بریکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکدا ڕۆژی یەکشەمە 9ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 30ی حوزەیرانی 20198 ئاماژەی بە قۆناغی سەختی ئابووری لە ئێران کرد و ڕایگەیاند پارێزگای کوردستان سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و ئەوەش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زیاتر بەتایبەتی لە بەرهەمە نانەوتییەکان.
ڕاوێژکاری بریکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووری گوتیشی دەروازەی سنووری باشماخ دەوڵەمەند دەکرێت و ئەو دەرفەتە گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە بەکار دەهێنین بۆ ئەوەی یارمەتیی کەرتی ئابووریی ئێران بدەین کە بەو قۆناغە دژوارەدا تێپەڕ دەبێت.
شێرکۆوەند داوای لە بەرپرسانی پارێزگای کوردستانیش کرد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی سەرمایەدانەری زیاتر بۆ پارێزگاکە ڕابکێشن و گوتیشی گوێ لە قسە و باس و توانجی هیچ لایەنێک نەدەن و تواناکانیان بخەنە خزمەتی ئاوەدانکردنەوەی زیاتری پارێزگای کوردستان.
سنووری باشماخ یەکێکە لە گرینگترین دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان کە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان مەرزی هاوبەشیان هەیە و ڕۆژانە بە ڕێژەیێکی زۆر گەشتیار و بازرگان ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لەو سنوورەوە ئەنجام دەدەن و گەورەترین سنووری بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە.
بۆچوونی بەکارهێنەران