وته‌بێژی پارتی: په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو هه‌ندێک جار له هاوپه‌یمانێتی به‌هێزتر بوووه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 31ی کانوونی دووهه‌می 2019 له پرێس کۆنفرانسێکی هاوبه‌شدا که دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئه‌نجام درا خه‌لیل ئیبراهیم سه‌رکرده‌ی باڵای یه‌کگرتوو ڕایگه‌یاند که ئه‌وان له بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون پاشگه‌ز نابنه‌وه به‌ڵکوو چاودێریی کاره‌کانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت ده‌که‌ین.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه مه‌حموود محه‌ممه‌د گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌یان بۆ لای یه‌کگرتوو ڕوونی کرده‌وه که پێشتر بڕیاریان دابوو سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌کان بکه‌ن و گوتیشی: "ئێمه له کۆمه‌ڵگه‌یێک ده‌ژین، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک جیاوازیی فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌که پێویستی به هه‌بوونی هه‌موومان هه‌یه چ له ده‌سه‌ڵات و چ له ئۆپۆزسیۆن بین. کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌ن که ده‌بێت بیانپارێزین."
ناوبراو باسیشی له‌وه کرد که دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانی پارتی و یه‌کگرتوو تازه نییه و له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا کۆ بوونه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیشمان نه‌بووبێت، په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیمان هه‌ندێک جار له هاوپه‌یمانی به‌هێزتر بوووه بۆیه هیوای خواست که ئه‌و پێکه‌وه‌بوونه له سوودی خه‌ڵکی کوردستان بێت.
مه‌حموود محه‌ممه‌د ئاشکرای کرد: "ئێمه له جوگرافیایێک ده‌ژین که هه‌موو جوگرافیاکه له هه‌ڵچووندایه و ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان هه‌یه، هاتووین ده‌ستی دۆستایه‌تیی خۆمان و یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان درێژ بکه‌ین و پێکه‌وه به‌رگه‌ی ئه‌م قۆناغه بگرین که پێشبینی ده‌که‌ین کۆمه‌ڵێک ڕووداو له پێش بن، ئێمه نه‌بینه سووته‌مه‌نی."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران